كتێبی (له‌ نه‌بوونه‌وه‌ بۆ پێشه‌نگبوون) بڵاوكرایه‌وه‌

Sli

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠/١٠/٢٠١٩، له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان  "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان، قوتابییان، فه‌مانبه‌رانی زانكۆی سۆران و رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، كتێبی (له‌ نه‌بوونه‌وه‌ بۆ پێشه‌نگبوون)، ناسێندرا.

له‌ سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و نیشاندانی ڤیدیۆیه‌كی كورت سه‌بارت به‌ كتێبه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا زۆر به‌ وردی كتیبه‌كه‌ و رهه‌نده‌ جیاوازه‌كانی، به‌ ئاماده‌بووان ناساند. له‌ وتاره‌كه‌یاندا، به‌ڕێزیان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كتێبه‌ هه‌وڵیداوه‌ هه‌م تۆمارێك بێت بۆ میژوووی زانكۆ و هه‌م هه‌ڵگری شیكارێكی هه‌مه‌لایه‌نیش بێت بۆ ئه‌و رووداو و به‌سه‌رهاتانه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی زانكۆی سۆراندا، به‌دیهاتوون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا، كه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌و كتێبه‌ له‌ زمانی ئه‌وه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كان و چالاكییه‌كانی زانكۆی سۆران، به‌رهه‌می كاری هه‌موو ستافی زانكۆی سۆرانن، چونكه‌ رازی سه‌ركه‌وتنی زانكۆ، كاری به‌كۆمه‌ڵ و تیمی بووه‌.

دواتر به‌ڕێز "د. سۆران به‌رزنجی"، كه‌ وه‌ك ئیدیته‌ری كتێبه‌كه‌ كاری كردبوو، به‌ وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ته‌كنیكی و هونه‌ری كتێبه‌كه‌ و، زۆر به‌ وردی میتۆدۆلۆژی كتێبه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان شیكرده‌وه‌.

پاشان هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان "د. روشدی سه‌مه‌د"  و "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ، وته‌یه‌كی كورتیان سه‌باره‌ت به‌ كتێبه‌كه‌ پێشكه‌شكرد و، وێڕای ده‌ستخۆشی و سوپاس بۆ سه‌رۆكی زانكۆ، له‌ رێبه‌رایه‌تی كردنی زانكۆ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو، كتێبه‌كه‌یان به‌ كارێكی به‌پێز و جێگای سه‌رنج زانی.

 ئه‌م كتێبه‌ كه‌ له‌ نووسین و ئاماده‌كردنی به‌ڕیز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆرانه‌، تیشكێكه‌ بۆ سه‌ر مێژووی زانكۆی سۆران له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونیه‌وه‌ تا لوتكه‌ی پێشه‌نگبوونی. له‌م كتێبه‌دا، هه‌وڵنه‌دراوه‌ ته‌نیا رووداوه‌كان تۆمار بكرێن، به‌ڵكو به‌ شێوازێكی شیكاریش تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان.

له‌ دوا به‌شیشدا، به‌ واژۆی به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، كتێبه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرا.

پێویسته‌ بگوترێ، كه‌ تێكڕای ئاماده‌بووان و به‌ تایبه‌ت رۆژنامه‌نووسان،  نووسینی كتیبی له‌مشێوه‌یان، به‌ شتێكی پێویست زانی بۆ تۆماركردنی مێژووی دامه‌زراوه‌كان و هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌، ده‌ستخۆشیان ئاڕاسته‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ كرد.