ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢، دیداری بێشکچی لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. دیدارەکە لەلایەن زانکۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ناونیشانی "تیۆری سەربەخۆیی کوردستان لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ ئیسماعیل بێشکچی" ڕێکخرابوو. ئەم دیدارە تایبەت کرابوو ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئیسماعیل بێشکچی و توێژینەوەی هزر و نووسینەکانی.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی بە وتەیەک بەشداریی کرد، پەردەی لە سەر پەیکەرێکی خۆی لادا و شەقامێک لە شنگلبانە بە ناوی ئەوەوە ناونرا؛ هەروەها بەڕێز بێشکچی پەردەی لە سەر تابلۆی ناونانی شەقامێک بە ناوی موسا عەنتەر، لادا. هەر لەم دیدارەدا دوو پانێڵ لە سەر بەرهەم و هزری بێشکچی بەڕێوە چوون.
لە دیداری بێشکچیدا، هەریەکە لە بەڕێزان سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەکی بەرچاو لە بهرپرسانی حكومی، حیزبی، ڕێكخراوهیی و مامۆستایان، قوتابیان ئامادە بوون.
مەراسیمەکە بە پەردەلادان لەسەر پەیکەری بێشکچی لە زانکۆی سۆران دەستی پێکرد. پەیکەرەکە کارێکی هونەریی هونەرمەند هادی زیائەدینییە و لە بەردەم هۆڵی بێشکچی لە زانکۆی سۆران دانرا.
لە سەرەتادا، بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتەیەکی پێشکەش کرد. لە وتەکەیدا وتی: "ئەمڕۆ سۆران مەدالیایەکی تری شانازی وەردەگرێت کاتێک ڕێبوارێکی ماندوونەناسی وەک بێشکچی لە باوەش دەگرێت. کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ خزمەت بە دۆزی کورد تەرخان کردووە." لە درێژەی وتەکەیدا بەڕێز هەڵگورد وتی: "بێشکچی ئاوێنەیەکی دەقاودەقی سەختی خەباتی نەتەوەیی و بزاڤی نیشتیمانییمانە، ئەگەر چی ئەو وەک میناکێکی قوربانی باس کراوە، بەڵام بەخششی بەرهەمی فیکر و ڕامانی ئەو کەسایەتییە بۆ ئێمە وەک چراخانێکە لە ڕووناکردنەوەی ئایندەمان".
دواتر بەڕێز پ. ی. د. شێروان شهریف قوڕتاس، سهرۆكی زانكۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا وتی: "ئێمە وەک زانکۆی سۆران سەربەرزین بەوەی کە لە ماوەی تەمەنی دامەزراندنی زانکۆماندا، وەک ڕێزگرتنێک لە بەڕێز بێشکچی، هۆڵێکمان بە ناوی ئەوەوە کردووە. ئەمڕۆش بە حزووری خۆی پەیکەرێکی لە ناو زانکۆدا بۆ دادەنرێت و لە دەرەوەی زانکۆش شەقامێکی بە ناوەوە دەکرێت. لە ڕووی زانستیشەوە، مێژوو و خەبات و نووسینەکانی بەڕێز بێشکچی لە ناو ماددە دەرسییەکانی بەشەکانی وەک کۆمەڵناسی، مێژوو، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گرنگیی بەرچاوی پێدراوە، لە لایەن مامۆستایانمانەوە دەوترێنەوە و قوتابیانمان فێری دەبن."
پاشان بهڕێز ئیسماعیل بێشکچی وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتریش هۆنراوەیەکی شاعیر موئەیەد تەیب، کە لە وەسفی ئیسماعیل بێشکچیدا نووسراوە، لەلایە خاتوو سێڤدا کاپلان-ەوە خوێندرایەوە.
لە دیدارەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەچوون: پانێڵی یەکەم لە لایەن م. هۆشەنگ دارا، لەژێر ناونیشانی: (بێشکچی و تێزی سەربەخۆیی کوردستان) بەڕێوەچوو. تیایدا هەر یەکە لە بەڕێزان: ئازاد جوندیانی، ئیبراهیم گۆربوز، د. ئیبراهیم مەلازادە و د. ئیبراهیم مەحموود بەشداربوون. پانێڵی دووەم لەلایەن عەبدوڵا کەسکین، لەژێر ناونیشانی: (پڕۆسەی تیۆریزەکردنی فیکری سەربەخۆیی کوردستان) بەڕێوەچوو. تیایدا هەر یەکە لە بەڕێزان جەلال تەمەل، د. کاوە مەحموود، ئەبوبەکر کاروانی و عەتا قەرەداغی بەشداربوون.
بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی خۆشحالیی خۆی بە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی دیدارەکە دەربڕی و سوپاسی ڕێکخەرانی دیدارەکەی کرد. لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی میوانانی زانکۆی سۆراندا یادداشتێکی تۆمار کرد.
\