زانكۆی سۆران ماسته‌ری فه‌خری به‌خشییه‌ قوتابییه‌كی شه‌هید

DSC 9604

 

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٣٠/١٠/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێزان "د. موسڵیح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، "سه‌ربه‌ست له‌زگین" بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كاربه‌ده‌ستانی حیزبی وحكومی ده‌ڤه‌ری سۆران، مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆ و رێژه‌یه‌كی به‌رچاو میوان، له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری فه‌خری به‌خشرایه‌ قوتابی و پێشمه‌رگه‌ "شه‌هید عه‌بدوڵا حسێن مامه‌ند".

له‌م رێوڕه‌سمه‌دا، كه‌ بنه‌ماله‌َی شه‌هیدیش ئاماده‌ی بوون، به‌ راگرتنی چه‌ند خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ گیانی شه‌هیدانی كوردستان، ده‌ستیپێكرد. دواتر وتاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "سه‌ربه‌ست له‌زگین" بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، پێشكه‌شكرا. به‌ڕێزیان له‌ وتاره‌كه‌یاندا، وێڕای ئاماژه‌كردن به‌ خه‌بات وقوربانیدانی پَێشمه‌رگه‌ و نیشاندانی رێز به‌ رامبه‌ر به‌ گیانی شه‌هیدان و به‌تایبه‌ت شه‌هید عه‌بدوڵا، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ئێستا له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ده‌رچووانی زانكۆكانی  كوردستان پێشمه‌رگه‌ن. دواتر زۆر به‌ گه‌رمی سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران و ئه‌نجوومه‌نی زانكۆی كرد، بۆ پێدانی ئه‌و ماسته‌ره‌ فه‌خرییه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هید.

پاشان وتاری بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"م. یاسین حسێن مامه‌ند" پێشكه‌شكرا، كه‌ تێیدا تیشكی خستبووه‌ سه‌ر ژیان و خه‌ون و ئاره‌زووه‌كانی شه‌هید و ئاواتی ناوبراو بۆ به‌رگری له‌ كوردستان.

دوای ئه‌وه‌، كورته‌ ڤیدیۆیه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ژیاننامه‌ی شه‌هید پێشكه‌شكرا.

ئینجا به‌ڕێز "د. موسڵیح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. به‌ڕێزیان له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا گوتی: سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌دا، بڕیاری دا ماسته‌ری فه‌خری ببه‌خشێته‌ شه‌هید. ئه‌م ماسته‌ره‌ جێگای به‌هه‌شتی شه‌هید عه‌بدوڵا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵام دڵدانه‌وه‌یه‌كی مه‌عنه‌وییه‌ بۆ گیانی پاكیان و خانه‌واده‌كه‌یان، هه‌روه‌ها بۆ ئێمه‌ش به‌جێگه‌یاندنی  ئه‌و ئه‌ركه‌ ئه‌خلاقی و نیشتمانییه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م په‌یكه‌ر و هه‌یبه‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هیددا.

له‌ دوا به‌شی به‌رنامه‌كه‌دا, بڕوانامه‌ی ماسته‌ری فه‌خری به‌خشرا به‌ شه‌هید عه‌بدوڵا، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆوه‌ پێشكه‌ش به‌ باوكی شه‌هید كرا.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ "شه‌هید عه‌بدوڵا حسێن مامه‌ند", قوتابی ماسته‌ر بوو له‌ به‌شی وه‌رزشی فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ی زانكۆ، كه‌ له‌ رێكه‌وتی ٢٠/١٠/٢٠١٦، له‌شه‌ڕی دژ به‌ تاریكپه‌رستانی داعش، له‌ پێناوی پاراستنی كوردستان، شه‌هید بوو.