وتاری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ بەخێرهێنانی قوتابیانی تازە وەرگیراو

Dr Sherwan

 

قوتابیان و خوێندکارانی تازە وەرگیراو لە زانکۆی سۆران، ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش!

خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە ڕێگەی ئەم گوتارەوە دەتوانم پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان پێ ڕابگەیەنم بە بۆنەی وەرگیرانتان لە زانکۆی سۆران بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢. خۆشحاڵم کە بە ناوی خۆم، ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆی سۆرانەوە بە گەرمیی بەخێرهاتنتان دەکەم. لە ڕاستیشدا ناتوانم حەز و پەرۆشیی خۆم بۆ بینینی ڕوولەڕووی ئێوەی ئازیز بشارمەوە؛ هەر بۆیە لێرەوە پێتان دەڵێم کە بە تاسەوە چاوەڕێی ئەوەم تا لە نزیکەوە بە دیدارتان بگەم.

خۆشەیستان، ڕێگە بدەن لێرەدا سوپاس و دەستخۆشیی خۆمانتان ئاراستە بکەین لە بەرامبەر هەڵبژاردنی بەشە زانستییەکانی زانکۆی سۆران بۆ خوێندنی بەرایی زانکۆ. ئەمە بۆ ئێمەی ستاف و مامۆستایانی زانکۆی سۆران واتای زۆری هەیە و لە پێش هەمووشیانەوە متمانەی ئێوەی ئازیزە بەم زانکۆ پێشەنگەی کوردستان. ئێمە، سەرەڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینمان، لەوەش دڵنیاتان دەکەینەوە کە بژاردەکەتان بژاردەیەکی درووست و بەجێیە. ئێوە زانکۆیەکتان هەڵبژاردووە کە قوتابی تیایدا سەنتەری چالاکی و فێربوونە. بەشە زانستییەکانی ئەم زانکۆیە لەلایەن مامۆستایان و توێژەرانی لێهاتوو و خاوەن ناوبانگیی ئەکادیمیی بەرزەوە بەڕێوە دەبرێن. لە ڕاستیدا زانکۆی سۆران ئەو ناوەندە ئەکادیمییە پێشەنگەیە کە هیچ کات لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی جۆریی و هەنگاونان بەرو پێش، لە شکاندنی کۆتوبەندە نەریتییەکانی خوێندن و لە تاقیکردنەوەی مۆدێلە نوێییەکانی فێربوون و فێرکردن، لە دابینکردنی باشترین توانا مرۆیی و ماددییەکان و هەروەها لە پێشکەشکردنی ئەوپەڕی خزمەتگوزارییەکان سڵ ناکاتەوە و درێغیش ناکات.

قوتابیانی ئازیز، ئێمە هەمیشە شانازی بە دەرچووان و قوتابیانمانەوە دەکەین و هۆکاری ئەمەش ئەو نموونە جوانانەن کە قوتابیانمان لە ماوەی چوارساڵی خوێندن و ساڵانی دوای دەرچوونیان لە زانکۆ پێشکەشی زانکۆ و کۆمەڵگاکەیانی دەکەن. هەربۆیە چاویشمان لەوەیە کە ئێوەش ببنە بەشێک لەم شانازییانە و پێکەوە دەستکەوتەکان زیاتر و زیاتر بکەین. ئەوەی لە سەر شانی ئێمەیە، وەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، ئەوەیە کە تا ئەوپەڕی توانا لە خزمەت ئێوەدا بین و شەو و ڕۆژ بخەینە سەر یەک تا بتوانین دەرفەتی گونجاو و ژینگەی لەبار بۆ پێشکەوتنی ئێوەی قوتابی بڕەخسێنین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە ڕێخۆشکەر بین و بتوانین نموونەی تاکی سەرکەوتوو، لێوەشاوە و بەرهەمهێن پێشکەش بە کۆمەڵگاکەمان بکەین. بە دڵنیاییەوە، ئەمەش پێویستیی بە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگیی نێوان مامۆستا، قوتابی، فەرمانبەر و مەنهەجی خوێندن، لە چوارچێوەی سیستەمێکی خوێندنی درووستدا، هەیە. لێرەدا گرنگە ئەوەتان پێ ڕابگەیەنم کە ئێمە بۆ ئەمە تەواو ئامادەین و لە ڕێگەی بەسەنتەرکردنی قوتابیشەوە ڕۆڵ و دەرفەت بۆ ئێوەی ئازیزیش دەڕەخسێنین.

لە کۆتاییشدا، دەمەوێت جارێکی دیکە پیرۆزبایی وەرگیرانتان لێ بکەم و پێتان بڵێم بەخێربێن بۆ زانکۆی سۆران، بۆ ماڵی دووەمی خۆتان. هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم، هیوادارم لە ماوەی ساڵانی خوێندندا بتوانن خەرمانی زانست و زانیاریتان پڕ بەرهەم بکەن. هیوادارم لە تەنیشت بابەتە زانستییە پەتییەکانەوە، توانا و لێهاتووییە کەسییەکانی خۆتان پەرە پێ بدەن؛ کار لە سەر کەسایەتیی خۆتان بکەن و خۆتان بۆ بوون بە سەرکردەی داهاتووی بوارە جیاوازەکان ئامادە بکەن. هەروەها هیواخوازم بە دڵێکی خۆش و دەروونێکی ئاسوودەوە دەست بە ئەزموونێکی نوێی ژیانی خۆتان بکەن. ئەزموونێک کە پڕ دەبێت لە پەیداکردنی هاوڕێی نوێ، فراوانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان، تۆمارکردنی یادگاریی خۆش و بەسەربردنی چوار ساڵ لە تەمەنی لاویتان. لێرەدا جارێکی دیکە پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوەی قوتابی هەموو پشتگیرییەکی من و ستافەکەمتان دەبێت. هەروەها، لە قووڵایی دڵمەوە نزا دەکەم تا لەم ئەزموونەدا سەرکەووتوو بن.

دوایەمین وشەکانیشم بۆ دایک و باوکانە؛ دەمەوێت لێرەدا پێتان بڵێم کە ئێمە دەستی ماندوونەناسیتان دەگوشین و دەزانین پێگەیاندنی ڕۆڵەیەک تا دەگاتە قۆناغی زانکۆ چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مەزنە. دەزانین ڕۆڵەکانتان گەورەترین و خۆشەویستترینی ئاواتەکانتانن و بەردەوامیش دڵتان لەلایانە. ئێمەش لێرەدا بەڵێنی ئەوەتان پێ دەدەین کە وەک ئەمانەت لێیان بڕوانین و هەر وەک کوڕ و کچی خۆمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. تکایە، ئێوەش لە پاڵشتییەکانتان بەردەوام بن و لە نزاکانتان بێبەشمان مەکەن.

پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس

سەرۆکی زانکۆی سۆران