رێوڕه‌سمی نۆیه‌مین خولی دەرچووانی زانكۆی سۆران به‌ڕێوه‌چوو

Sli

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٩/١١/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵیح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستا و میوان و ماڵباتی قوتابییان، رێوڕه‌سمی نۆیه‌مین خولی ده‌رچووانی زانكۆی سۆران، به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ده‌ستپیكی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌ده‌م سروود و مارشی زانكۆ، هاتنه‌ ناو هۆڵه‌كه‌وه‌. پاشان چه‌ند ساتێك راوه‌ستان به‌ده‌م سروودی ئه‌ی ره‌قیبه‌وه‌ بۆ رێزگرتن له‌ گیانی پاگی شه‌هیدان، راگه‌یه‌ندرا.

له‌ بڕگه‌ی دواتردا، وتاری لێژنه‌ی ئاماده‌كاری رێوڕه‌سمی ده‌رچووان، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان، پێشكه‌شكرا.

پاشان ڤیدیۆیه‌كی تایبه‌ت به‌ زانكۆی سۆران و ده‌سكه‌وت و خولیا و ڤیژنه‌كانی، به‌ ناونیشانی (له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ خوڵقاندن، له‌ رێڕه‌وی سه‌ركه‌وتندا)، نیشانی ئاماده‌بووان درا.

ئینجا نۆره‌ گه‌یشته‌ سه‌ر به‌ڕێز "د. موسڵیح مسته‌فا" بۆ پێشكه‌شكردنی وتاری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، كه‌ هاوكات به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌رێز وه‌زیری خوێندنی باڵا، وتاره‌كه‌ی پێشكه‌شكرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا، وتاری قوتابییانی ده‌رچوو له‌ لایه‌ن قوتابی به‌ڕێز"ره‌نجبه‌ر موكسی"، پێشكه‌شكرا.

ئینجا نۆره‌ گه‌یشته‌ سه‌ر سوێندی ده‌رچووان، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "د. نه‌هرۆ زاگرۆس"، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی، خوێندرایه‌وه‌.

دواتر، له‌ سه‌ر بنه‌مای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی فه‌خری، به‌خشرایه‌ دوو قوتابی زانكۆی سۆران، كه‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌ تاریكپه‌رستانی داعشدا، شه‌هید ببوون.  بڕوانامه‌كان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆوه‌، پێشكه‌ش به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و دوو شه‌هیده‌ كران، كه‌ بریتی بوون له‌ "شه‌هید زێره‌ڤان ئه‌كره‌م عه‌بدولجه‌بار" و"شه‌هید شه‌وقی عومه‌ر عه‌لی".

دوایین بڕگه‌ی رێوڕه‌سمه‌كه‌ش ته‌رخانكرابوو بۆ داواكردنی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ لایه‌ن به‌ڕێزانی راگری فاكه‌ڵتییه‌كان و پێشكه‌شكردنی له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ له‌م خوله‌ی ده‌رچوواندا، حه‌فتسه‌د و په‌نجا و نۆ قوتابی، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان له‌ پسپۆڕییه‌كانی پینج فاكه‌ڵتی زانكۆی سۆران به‌ده‌ستهێنا.

وێنە: هادی حوسێن، جەمال فەتاح