رۆژی چوارشه‌ممه رێكه‌وتی ١٩/١٢/٢٠١٨، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له مامۆستا، قوتابی و میوان، له رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، وه‌ك دوو نموونه‌ی باڵا، رێز و پێزانینی زانكۆی سۆران به‌خشرایه به‌ڕێزان "م. زرار محه‌ممه‌د" و "ته‌یب موعته‌سه‌م".
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، دوای راوه‌ستانی چه‌ند ساتێك بۆ رێزگرتن له گیانی شه‌هیدانی كوردستان و به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، دوو كورته فیلم له‌سه‌ر ژیان و ئه‌زموونی هه‌ردوو به‌ڕێزان پێشكه‌شكران.
دواتر له وته‌یه‌كدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه زانكۆ پێویسته ئاوێته‌ی كۆمه‌ڵگا بێت و سوود له ئه‌زموونه‌كانیشی وه‌ربگرێ، تا دواتر بتوانێ به باشترین شێوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دابنێته‌وه. له دریژه‌ی وته‌كانیشیدا، به‌ڕێزیان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه، كه هه‌لبژاردنی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌یه به هه‌موو لایه‌ك بڵێین، مرۆڤ ئه‌گه‌ر دڵسۆزی، باوه‌ڕبه‌خۆبوون، ئیراده و هه‌ستی خزمه‌تكردنی هه‌بێ، ده‌توانێ هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان به چۆكدا بێنێ و دواجار ببێته نموونه‌ی هه‌مووان، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ "م. زرار" و "كاك ته‌یب" دا، ده‌یبینین.
دواتر رێزلێنانی زانكۆی سۆران به‌خشرایه به‌ڕێزان "م. زرار محه‌ممه‌د" و "ته‌یب موعته‌سه‌م". ئه‌وانیش به نۆره‌ی خۆیان له وته‌یه‌كی كورتدا، ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌و پێزانینه ده‌ربڕی و سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆرانیان كرد.
شایه‌نی باسه "م. زرار محه‌ممه‌د"، ته‌مه‌نێكه خزمه‌تی هونه‌ر و كولتووری كوردی ده‌كات و هه‌میشه له پێگه‌یاندنی گه‌نجاندا، رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه و به‌شێكی به‌رچاو له مۆسیقاژه‌نه به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان، له‌ژێرده‌ستی ناوبراو، فێری هونه‌ری مۆسیقا بوون.
هه‌رچی "كاك ته‌یب موعته‌سه‌م"یشه، سه‌ره‌ڕای كه‌مئه‌ندامی، به‌ڵام هچكات كۆڵی نه‌داوه و به‌رده‌وام بووه له داهێنان و كاركردن. هه‌ر له وێنه‌كێشان و دیزاینه‌وه بگره تا كاسبی و به‌ده‌ستهێنانی بژێوییه‌كانی ژیان.