وتاری د. موسڵح مسته‌فا سه‌رۆكی زانكۆی سۆران له‌ یه‌كه‌مین كونفرانسی قوتابی له‌ زانكۆی سۆران

DSC 8696

ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست، خوشكان برایان

ئه‌مڕۆ زانكۆی سۆران یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی توێژینه‌وه‌ی زانستی قوتابی ده‌به‌ستێت، كه‌ به‌مه‌ش هه‌نگاوێكی مێژوویی له‌ چالاكییه‌كانی خه‌باتی ئه‌كادیمیی خۆی تۆمارده‌كات. ئه‌م چالاكییه‌ ‌ هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ دید و تێڕوانینه‌كانی زانكۆ، له‌ هه‌مان كاتدا،‌ به‌شێكه‌ له‌و خه‌ون و پلانه‌ ستراتیژیانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌یه‌وێت بیانخاته‌ پلانی ساڵانه‌ی خۆی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان.

 

 

هێژایان

ئێمه‌ له‌به‌رده‌م پۆلێك له‌و قوتابییانه‌ وه‌ستاوین، كه‌ ڕه‌نج و تێكۆشانی خۆیان به‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو. ئه‌م ڕه‌نج و تێكۆشانه‌، دوورینه‌وه‌ی به‌رهه‌می چوار ساڵی خوێندنه‌ له‌ زانكۆ. له‌م دوو ڕۆژه‌دا، هه‌ر پێنج فاكه‌ڵتییه‌كه‌ی زانكۆ، توێژینه‌وه‌ی به‌شێك له‌ قوتانییه‌كانیان‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر چاوان و ئاڵوگۆڕی هزر و تێڕوانینه‌كانیان له‌گه‌ڵماندا ده‌كه‌ن.

به‌ڕێزان

زانكۆی سۆران ده‌یه‌وێت ئه‌م كۆنفڕانسه‌ بكاته‌ میمبه‌رێك بۆ داهێنان و زانست و زانین. له‌و كۆنفڕانسه‌دا په‌یامێك بڵاو بكاته‌وه‌ كه‌ تێمای بریتیی بێت له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی بۆ بواره‌ جیاجیاكانی ژیان و ژیاری مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی. به‌مه‌ش نه‌ریتێك بهێنێته‌ كایه‌وه‌، تا هه‌موو سالێك كۆنفڕانسی له‌م شێوه‌یه‌ بۆ قوتابییان ببه‌ستێت. له‌وه‌ش گرنگتر، زانكۆی سۆران له‌ رێگای ئه‌م كۆنفڕانسه‌وه‌ ده‌یه‌وێت نه‌خشه‌ داڕێژه‌ری ئه‌و پلانه‌ بێت، كه‌ ساڵانه‌ كۆنفڕانسی هاوشێوه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بۆ قوتابییانی توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ر ببه‌سترێت.

ئازیزان

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ست خۆشی له‌و قوتابییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مرۆ و سبه‌ینێ توێژینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، سوپاسی مامۆستا به‌ڕێزه‌كانیشیان ده‌كه‌ین، كه‌ هانده‌ر و چرا هه‌ڵكه‌ر و رێ نیشانده‌ری قوتابییه‌كانیان بوون. به‌بێ ڕێنمایی و چاودێری ئه‌و مامۆستایانه‌، بێگومان مه‌حاڵه‌ بتواندرێت كۆنفڕانسێكی له‌م شێوه‌یه‌ و به‌و ئاسته‌ زانستییه‌ ببه‌سترێت.

جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی له‌ قوتابییانی به‌شداربووی كۆنفڕانس و مامۆستا به‌ڕێزه‌كانیان ده‌كه‌ین و هیوادارین زانست هه‌میشه‌ چرای ژیان و گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی داهێنان به‌رده‌وام ئامانجیان بێت.

هه‌ربژین بۆ گه‌ل و نیشتیمان

27-5-2015