تیمێکی توێژەرانی زانكۆی سۆران داهێنانێكی زانستی ده‌كه‌ن و بڕوانامه‌ی داهێنانیان پێده‌به‌خشرێ

0001

 

لە کارێکی توێژینەوەیی هاوبەشدا، تیمێک لە توێژەرانی بەشی بایۆلۆجی لە فاکەڵتیی زانستی زانكۆی سۆران، توانیان لە ڕێگای درووستکردنی ناوەندێکی خۆراکی بۆ گەشەی بەکتریا و کەڕوو  لە پێکهاتەی ڕوەکێکی سروشتی، بڕوانامەی داهێنان(برا‌وه‌ اختراع) (Patent) بەدەستبێنن.

ئه‌و تیمه‌ی توێژه‌رانی زانكۆی سۆران كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ به‌ڕێزان "پ.د.بوشرا حسێن، م.شۆڕش مستەفا، د.کارزان محه‌ممه‌د م.کاروان ئیسماعیل و یاریده‌ده‌ری توێژه‌ر ڕەنجبەر مکسی" بە فەرمی داهێنانەکەیان لەژێر ناونیشانی (داهێنانی ناوەندێکی چاندنی خۆراکی و جێگرەوە بۆ چاندنی بەکتریا و کەڕوو) لە لایەن دەزگای ناوەندی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وه‌زارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵی عێراق. تۆمار کرا.

له‌ وته‌یه‌كدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران، "م. شۆڕش مسته‌فا" سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندی داهێنانه‌كه‌یان گوتی، ناوەڕۆکی داهێنانەکە بریتییە لە درووستکردنی ناوەندێکی خۆراکی بۆ گەشەپێکردنی بەکتریا و کەڕوو لە پێکهاتەی کیمیایی دەرهێنراو بە ڕێگەی ئاو لە ناو تۆوی ڕووەکی (ypha domingensis & plantago) کە ڕوەکێکی خۆڕسکە و بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سروشتی کوردستان گەشە دەکات.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌و توێژه‌ره‌ی زانكۆی سۆران گوتی، ئەو ناوەندە خۆراکییە وەکو جێگرەوەیەک بۆ ناوەندە خۆراکییە پیشەسازییەکان پەسندکراوە، ئه‌مه‌ش بە هۆی ده‌وڵەمەندی جۆرایەتی پێکهاتەکەی و شیاویی تایبه‌تمه‌ندییه‌ فیزیاییەکەی بۆ لەخۆگرتنی گەشەی زیندەوەرە وردبینەکان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تێچووی درووستکردنی بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر کەمترە لە تێچووی ناوەندە خۆراکییە پیشەسازییەکان.