WhatsApp Image 2022 07 01 At 10.29.10 PM

به بەشداریی زانکۆی سۆران؛ سێیەمین پێشانگای هایتێکس کۆتایی بە کارەکانی هێنا

 

 به بەشداریی زانكۆی سۆران، له پاڵ سەد و پەنجا كۆمپانیا، له سی وڵاتی جیاوازەوه، سێیەمین پێشانگای هایتێکس له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان کۆتایی بە کارەکانی هێنا. قوتابیانی زانکۆی سۆران بە پێنج پڕۆژە بەشداریی پێشانگاکەیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ۳۰ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲، به بەشداریی زانكۆی سۆران سێیەمین پێشانگای هایتێکس کۆتایی بە کارەکانی هێنا. له پێشانگاكەدا سەد و پەنجا كۆمپانیای بواری تەکنۆلۆجیا له سی وڵاتی جیاوازەوه بەشداربوون. هاوكات له ڕۆژی یەكەمی پێشانگاكەدا هەر یەكه له بەڕێزان پ. ی. د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران و د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابیان، تیایدا بەشداربوون. هەر لە پەراوێزی پێشانگاکەدا، شاندی سەرۆکایەتی زانکۆ چەندین دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمی و تەکنۆلۆجییەکان، کە لە پێشانگاکەدا بەشداربوون، ئەنجام دا.

سەبارەت به بەشداری قوتابیانی زانکۆی سۆران له پێشانگاکەدا، قوتابیانی بەشی کۆمپیوتەری فاکەڵتیی زانستی زانكۆی سۆران بە پێنج پڕۆژە بەشدارییەكی كارا و دیاریان له پێشبڕکێیەکاندا كرد. پڕۆژەکانی زانکۆی سۆران توانیویانە ببنە جێی متمانە و سەرنجی سەردانیکەرانی پێشانگاکە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی دڵخۆشی و سەرسامی خۆیان دەربڕیوە. تەواوی پاڵپشتی خۆیان و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان نیشان داوە بۆ برەودان بەو بیرۆکانە. هەروەها، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجی لە کەرتەکانی حکومیدا ئەنجامبدەن.

هاوکات د. کارزان کەریم، ڕاوێژکاری بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەردانی ژووری زانکۆی سۆرانی کرد. لە پاڵ دەربڕینی سەرسامی و پشتگیری خۆیان. جەختیان لەوە کردەوە کە مانگی ئابی ئەمساڵ لەگەڵ زانکۆی سۆران لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی ناسینەوەی گوتاری خۆکاری زانکۆی سۆران. بۆ بەکارهێنانی پڕۆژەکە و جێبەجێکردنی لە سیستەمی پەروەردەدا. بە هەمان شێوە، د. ئارام محمد قادر ئەمین، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی زۆر بە سەرسامییەوە ستاییشی بیرۆکەکانی زانکۆی سۆرانیان کرد. داوایان کرد کە هەرچی زووە ئەو بیرۆکانە لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی بکرێن و بخرێنە خزمەت خەڵک و دەزگا مرۆییەکان. هەروەها، بەڕێز جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سەردانی ژووری زانکۆی سۆرانی کرد. بەڕێزیان یەکێک بوون لەوانەی کە زۆر بە وردی لەسەر پڕۆژەکانی زانکۆی سۆران وەستا. دڵخۆشی و سەرسامی خۆیان دەربڕی کە بۆ یەکەمین جار بیرۆکەیەکی بواری تەکنەلۆجی بە زمانی شیرینی کوردی دێتە خزمەت خەڵک و لە مەترسی شوێنە مینڕێژکراوەکان دووریان دەخاتەوە. هەر لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پێشانگای هایتێکس بەڕێز د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەکانی کوردستان، بە دەستخۆشی کردن لە ستافی زانکۆی سۆران، ھەڵوەستەی کرد لەسەر  پڕۆژە و بیرۆکەکانیان. داوای بەردەوامی لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئەو بیرۆکانە کرد. هیوای خواست تەواوی ئەو جۆرە بیرۆکانە ڕێی دروست و پاڵپشتی تەواویان بۆ بگیرێتە بەر تاوەکو ئەوانیش بتوانن تەکنەلۆجیا بکەنە هۆکاری گۆڕانکاری لە کەرتە حکومی و ناحکومییەکان.

پێشانگای هایتێکس بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو. ڕۆژی دووشەممە، ۲۷ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲ دەستی بە کارەکانی کرد. ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ـی حوزەیرانی ۲۰۲۲، کۆتایی بە کارەکانی پێشەنگاکە هات. لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا، دەیان داهێنانی تەکنەلۆژی و چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کێبڕکێدا بوون. قوتابیانی زانکۆی سۆرانیش توانیان بە پێنج پڕۆژە سەرنجی سەردانیکەران، چەندین کەسی خاوەن کار، بەرپرس و بەڕێوەبەر لە دامەزراوە و کۆمپانیاکان ڕابکێشن.  هەروەها، چەندان کۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی بەردەوام بەڵێنی پاڵپشتی بۆ پڕۆژەکانی زانکۆی سۆران دووپات کردەوە.

هایتێکس گەورەترین پێشانگای ساڵانەی تەکنەلۆجیایە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان. ساڵانە لە هەولێر و بە بەشداریی چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. پیشەوەر و بازرگانەکان دەتوانن لە ڕێگەی هایتێکسەوە دەستیان بگات بە دوایین بەرهەم و داهێنانەکانی بواری تەکنەلۆجیا. هایتێکس ڕێگە بە بەشداران دەدات کە مامەڵە و هاوبەشی بازرگانی بکەن لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا. لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکس بەشداران لەگەڵ کڕیارەکان دەتوانن پەیوەندی ڕاستەوخۆ دروست بکەن و پڕۆژەکانیان بفرۆشن. هەر لە هایتێکس چەندین یاریی سەرگەرمی،  سیمینار و پێشبڕکێ بەڕێوەچوون.

ڕاپۆرت: زەهرا سەمەد