له‌ ده‌ستپێكی ساڵێ نوێی خوێندندا سه‌رۆكی زانكۆ قوتابییانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌

Slider

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٦/٩/٢٠٢١، به‌ڕێز "د. شێروان شه‌ریف قڕتاس" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، به‌ یاوه‌ڕی به‌ڕێزان "د. سیروان جه‌بار" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و "د. رزگار سه‌عید" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان، هۆڵه‌كانی خوێندنی دەوامی بەیانییان و ئێوارانی له‌ فاكه‌ڵتییه‌كانی زانكۆی سۆران به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ مامۆستایان و قوتابییان ساڵی نوێی خوێندنی پیرۆز كرد.

له‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا و له‌ دیداری راگرایه‌تی و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی فاكه‌ڵتییه‌كان، وێڕای پیرۆزباییكردنی ساڵی نوێی خوێندن، سه‌رۆكی زانكۆ سوپاس و پێزانینی پێشكه‌شكردن له‌ به‌رامبه‌ر دڵسۆزییان له‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانییان و هیوای خواست ساڵی نوێ ساڵێكی پڕ له‌ سه‌لامه‌تی و سه‌ركه‌وتن بێ. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا روو له‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌شه‌ زانستییه‌كان و راگرایه‌تی فاكه‌ڵتییه‌كان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ین بڕگه‌ و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سیسته‌می بۆڵۆنا زۆر به‌ باشی جیبه‌جێ بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌وباره‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ له‌ سه‌نته‌ر دانانی قوتابی، چونكه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ هه‌وڵی به‌دیهێنانی قوتابییه‌كی چالاك و خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌دایه‌.

هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ چه‌ند هۆڵێكی خوێندنی له‌ سه‌رجه‌م فاكه‌ڵتییه‌كان به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و، پیرۆزبایی ساڵی نوێی ئاڕاسته‌ی قوتابییان كرد و هیوای خواست كه‌ هه‌موو لایه‌ك ساڵێكی پر له‌ سه‌لامه‌تی و ده‌سكه‌وتیان هه‌بێ. له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا بۆ قوتابییان، به‌ڕێزیان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قوتابییان پێویسته‌ كار به‌ تواناكانی خۆیان بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن په‌ره‌یان پێبده‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ تیشكیشی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، قوتابییانی ئێمه‌ هیچیان له‌ قوتابییانی هیچ شوێنێكی دیكه‌ی دنیا كه‌متر نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ باوه‌ڕیان به‌ خۆیان بێت و تواناكانیان به‌ باشترین شێوه‌ به‌كاربخه‌ن، تا به‌م شێوه‌یه‌ چێژ له‌ ژیان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان وه‌رگرن و هه‌م ئێمه‌ ئاسووده‌ بكه‌ن و هه‌م كۆمه‌ڵگاكه‌شمان به‌ره‌وپێش به‌رن.

پێویسته‌ بگوترێ، رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٥/٩/٢٠٢١، یه‌كه‌مین رۆژی ده‌ستپێكی ساڵێ نوێی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بوو له‌ زانكۆی سۆران.