1

كونسوڵی گشتیی ڕووسیا سه‌ردانی زانكۆی سۆران ده‌كات

 

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد. لە سەردانەکەیدا، نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا یاوەریی دەکرد. کۆنسوڵ و نوێنەر لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە قوتابیان کۆبوونەوە. گفتوگۆ لە سەر چەند تەوەرێکی پەیوەست بە پەیوەندییە کولتووریی و ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ـی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢، بەڕێز ماکسیم ڕوبین، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا له‌ هه‌ولێر، بە یاوەریی بەڕێز د. دانا ئەبووبەکر، نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانیان كرد. شاندەکە له‌لایه‌ن به‌ڕێزان پ. ی. د. شێروان شه‌ریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆوه‌ پێشوازیان لێكرا.

له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می سه‌ردانه‌كه‌یدا، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سۆران كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕۆشنایی خرایه‌ سه‌ر برەودان بە په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمی و کولتوورییەکانی نێوان نێوان هەردوو لا. لەم بارەوە کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی زانکۆی سۆران لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی ڕووسیا. هەروەها، باسی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن کرد کە ساڵانە سکۆلارشیپ بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن. پڕۆگرامەکان بۆ درێژەدانە بە خوێندن لە وڵاتی ڕووسیا و پشتگیری دارایی تەواوی قوتابیان دەکرێت. بۆ ئەم ساڵیش لەلایەن حکومەتی ڕووسیاوە سکۆلارشیپ بۆ قوتابیان ڕادەگەیەنرێت و ژمارەی کورسییەکان زیاد کراوە بۆ شەست کورسی. بۆ ئەم مەبەستە، قوتابیان به‌گشتی و قوتابیانی زانكۆی سۆران به‌تایبه‌تی ده‌توانن سوودمەند بن لە پڕۆگرامەکان.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، خۆشحاڵیی خۆی به‌ دیداره‌كه‌ ده‌ربڕی؛ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان زانكۆی سۆران و كونسوڵخانه‌ی گشتیی ڕووسیای به‌رز نرخاند و هیوای خواست هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كان فراوانتر بن له‌ پێناو خزمه‌تی زیاتر بە زانست و بە قوتابیان.

له‌ بڕگه‌ی دووه‌می سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ زانكۆی سۆران، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ بەشێک لە قوتابیانی سه‌رجه‌م فاكه‌ڵتییه‌كانی زانكۆی سۆران كۆبووه‌وه‌. کونسوڵی گشتیی ڕووسیا باسی لە ئەزموونی خۆی کرد وەک قوتابی و دواتر پرژایە سەر ئەو بوارانەی بەڕێزیان خوێندوویانە. هەروەها، پڕۆگرامەکانی خوێندنی بۆ قوتابیانیش ڕوونکردەوە. چەندین پرسیاری لە لایەن قوتابییانەوە ئاراستە کرا. گفتوگۆیەکی چڕ کرا دەربارەی ئەو یارمەتییانەی کونسوڵی گشتیی ڕووسیا دەتوانێت پێشکەش بە قوتابیانی بکات. هەروەها چەند پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان وەڵام درانەوە.

دوایەمین وێستگەی سەردانەکەی کۆنسۆڵی گشتیی ڕووسیا و نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بەسەرکردنەوەی چەند ناوچەیەکی گەشتیاریی دەڤەری سۆران بوو کە هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی سەردانەکەیان ئەنجام دا.

زانكۆی سۆران گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندیی زانستی و ئەکادیمیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدات. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، لەگەڵ چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی ڕووسیا، لە ناویاندا زانکۆی کازانی فیدراڵ، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە.