سهنتهری دهستنووسخانهی زانكۆی سۆران له ٥/٥/٢٠١٥، دامهزراوه. ئهم سهنتهره كه بۆ پاراستن و ساغكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس دامه زراوه، تا ئێستا جگه له ئهنجامدانی چهندین دیدار و كۆنفرانس، به ههزاران بهڵگهنامهی له ئهرشیفی عوسمانی هێناوهتهوه و له ههوڵی پهرهپێدانی پهیوهندییهكانیدایه، لهگهڵ ئهرشیفخانهكانی دیكهی دنیا، كه زانیارییان سهبارهت به كورد و كوردستان تێدایه، لهوانه ئهڵمانیا و رووسیا. لهمبارهوه چهند دهسكهوتێكیشیان ههبووه. بۆ زیاتر تیشكخستنهسهر كارهكانی دهستنووسخانه، ئهم چاوپێكهوتنهمان لهگهڵ "د. هێمن عومهر" بهرپرسی سهنتهرهكه ئهنجامدا.
ـ مهبهست له دامهزراندنی سهنتهری دهستنووسخانهی زانكۆی سۆران چی بوو؟
لە غیاب و نەبوونی دەستنووسخانەیەكی نیشتمانی لە كوردستاندا و نەبوونی دامەزراوەیەك بۆ توێژینەوە و ساغكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس، ئێمە بەو نیازە دەستمانپێكرد كە لانی كەم بابەتەكە لەنێو زانكۆكاندا بورووژێنرێ و ئەگەر دەستنووسخانەیەكی نیشتمانیش نەبێ، زانكۆكان كەمێك لەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە. بۆیە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەوڵەكان زیاتر تاكەكەسی و لە دەرەوەی دامەزراوەی زانكۆ بوونە. كوردستانیش پێویستی بە دوو هەنگاو بووە لەو بوارەدا، یەكەمیان كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس و پاراستنی، دووەمیان ساغكردنەوەیان بەشێوەیەكی زانستی. سوپاس بۆ خوا ئەگەرچی شڵەقاندنی ئەم گۆمە لە ناو دامەزراوەیەكی وەك زانكۆ ئاسان نەبوو، بەڵام تێگەیشتنی ستافی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران یارمەتیدەرێكی باش بوو و، بە شانازییەوە ئەم ڕچە شكاندنە وایكرد دوای ئێمە چەند زانكۆیەكی دیكەش دەست بەو كارە بكەن. دیارە وڵاتانی دەورووبەرمان و زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستنووسخانەی نیشتمانییان هەیە، یان لانی كەم چەند دامەزراوەیەكیان بۆ ئەو بوارە هەیە، هەر وەك ئاشكراشە هەزاران دەستنووسی زانایانی كورد كەوتوونەتە وڵاتان، ئامانجی سەرەكی ئەوەبوو بەگوێرەی توانا بتوانین چ لە ناوەوە یان دەرەوەی كوردستان وێنەی لەبەرگیراوی ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانە بهێنینەوە و دواتر لێیان بكۆڵینهوه و ساغیان بكهینهوه.
ــ وهك له بهشێكی بهرچاو له كارهكانتان دهردهكهوێ، كه زۆر سهرنجتان چڕكردووهتهوه سهر ئهرشیفی عوسمانی. هۆكاری ئهمه چییه و لهو ئهرشیفهدا به چی گهیشتوون؟
بێگومان لە سی ساڵی ڕابردوودا دەرگای ئەرشیفخانەی عوسمانی بەسەر توێژەراندا كرایەوە. هەر وەك ئاشكراشە بەشی زۆری خاكی كوردستان ماوەی ٥٠٠ ساڵ لەبن قەڵەمڕەوی عوسمانییەكان بوو و بە ملیۆنان بەڵگەنامەی ڕەسمی تایبەت بە كورد و كوردستان هەن. بەدڵنیاییەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر زۆرترین دەستنووس و بەڵگەنامە سەبارەت بە كورد لە توركیا هەیە و ئەو بەڵگەنامە و دەستنووسانە لە بوارەكانی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و كارگێڕییەوە زۆر لایەنی تاریكی مێژوومان بۆ ڕووناك دەكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەوە نەوەستاوین كە بەگوێرەی توانا وێنەی بەڵگەنامەكان بهێنینەوە، بەڵكو كارێكی لەوه گرنگتر ئەوە بووە لە گوندەكانی باكووری كوردستان گەڕاوین دەستخەتی زانایانی كورد كە لە كتێبخانەی بنەماڵە و حوجرەكاندا تا ئێستاش پارێزراون، هەوڵمان داوە وێنەیان لەبەر بگرینەوە. چونكە پێمان وایە بەڵگەنامەكان لە ئەرشیفخانەی ڕەسمی پارێزراون و خەمی فەوتانیان نییە، بەڵام بە هەزاران دەستخەتی دیجیتاڵنەكراو لەو گوندانە ماون و زۆر پێویستە خەمیان لێ بخورێ و بپارێزرێن. تا ئێستا نزیكەی ٦٠٠ دەستخەتمان وێنە لەبەرگرتۆتەوە و لە هەوڵی دانانی پێرستێكین بۆ ئەوەی توێژەران سوودی لێ ببینن.
ــ تا چهنده كارتان كردووه كه له ئهرشیفخانهكانی دیكهی دنیاوه به دوای دهستنووس و كهلهپووری زانایانی كورددا بگهڕێن؟
تا ئێستا وێڕای ئەرشیفخانەكانی توركیا، پەیوەندیمان لەگەڵ دەستخەتخانەیەكی عەرەبستانی سعوودی هەیە و بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە ئومێدێك هەیە لانی كەم پێرستی بەرهەمی زانایانی كورد لەو كتێبخانانە ئامادە بكرێ. هەروەها لە ئەڵمانیاش بەردەوامین بۆ هێنانەوە و دیجیتاڵكردنی دەستخەتە كوردییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەغدا، تاران، فەڕەنسا و ڕووسیاش تا ئێستا وێنەی چەند دەستخەتێكی كوردیمان هێناوەتەوە. بەشێك لەوانەی لە بەغداش كڕیومانەتەوە، خستوومانە بەر دەستی توێژەران و لە هەردوو كۆنفڕانسی عەللامەی پێنجوێنی و ئیبن ئادەمی باڵەك هەندێكیان ساغ كرانەوە و چاپ كران.
ـ له ماوهی رابردوودا چهند لایهنێكی شاراوهی چهند شاعیرێكی ناوداری كوردتان خستنهڕوو، تا چهنده ئهو ئهرشیفخانهیه دهتوانێ له روونكردنهوهی لایهنه شاراوهكانی ژیانی رۆشنبیری و سیاسی و كولتوور كورد، كاریگهر بێ؟
ساڵ و نیوێك لەمەوبەر شێوازی كاركردنمان گۆڕی، پێمان وایە ئەو بەڵگەنامانەی كە لە دەزگا و ئەرشیفخانەی ڕەسمی وڵاتانن، تا ڕادەیەكی باش پارێزراون، بۆیە گرنگە تەنیا ئامانجمان هێنانەوەیان نەبێ، بەڵكو دەست بە لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەیان بكەین، بۆیە تا ئێستا لەبارەی چەند شاعیر و نووسەرێكی كوردەوە لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستییەوە زانیاری تازەمان ئاشكرا كردووە. بۆ ئەم ساڵیش لەبارەی چەند شاعیر و كەسایەتییەكی كوردەوە زانیاری تازە دەخەینە ڕوو، وێڕای ئەوەش پڕۆژەی (مێژووی زانا و ناودارانی كورد لە دەستخەت و بەڵگەنامەكانی عوسمانی)مان دەستپێكردووە و نامە و بەڵگەنامە و زانیاریی دانسقەیان لەبارەوە كۆدەكەینەوە و، بەشێك لەو نامەی میر و زانا و كەسایەتییە كوردانە تا ئێستا نەكەوتوونەتە بەر دەستی تویژەرانی كورد و، بێگومان زۆر لایەنی شاراوەی مێژووی كورد بەگشتی ڕووناك دەكەنەوە و، پشتیوان بە خودا بۆ ئەمساڵ بەرگی یەكەمی ئەم پڕۆژەیە چاپ و بڵاودەبێتەوە.
. ــ وا دهردهكهوێ كه زۆرتر سهرنجتان لهسهر ئهدهبیات و هونهره، ئایا هیچ بهرنامهتان ههیه كه مهودای كارهكهتان فراوانتر بكهن و رهههندهكانی دیكهش بگرێتهوه؟
بەهۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆری دەستخەتە كوردییەكان لە چەند سەد ساڵی ڕابردوودا خۆی لە ئەدەبیات بەگشتی و شیعر بەتایبەتی دەبینێتەوە و تا ئێستا بەشێكی زۆر هەر دەستخەتن و ساغ نەكراونەتەوە، بۆیە ڕەنگە زیاتر ئەدەبیات بینرابێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەی پراكتیكیی كارمان لە بەشی دیكەش كردووە. بۆ وێنە:
یەك: زنجیرە كتێبێك و ڕاپۆڕتێكمان ئامادەكردوون بۆ ئەوەی وەریانبگێڕینە سەر زمانی كوردی، بەتایبەتی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا بەشێك لە ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەكان لە زۆر بواری جۆراوجۆری وەك: گەشتنامە، ڕاپۆرتی سەربازی، توێژینەوەی زمانی، ئەنترۆپۆلۆجی، جوگرافی، كۆكردنەوەی تێكستی كوردی و زۆر بواری تر بە زمانە زیندووەكانی دونیا بەرهەمیان نووسیون و لە گۆڤارە كۆنەكانی ئەوروپادا بڵاویان كردوونەتەوە و یان بەشێوەی كتێب چاپیان كردوون، دەستنووسخانە بەگرنگییەوە لەو بەرهەمانە دەڕوانێ و پار بۆ كۆنفڕانسی مەلا عەبدولرەحمانی پێنجوێن ڕاپۆرتی داگیركردنی پێنجوێنی چاپ كرد و ئەم ساڵیش سەفەرنامەی گەڕیدەیەكی ئینگلیز لەژێر چاپدایە.
دوو: دەستخەتێكی زۆری زانایانی كورد بە زمانی عەرەبی هەن، ئەوانە پەیوەندییان بە ئەدەبیاتەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە زانستێك لە زانستەكانی وەك؛ لۆجیك، كەلام، مێژوو، نەحوو، سەرف، فەلسەفە، شەریعەت...هتد هەیە. لە هەردوو كۆنفڕانسی عەللامەی پێنجوێنی و ئیبن ئادەمی باڵەكدا شەش كتێبمان ساغ كردۆتەوە و چاپمان كردوون.
سێ: هەندێ دەستنووسی كوردی لەبارەی زمانی كوردییەوە هەن، چ لە ناوەوەی كوردستان یان لە دەرەوە، زانایانی كورد پێش نزیك بە دوو سەدە بە سەلیقە و خولیای خۆیان نووسیویانن و بۆ مێژووی توێژینەوەی زمانناسی زۆر گرنگن، بۆیە تا ئێستا بەرهەمی (توحفەتولخوللان فی زمانێ كوردان)ی مەلا مەحموودی بایەزیدی كە لە ئەرشیڤخانەكانی ڕووسیا پارێزراو بوو، هەروەها بەرهەمی (قەواعیدی زمانی كوردی)ی مەلا كاكەحەمەی حاجی سەیفوڵڵا پێش نزیكەی هەشتا ساڵ لە كوردستان نووسیویەتی، هەردووكیان بە توێژینەوە و ساغكردنەوە چاپ كران.
چوار: دەستنووسخانە بە گرنگییەوە دەڕوانێتە مێژووی زارەكی و لەپاڵ دەستخەت بە ستوونێكی گرنگی ئەرشیڤی كوردستانی دادەنێ، بۆیە بۆ پاراستنی مێژووی زارەكی یەكێك لە شۆڕشەكانی كورد پێش نزیكەی ٩٥ ساڵ، شایەتحاڵەكانمان دواندوون و لە شێوەی كتێبێكدا ئەو مێژووەمان پاراستووە و بەم نزیكانە چاپ دەكرێ. لە چاپكراوەكانی دەستنووسخانەش كە تا ئێستا نزیكەی 25 كتێب چاپ كراون، زیاتر لەسەر ساغكردنەوەی دەستنووس و بەڵگەنامە سەنگراوینەتەوە و گوێمان بەوە نەداوە ئەدەبیاتە یان ژانر و جۆرێكی ترە.
به گشتی هیچ ئامارێكتان ههیه كه چهند دەستخەت و بهڵگهی پهیوهندیدار به كورد و كوردستان لهو ئهرشیفخانهیهدا ههن؟
ئێمە بەرنامەی چەندایەتی بەڵگەنامەكانمان بۆ چۆنایەتی گۆڕی، وێڕای ئەوەی زیاتر لە دەهەزار بەڵگەنامەمان كۆكردبۆوە، بەڵام ئەم دە هەزارە ئەگەر سەد هەزاریش بوایە سوودێكی ئەوتۆی نەدەبوو، چونكە پێمان وابوو دەبێ بخرێنە سەر ماڵپەڕێك بۆ ئەوەی توێژەر دەستی پێیان بگات. بۆ ئەوەی بخرێتە سەر ماڵپەڕیش دەبێ پوختەی هەر بەڵگەنامەیەك بە زمانی كوردی ئامادە بكرێ، بێگومان ئەمەش توانایەكی زۆر و كاتێكی درێژیشی دەوێ. ئەرشیفخانەیەكی وەك توركیا نزیكەی هەزار فەرمانبەری هەیە و ڕۆژانە چوار سەد فەرمانبەر خەریكی پۆلێنكردن و پوختەبۆنووسینی بەڵگەنامەكانن ئینجا دیجیتاڵ دەكرێ. بۆ ئێمە ئەو هەشت ملیۆن بەڵگەنامەیە بەم توانا و كاتە، ئاسان ئامادە ناكرێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە بەڵگەنامە گرنگەكان هەڵبژێرین و یەكسەر دەست بە ساغكردنەوەیان بكەین و هاوكاتیش هێواش هێواش دەست بە پۆلێن و دانانی پێرستی دەستخەتەكان بكەین، چونكە بە بێ پێرست و پۆلێن كارەكان تێكەڵ دەبن.
-بۆ پێرست و پۆلینەكە چیتان كردووە؟
وەك پێشتر باسم كرد، لەم قۆناغەدا دەستخەتی گوندەكانمان خستۆتە پێش بەڵگەنامەكان، بۆ ئەم مەبەستە دوای وێنەگرتنەوەی دەستخەتەكان بە كردەیی بۆ ڕێكخستن و دانانی پێرست و ناسنامەی دەستخەتەكان ئەم كارانەمان دەست پێ كردووە:
١-دانانی پێرستی ئەو دەستخەتانەی كە لە ناوەوەی كوردستان دەستمان خستوون.
٢-بە بەردەوامیی وێنەگرتنەوەی دەستخەتی گوندەكانی باكووری كوردستان و دانانی پێرستێك وەك بەرگی یەكەم بۆ ٤٠٠ دەستخەت و پۆلێنكردنیان.
٣-بیبیلۆگرافیا و پێرستێك بۆ دەستخەتی زانایانی كورد كە لە كتێبخانەكانی توركیا پارێزراون و نیشاندانی ژمارە و ئەدرێسیان وەك یارمەتیدانێك بۆ توێژەران تا بە ئاسانی دەستیان بەو دەستخەتانە بگات.
٤-وێنەگرتنەوەی بەشی زۆری كتێبە چاپكراوەكانی زانا و نووسەرانی كورد لە سەردەمی عوسمانییەكاندا. بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستا دەستمان بە نزیكەی ٢٠٠ كتێب گەیشتووە و بیبیلیۆگرافیایەكمان بۆ ئامادەكردوون و پشتیوان بە خوا ئەمساڵ چاپ دەكرێ.
ئیدی ئومێدەوارم ئەوانەی دڵیان بۆ مێژوو و كەلەپووری كورد لێدەدا و دڵسۆزن و لەم وڵاتە كاریان بەدەستە با دڵسۆزیی خۆیان بنوێنن و هیچ نەبێ دەستخەتی زانایانی كورد لە بەغدا كە نزیكەی چل هەزار دەستخەتە، بە هەر جۆرێك بێ وێنەی لەبەرگیراویان بهێننەوە و لە دەستنووسخانەیەكی نیشتمانیدا دایانبنێن، تا زانكۆیەكان و توێژەران سوودی لێ ببینن. هەروەها داوا لە توێژەرانی زانكۆكانیش دەكەم زیاتر گرنگیی بە ساغكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس بدەن و پێویستیشە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆیەكان لەمڕووەوە هانی توێژەران بدەن و بە هەموو شێوەیەك هاوكاری ئەو توێژەرانە بن كە كار لەسەر ساغكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس دەكەن، بەڵكو لانی كەم ئەو سامانە نەتەوەییەمان ببێتە هۆی پتەوكردنی ژێرخانی زانستیی وڵاتەكەمان.
