ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" له‌ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی سۆران لەژێر ناونیشانی "ئێستا و داهاتووی زمانی دایک لە هەرێمی کوردستان"

Dr Muslih Conf

 

خوشک و برایانی خۆشەویست ، میوانانی بەڕێز، توێژەر و مامۆستایانی ئازیز، ئامەدەبووانی هێژا، بەیانیتان باش

خۆشحاڵین بەناوی سەرۆکایەتیی زانکۆ سۆران، بەخێرهاتنتان بکەین بۆ ئەم کۆنفراسە گرنگە لەسەر زمانی کوردی. ئەم کۆنفرانسە لە ئان و ساتێکدا دەبەسترێت، کە پرسی زمان بۆتە بابەتێکی هەرە پەیڤئامێز لە نێوەندەکانی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی لە سەرتاسەری جیهاندا. لە کوردستانی خۆشمان، پرسی زمان و ڕەهەندە جیاوازەکانی زمان، بابەتی گفتوگۆ و توێژینەوە و ڕەخنە و ئەفڕاندنی بەردەوامن لەنێو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەدا.

خۆشەویستان …

 دەمانەوێت ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێک بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەی مۆدێرن بۆ بەرزناساندنی زمانی کوردی. دەمانەوێت ئەم سیمینارانەی لەم دوو ڕۆژەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هەوێنی توێژینەوەی زانستی لەسەر زمان و ناسنامەی کورد. هەر لەم ڕوانگەیەوە، زانکۆی سۆران بە ئەرکی خۆی دەزانێت گرنگی بە لێکۆڵینەوەی بەهائامێز بدات لەسەر زمانی کوردی.

بەڕێزان …

 بۆ ئێمەی کورد، زمان مانای بوون و شارستانی و ڕۆشنبیری و کەلتوورمانە. ئەم زمانە قەڵای بەرگرییە لە زیندوویی نەتەوەی کورد. بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردوو و بگرە زیاتریش، زمانی کوردی لەبەردەم هەڕشەی مان و نەمان دابووە. دوژمنان لە هەموو لایەکەوە خواستی کوشتنی کورد و زمانەکەیان داوە. بەڵام … لەقەد پاڵی شاخەکان و لەنێو سینگ و هزری مرۆڤەکان و لەسەر خامە و زاری نەوە لە دوای نەوەکاندا، بەوپەڕی ئازایەتیەوە، بەرگری لەو زمانە کراوە، چونکە هەر لە زووەوە کورد زانییویەتی، هەبوونی نەتەوەکەی پەیوەستە بە هەبوونی زمانەکەیەوە.

ئامادەبووانی هێژا …

 دڵنیاین ئەو بابەت و سیمینارانەی لەم دوو ڕۆژەدا پێشکەش دەکرێن، دەبنە بنەمایەکی بەهێز بۆ سەرنجدان و تێڕوانینمان بۆ زمانی کوردی لە ئایندەدا. ئومێدەوارین چیدیکە پرسی زمان لە لایەن کەسانی ناشارەزا و ناپسپۆڕ مامەڵەی هەڵەی پێوە نەکرێت. ئێوەی خاوەن ئەزموون، لەم سەکۆیەدا، دەتوانن ببنە ئەو دەنگە زوڵاڵەی زمانی کوردی، کە بە توێژینەوەکانتانەوە ئاسۆیەکی ڕوناک بۆ ئایندەی زمانی کوردی دابڕێژن و وێنەیەکی ڕەنگین لە مێژووی زمانی کوردی بنەخشینن.

جارێکی دیکە، بە ناوی خۆمان و هەموو کارمەند و مامۆستا و قوتابییانی زانکۆی سۆران، بەخێرهاتنی یەکە یەکەتان دەکەین، بەتایبەتی ئەو میوانانەی لە دەروەری کوردستان و هەروەها لە شارەکانی دیکەی کوردستان هاتوون.

هەربژین و کوردستان ئاوەدان.