ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" له‌ سێیه‌مین كۆنفرانسی قوتابی زانكۆی سۆران

18446670 1177297399065634 9206791003172392144 N

 

ئامادەبووانی هێژا، قوتابییانی خۆشەویست، خوشکان برایان … بەیانیتان باش

بەناوی سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران، بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەین بۆ سێیەمین کۆنفرانسی قوتابیی زانکۆی سۆران. ئەوەی لەم دوو ڕۆژەدا پێشکەش دەکرێت، چەندین توێژینەوەی گرنگن، کە لە ڕەهەند و تێروانینی جیاجیاوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم توێژینەوانە، ڕەنج و ماندووبوونی قوتابی و مامۆستا بەڕێزەکانی (زانکۆی سۆران)ن، کە لە ماوەی ئەمساڵی خوێندندا ئامادەیان کردووە. ئەم توێژینەوانە بریتیین لە بیرۆکەی نوێ لە هەموو ئەو بەش و زانستانەی لە (زانکۆی سۆران)دا دەخوێندرێن.

بەڕێزان …

لەگەڵ ئەم کۆنفڕانسەدا، قوتابییانی زانکۆی سۆران لە فاکەڵتیی ئەندازیاری، یەکەمین گۆڤاری خۆیان لەژێر ناوی "کورد ئۆیل"، کە تایبەتە بە ئەندازیاری نەوت، کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی وتاری تێیدا بڵاو دەکرێتەوە، دەخەنە بەر دەستتان. هەروەها ئەمساڵ زانکۆی سۆران گۆڤارێکی دیکەی تایبەت بە توێژینەوەی قوتابییان دەردەکات و ساڵانەش چەند ژمارەیەکی لێ بڵاودەکاتەوە.

ئامادەبووانی خۆشەویست …

زانکۆی سۆران پێشەنگی هەموو زانکۆکانی کوردستان بووە لە گرێدانی کۆنفڕانسی قوتابی. ئێمە هەموو ساڵ جارێک لەسەر ئاستی زانکۆ و فاکەڵتییەکانمان، کۆنفڕانس بۆ قوتابییان ڕێک دەخەین. لەم کۆنفڕانسانەدا، قوتابییان خۆیان گفتوگۆی ئەکادیمیی لەسەر بوارە زانستییەکانیان ئەنجام دەدەن. پەیامی ئێمە ئەوەبووە، کە کەشێکی ئەکادیمی بۆ قوتابیانمان بڕەخسێنین، تاوەکو دیبەیتێکی قووڵی زانستیی تێدا بهێنینە کایەوە. لە پەنا ئەوەشدا دوو مەبەستی سەرەکیمان هەبوون:

یەکەم، ئەم کۆنفڕانسە ببێتە ئەزموونێک بۆ ئەوەی لە داهاتوویێکی نزیکدا، کۆنفڕانسێک لە سەرتاسەری کوردستان ئامادەبکرێت بۆ قوتابییانی هەموو زانکۆکان.

دووەم، دەمانەوێت توێژینەوە و پێشکەشکردنی توێژینەوە، ببێتە پێوەرێک بۆ هەموو کارێکی ئەکادیمی و زانستی، لەم ڕێگەیەشەوە قوتابییانمان هانبدەین و ڕابهێنین لەسەر گرنگیدانیان بە توێژینەوەی زانستی.

هێژایان ….

زانکۆی سۆران هەرگیز خۆی وەکو ناوەندێکی ئەکادیمی داخراو نەبینیوە، بەڵکو هەموو پلان و پڕۆژەکانی ئەوەیە، بەشیک بێت لە کۆمەڵگەی کوردەواری. زانکۆی سۆران ویستوویەتی نموونەیەکی ناوازە و مۆدێڕن بێت لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان سەنتەری زانست و کۆمەڵگەدا. ئەم ئەزموونەش وای پیشانداوە، کە زانکۆ دەتوانێت بەشێکی دانەبڕاوبێت لە ژیان و ژیاری کۆمەڵگەدا. هەربۆیە ویستوومانە لە هەموو هەنگاو و چالاکییەکانی زانکۆ، چارەسەری ئەو گرفتانە بکەین، کە لە کۆمەڵگەکەماندا بوونیان هەیە. ئەو توێژینەوانەی لەم دوو ڕۆژەشدا پێشکەش دەکرێن، هەنگاوی سەرەتایی قوتابییەکانمانن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرس و بابەتانەی لە پسپۆڕییەکانیاندا ڕۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە.

قوتابییانی خۆشەویست …

دەمانەوێت جارێکی دی، سوپاس و پێزانینی خۆمانتان بۆ دووپات بکەینەوە لە بەرامبەر هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونتان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە. هیوادارین لەم دوو ڕۆژەدا چرۆی نەوەیەکی توێژەری سەرکردە ببینین، کە داهاتووی زانست و زانینیان لەسەر بونیاد بکرێت. هەر لێرەشەوە، سوپاسی تەواوی مامۆستا و ڕاگرە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لەگەڵ قوتابییەکانیان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی توێژینەوەکانیان لەم کۆنفرانسە.

جارێکی دی، زۆر سوپاس و هەربژین و شاد و سەرکەوتووبن.