قوتابیانی خۆشەویستی قۆناغی یەکەم
ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش؛ وەرگیرانتان لە زانکۆ پیرۆز بێت و بەخێر بێن بۆ زانکۆی سۆران، پێشەنگی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و لە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو عێراق. پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن و دەستپێکی دەوامتان لێ دەکەم. ئێمە لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران بە وەرگیران و دەستپێکی دەوامتان دڵخۆشین و گەشبینین بەوەی بتوانین هەموو تواناکانمان بخەینە خزمەت دەستپێکێکی شایستە بۆ ساڵێکی نوێ و قۆناغێکی نوێی خوێندنی ئێوەی ئازیز.
زانکۆی سۆران، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، لە چوارچێوەی ٥ فاکەڵتی و لە ٢٥ بەشی زانستیی جیاواز قوتابی وەرگرتووە. هەر یەک لەم بەشە زانستییانە گرنگیی و بایەخی خۆی هەیە. بە دڵنیاییەوە، خوێندن لە هەر یەک لەم بەشە زانستییانەدا سود و چێژ و ناڕەحەتیی خۆی هەیە. بەڵام ئەوەی کە لێی دڵنیاین ئەوەیە کە دەرچوانی ئەم بەشانە دەتوانن کەلێنێک لە کۆمەڵگای کوردستانی پڕ بکەنەوە و خزمەتێک پێشکەش بکەن. هەر بۆیە، ئێوە کە ئێستا وەک قوتابی دەست بە خوێندن لە بەشێکی زانستی دەکەن، پاش چوار ساڵی دیکەوەک کەسێک بە کۆمەڵێک زانست و زانیارییەوە بەشەکە تەواو دەکەن و بە پشتبەستن بەوەی لەم چوار ساڵە فێڕی بوون، قۆناغی دواترتان دەست پێ دەکەن.
هێژایان، ئەوەتان لە بیر بێت کە ئامانجە گەورەکە بۆ ٤ ساڵی داهاتووە کاتێک کە ئێوە خوێندن تەواو دەکەن؛ بۆیە گرنگە لە ئێستاوە خۆتان بۆ کۆمەڵگای پاش دەرچوونتان ئامادە بکەن. چوارساڵی داهاتوو لێهاتوویی زیاتر لە بڕوانامەیەکی ڕووت و داماڵراو لە بەهرە و توانا کاری پێ پەیدا دەکرێت. کۆمەڵگا هێشتا لەمەی کە ئێستا هەیە بە ڕووی جیهاندا کراوەتر دەبێت و لە ناوخۆش لە بەکاربردنی تەکنۆلۆژیا، سۆفتوێر و هاردوێر، پێشکەوتووتر دەبێت. بۆیە گرنگە لە ئێستاوە، لە تەنیشت زمانی کوردی، خۆتان فێری زمانێکی دیکەی زیندووی جیهان بکەن. بە باشی و درووستی سوود لە تەکنۆلۆژیاکانی پەیوەست بە زانیاری و پەیوەندی وەربگرن و ئێمەش لەمەدا هاوکار و پشتوانتان دەبین.
ئێمە لە زانکۆی سۆران، پڕنسیپی قوتابی سەنتەری بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە جێبەجێ دەکەین. ئەمەش واتە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی مافەکانتان، ئەرکەکانیشتان وەک قوتابی زیاتر دەبن. لە سیستمەی خوێندنی زانکۆی سۆراندا، قوتابیی زیرەک، چالاک، ڕەخنەگر، خوێنەر و بیرکەرەوە دەرفەتی سەرکەوتنی زیاترە. بۆیە لە ئێستاوە بڕیاڕ بدەن و پلان دابنێنن تا ببن بە یەکێک لەو قوتابییانە. زانکۆش بەڵێنی هەموو پاڵپشتییەکتان پێ دەدات و دەروازەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتنتان بەڕوودا واڵا دەکات. هەر وەک چۆن پێشتریش لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی وەک ڕاهێنانی هاوینە لە ناوخۆ و لە پڕۆگرامەکانی وەک ئاڵوگۆڕی قوتابیش لە دەرەوە ئەم دەرفەتانەمان بۆ پێشبردنی زیاتری توانای قوتابییەکانمان ڕەخساندووە. هەموو ئەمانەش لە تەنیشت ئەو هەوڵە بەردەوامانەوەن کە لە چوارچێوەی زانکۆدا بۆ خزمەتی ئێوە داومانن؛ وەک دابینکردنی باشترینەکان لە سیستەم و میتۆدی خوێندن، مامۆستا، فەرمانبەر و ژینگەی گشتیی خوێندن.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت جارێکی دیکە بە ناوی خۆم و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سۆرانەوە بەخێڕهاتنتان بکەم. لەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە لە پێناو زانست و زانیاریدا، هەموو پشتیوانییەکی زانکۆتان دەبێت. ستراتیژی کاری ئێمە ئەوەیە کە زانکۆ بە هەموو توانا مرۆیی و ماددییەکانیەوە بخەینە خزمەت قوتابی و توێژەران تا بتوانن زۆرترین زانست فێر ببن و زۆرترین سوودی زانستی بگەیەنن.
پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس
سەرۆکی زانکۆی سۆران