زانكۆی سۆران و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانیان په‌ره‌پێده‌ده‌ن

Slider

 

رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١/٩/٢٠٢١، شاندێكی باڵای زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. كاوه‌ شێروانی" سه‌رۆكی زانكۆكه‌، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد و له‌ لایه‌ن شاندێكی زانكۆی سۆران، به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. شێروان شه‌ریف" سه‌رۆكی زانكۆ، پێشوازی لێكرا.

له‌ دانیشتنێكی دۆستانه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆك و راگرانی فاكه‌ڵتی و په‌یمانگاكانی هه‌ردوو زانكۆ ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان زۆر به‌ گه‌رمی پیرۆزباییان له‌ سه‌رۆكی نوێی زانكۆی سۆران و ستافی سه‌رۆكایه‌تی كرد و هیوایان خواست، كه‌ له‌ ئه‌ركی نوێیاندا سه‌ركه‌وتوو بن.

له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، وێڕای به‌خێرهێنان و نیشاندانی پێزانین به‌رامبه‌ر به‌ شاندی میوان بۆ سه‌ردان و پیرۆزباییكردنه‌كه‌یان، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیپێدانی په‌یوه‌ندی دوو زانكۆكه‌ی خواست.

دواتر له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوو لایه‌ن په‌رژانه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی ئه‌كادیمی و، جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان كرد و خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی كه‌ له‌ داهاتوودا به‌ دانانی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی زانستی بتوانن كاری هاوبه‌ش  ئه‌نجامبده‌ن.