سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، هەموو کوردستانیان بە هەواڵێکی دڵتەزێن تاسان. بە هۆی هێرشبردن و ڕووداوێکی تەقەکردنەوە، هەرێمی کوردستان دوو کەسایەتیی ئەکادیمیی پایەبەرزی لەدەستدا. ئەوانیش هەریەک لە د. کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر و د. ئیدریس حەمە خان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری لە هەمان زانکۆ بوون. بەم بۆنە خەمناکەوە، سەرەخۆشی لە خۆمان، دۆست و کەسوکاری قوربانیان، مامۆستایانی زانکۆ و سەرجەم کۆڕی ئەکادیمیانی کورد دەکەین.
هەر لێرەدا و جارێکی دیکە، بە ناوی دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، سەرەخۆشیی لە مامۆستای زانکۆمان د. نیشتیمان عوسمان دەکەین کە لەم ڕووداوە نەخوازراوەدا، د. ئیدریس حەمە خانی هاوژینی بووە قوربانی. لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە سەبووریی هەموو لایەکمان بدات و جێگای خوالێخۆشبووان بەهەشتی بەرین بێت.
لە کۆتاییدا، ئێمە لە زانکۆی سۆران ڕایدەگەیەنین کە ئامادەین لەپێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان، هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکەین. بە هەمان شێوەش داواکارین دادگاکان لە جێبەجێکردنی یاساکاندا ڕێچکەی خۆیان خێراتر بگرنە بەر.
انا لله وانا الیە راجعون
سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢