رێوڕه‌سمێك بۆ رێزگرتن له‌ راگری پێشووی فاكه‌ڵتی یاسا و پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی راگری نوێی فاكه‌ڵتییه‌كه‌

Slider

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٥/١١/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ، راگری فاكه‌ڵتییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستاو قوتابییانی فاكه‌ڵتی یاسا وپێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، به‌ مه‌به‌ستی رێزلێنان له‌ راگری پێشووی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان"د. كامه‌ران ساڵه‌یی" و پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی راگری نوێی فاكه‌ڵتییه‌كه‌ "د. هێمن میرانی"، رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ رێوڕسمه‌كه‌دا، دوای راوه‌ستانی چه‌ن ساتێك بۆ رێزگرتن له‌ گیانی شه‌هیدان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوێنه‌ری مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر و قوتابییانی فاكه‌ڵتی یاسا، یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و راگری فاكه‌ڵتییه‌كان، وته‌یان پێكه‌شكرد و، تیشكیان خسته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان. دواتر وێڕای نیشاندانی رێز وپێزانین به‌رامبه‌ر به‌ راگری پێشوو و كارووچالاكییه‌كانی، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونیشیان له‌ راگری نوێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.

دواتر به‌ڕێز "د. كامه‌ران ساڵه‌یی"، راگری پیشووی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و سوپاسی هه‌موو لایه‌ك و به‌تایبه‌ سه‌رۆكی زانكۆی كرد بۆ پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی و هه‌روه‌ها رێكخستنی ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ و، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوارساڵی رابردوودا، له‌ زانكۆی سۆران به‌ گیانی یه‌ك تیمی كاركردن، توانیمان زۆر ده‌سكه‌وتی باش به‌ده‌ستبێنین. دواتر پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ راگری نوێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

پاشان به‌ڕێز "د. هێمن میرانی" راگری نوێی فاكه‌ڵتی یاسا، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. له‌ وته‌كه‌یاندا، به‌ڕێزیان تیشكی خسته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی زانكۆی سۆران و، سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كرد بۆ پێدانی ئه‌و متمانه‌یه‌. هه‌روه‌ها وێڕای به‌رز نرخاندنی كارووچالاكییه‌كانی راگری پێشوو و ئاڕاسته‌كردنی سوپاس و پێزانین، هیوای خواست له‌ داهاتووشدا، بتوانن سوود له‌ ئه‌زموون و توانسته‌ ئه‌كادیمییه‌كانی وه‌ربگرن، تا پێكه‌وه‌ بتوانرێ گه‌شه‌ی زیاتر به‌ فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدرێ.

له‌ دوابه‌شی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ سۆران، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. به‌ڕیز سه‌رۆكی زانكۆ له‌ به‌شێك له‌ وته‌كه‌یاندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ وه‌كو زانكۆی سۆران پێمان وایه‌ نه‌ریتێكی جوان و له‌جێیه‌، له‌ دوای ده‌ستله‌كارهه‌ڵگرتن، رێز له‌و كه‌سانه‌ بگرین، كه‌ ئه‌رك و ماندووبوونیان كێشاوه‌ و له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێشبردنی زانكۆدا، رۆڵیان هه‌بووه‌. هاوكات پیرۆزبای له‌وانه‌ش بكه‌ین، كه‌ تازه‌ له‌ وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی نوێدا، ده‌ستبه‌كارده‌بن، تا بتوانین كه‌شێكی یارمه‌تیده‌ر  بۆ گه‌شه‌سه‌ندنه‌ به‌رده‌وامه‌كان بخوڵقێنین. هه‌ر له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، وێڕای ئاماژه‌ كردن به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی راگری پێشوو، تیشكی خست سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌، له‌ زانكۆی سۆران به‌رده‌وام ده‌بێت و سوپاس و پێزانینی خۆی له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و ماندووبوونی چوارساڵی رابردووی به‌ڕێزیان، نیشان دا. دواتر پیرۆزبایی له‌ به‌ڕیز راگری نوێی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ به‌ سه‌رنجدان له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رزه‌كانی به‌ڕێزیان و به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونی رابردوو، دڵنیام له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ.

له‌ دوا بڕگه‌شدا، سوپاس و پێزانین و دیاری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكی زانكۆ و راگری نوێی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پێشكه‌ش به‌ به‌رێز "د. كامه‌ران ساڵه‌یی" كرا.