سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بۆ زانكۆی سۆران

Sli

 

د. به‌شیر حه‌داد: زانكۆی سۆران نموونه‌ی زانكۆیه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٤/٩/٢٠١٩،  به‌ڕێز "د. به‌شیر حه‌داد" جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ یاوه‌ری به‌ڕێز  "د. محه‌ممه‌د شاكر" ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی عێراق و له‌ لیژنه‌ی خوێندنی باڵای په‌رله‌مان، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد و له‌ لایه‌ن شاندێكی زانكۆی سۆرانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ، به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.

له‌ دانیشتنێكدا له‌ نێوان شاندی میوان و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران، سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ زۆر به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و یاوه‌ره‌كانی كرد و، خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌یان ده‌ربڕی.

له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز "د. به‌شیر حه‌داد" له‌ وته‌یه‌كدا، ویڕای سوپاس گه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ بۆ پێشوازییه‌ گه‌رمه‌كه‌یان، خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی. له‌ وته‌كانیدا، به‌ڕیزیان ئاماژه‌ی به‌ شوێن و پێگه‌ی زانستی زانكۆی سۆران كرد و ئه‌مه‌ی به‌ مایه‌ی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی زانی.

له‌ درێژه‌دا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌ سه‌رنجدان له‌و زانیارییانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستمان هێناون و ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ كردوومانن و ئه‌و چالاكییه‌ جۆراوجۆرانه‌ی، كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌یانبیستین و ده‌یانبینین، بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زانكۆی سۆران، وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی زانكۆیه‌كی ئاستبه‌رز و پێشكه‌وتووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ زۆر مایه‌ی خۆشحاڵیه‌، زانكۆ هه‌وڵی نزیك كردنه‌وه‌ی پسپۆڕییه‌كان له‌ بازاڕی كار ده‌دات و، ئه‌مه‌ی به‌ به‌شێك له‌ هۆكاری پێشكه‌وتنی زانكۆ و كۆمه‌ڵگا زانی و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ به‌ بێ هه‌بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، زانكۆ گرنگی نامێنێ.

دواتر په‌رژایه‌ سه‌ر باسی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناساندنی زانكۆكانی هه‌رێم و له‌ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و بابه‌ته‌ دوا. به‌ڕێزیان له‌ قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ به‌شێك له‌و بابه‌ته‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشه‌یه‌ك كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هیواشی خواست كه‌ به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی به‌ڕێزانی به‌شدار له‌ لیژنه‌ی خوێندنی باڵای په‌رله‌مان، بتوانرێ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌ندامانی كوردی لیژنه‌ی خوێندنی باڵا، زۆر به‌ گه‌رمی به‌ دوای ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ن و به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، له‌ پێوه‌ندیدان.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا، زۆر خۆشحاڵی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی زانكۆ ده‌ربڕی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، له‌ وته‌یه‌كدا زۆر به‌ كورتی تیشكی خسته‌ سه‌ر ستراتیژ و گرنگترین ده‌سكه‌وته‌كانی زانكۆ و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانكۆی سۆران سه‌ره‌ڕای كه‌می ته‌مه‌نی، به‌ڵام پێشه‌نگ بێت. دواتر ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی چه‌ند وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق و به‌ تایبه‌ت وه‌زیری پێشووی خوێندنی باڵا(د. عه‌بدولڕه‌زاق عه‌بدولجه‌لیل) كرد، كه‌ له‌ سه‌ردانێكدا بۆ زانكۆی سۆران، ویڕای سه‌رسامی به‌ زانكۆی سۆران، هیوای خواست ئه‌زموونی زانكۆی سۆران بگوازرێته‌وه‌ بۆ زانكۆكانی دیكه‌ی عیراق. له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆ، هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای سه‌باره‌ت به‌ زانكۆكانی كوردستان و به‌تایبه‌ت زانكۆی سۆران، به‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان زانی. دواتر وێڕای ئاماده‌یی ده‌ربڕینی زانكۆ بۆ هاوكاری هه‌ر جۆره‌ كارێكی پێویستی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هیوای خواست كه‌ په‌رڵه‌مانی عێراق و به‌ تایبه‌ت به‌رێزان له‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بتوانن ئه‌و كیشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن.

دواتر شاندی میوان  سه‌ردانی كه‌مپی دێلزیانیان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌نته‌ره‌كانی تویژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌نته‌ری پێرسن و چه‌ند به‌شێكی دیكه‌یان به‌سه‌ركردنه‌وه‌. دوابه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌، به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ویڕای ده‌ربڕینی سه‌رسامی خۆی بۆ توانستی زانستی زانكۆ، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ستاف و مامۆستایان و به‌ گشتی زانكۆی سۆران خواست، هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا، كارێك بكرێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نوێنه‌ری زانكۆكانی دیكه‌ی عیراق، تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ ببینن.