خولی ١٢ی دەرچووانی زانکۆی سۆران

Slider

 

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤ی دیسەمبەری ٢٠٢١، خولی دوازدەیەمینی دەرچوانی زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. وەک وەفادارییەک بەرامبەر بە دڵسۆزی و خزمەتەکانی، خولەکە بە ناوی خوالێیخۆشبێت د. فرسەت سۆفی، مامۆستای زانکۆ و پارێزگاری پێشووی هەولێر، ناونرابوو. ڕێوڕەسمی دەرچووان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی، لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەچوو.

لە وتەیەکدا، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، بە ناوی زانکۆی سۆرانەوە پیرۆزبایی لە دەرچوان کرد و ئەوانی بە پێشمەرگەی ئەکادیمیی نیشتیمان وەسف کرد. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەرچووان خواست و ڕایگەیاند زانکۆی سۆران دەخوازێت پەیوەندیی بە قوتابیەکانیەوە بەردەوام بێت تەنانەت لە دوای دەرچوونیشیان.

 هەروەها بەڕێز د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتەیەکی پێشکەش بە دەرچووانی خولی ١٢ی زانکۆی سۆران و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد. لە وتەکەیدا پیرۆزبایی سەربەخۆبوونی ئیدارەی سۆرانی کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا زانکۆی سۆران توانیویەتی لە ڕووی کوالێتیی خوێندن و توێژینەوەی زانستی و فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی و ژێرخانی زانستی و ئەلکترۆنی پێشەنگ بێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، دەرچووان سوێندنیان خوارد و بڕیاری بەخشینی بڕوانامەیان بۆ خوێندرایەوە. هەروەها خەڵاتی سەرۆکی زانکۆ بە سەر یەکەمی سەر هەموو بەشەکاندا دابەشکرا. ڕێوڕەسمەکە بە فڕێدانی کڵاو و گرتنی وێنەی یادگاریی کۆتایی هات.