وتاری بەڕێز د. مصلح مستەفا لە حەوتەمین خولی ده‌رچووانى زانکۆی سۆران

Dr Muslih 7

 

هێژایان، قوتابییانی دەرچووی زانکۆی سۆران …

 خۆشحاڵین جارێکی دیکە پۆلێک لە ئێوەی خۆشەویست، لەم زانکۆ ئومێدبەخشەوە، هەنگاو بەرەو جیهانی واقیعی دەنێن. زانکۆی سۆران کە ئەمڕۆ ناوێکی قەشەنگ و چرایەکی درەوشاوەی کاروانی زانین و خوێندنە لە کوردستان، ماڵێکی خنجیلانە بووە لەم چەند ساڵەی تەمەنی خوێندنی ئێوەدا. ئێوە لە دەرگایەکەوە هاتنە نێو زانکۆی سۆران، کە خەباتی خوێندن ئەو کاتە لەسەرەتای نەشونماکردن بوو. ئەمڕۆش لە دەرگایەکەوە زانکۆی سۆران جێدەهێڵن کە زانکۆکەتان پێشەنگی ڕەوتی وشیاری و زانستە لە کوردستان.

خوشکان، برایان …

 کاتێک ئەم ساڵ لە ڕیزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، زانکۆی سۆران پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆکان بەدەست هێنا؛ کاتێک زانکۆی سۆران بە گیانێکی بەهێزەوە گڕوتینی پێشبڕکێی خوێندنی لە کوردستان درەوشاندەوە؛ ئەو دەمە ئێمە بەرهەمی ماندووبوونی مامۆستا بەرێزەکان و کارمەندە خۆنەویستەکان و توێژەرە خامە ڕەنگینەکانمان دروێنە کرد. ئەم سەرکەوتنە مەزنەی زانکۆی سۆران شەونخونی و ماندووبوونێکی یەکجار گەورەی لە دواوەیە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە شانازی بەخۆمان و ئێوەوە دەکەین لەم سەرکەوتنە بێوێنەیەدا، لە هەمان کاتدا، پێمانوایە زانکۆی سۆران هەنگاوێکی بچوکی لە خەباتی خوێندندا تۆمار کردووە و ئەمە سەرەتای چرۆکردنی فێربوون و زانستە لە کوردستان. دەبێت لەو ڕوانگەیەوە بەروە ئایندەیەکی گەشتر و فەزایەکی فراوانتر و ئاسمانێکی دورتر بفڕین. پێویستە لە فەرهەنگی زانیندا، مانا ببەخشینە توێژینەوە و کارکردن لە دونیای مەعریفەی زانستی. پێویستە ئێمەی خوێندەوار و گۆشدراو بە زانست و خوێندن، مشتێک بین لە خەرمانەیەکی ئومێدبەخشی کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار.

خۆشەویستان …

 لە کاتێکدا ئاهەنگی دەرچوونی ئێوەی هێژا دەگێڕین و زەنگی یەکەمبوونی زانکۆی سۆران لێدەدەین و خۆنەویستانە و زیاتر و زیاتر بەرپرسیاریەتی ئەرکەکانمان لە ئەستۆ دەگرین، ئومێدمان بەوە هەیە کە ئێوەی نەوەی دواڕۆژ بە ئەمەکەوە لە خزمەت خۆتان و وڵات و کۆمەڵگەکەتاندا بن. لە تەمەنی زانکۆدا، لەسەر دەستی مامۆستا و توێژەرە بیرتیژەکانتان، فێری ڕەوشت بەرزی و بوێری و هونەری فێربوون کراون. بۆیە دەمانەوێت، ئێوەی خۆشەویست لە گۆشەنیگای زانست و زانینەوە بنەمای کۆمەڵگەیەکی پێشکەوخواز بونیاد بنێین. دەمانەوێت کۆمەڵگەیەک دروستببێت کە لە پێشبڕکێکی تەکنەلۆجیا و داهێناندا پێشڕەوی جیهان بێت و ئێوەش سەرکردەی ڕەوتە زانستییەکە بن.

ئازیزان …

 زانکۆی سۆران کە ئێستا لە ترۆپکی خەباتی خوێندنە لە کوردستان، لە دەڤەرێکدا ئەسپی خۆی تاو دەدات کە بۆتە ماڵی خەبات و تێکوشان لە پێناو پاراستنی کوردستان. زانکۆی سۆران لەنێو جەرگەی ماڵی شەهیداندا و لە دەڤەری پڕشکۆی خەباتی کوردایەتی و مەڵبەندی جوامێرانەی ڕۆڵە هەڵۆئاساکانی کوردستان، خۆی بە قەرزداری پێشمەرگە دەزانێت. ئەو پێشمەرگەیەی خەبات بۆ پاراستنی نەک هەر ژینگەیەک دەکات کە ئێستا ئێمە و ئێوە بە ئازادییەوە تێیدا ئاهەنگ دەگێڕین، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا بەرگری لە شکۆمەندی مرۆڤایەتی دەکات لە دژی تاریکپەرستی. لەژێر ئەو پەیامە مێژوویەی خەڵکی کوردستان، کە چەندین ساڵە بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی هەڵیان گرتووە، دەبێت ئێوەی نەوەی دواڕۆژ گڕ و تین بەو گیانە کوردەواریەوە ببەخشن.

قوتابیانی دوێنی و سەرکردەکانی ئایندە …

 کوردستان بە ساتێکی هەستیاردا گوزەر دەکات. چەندین قەیران بەرۆکی وڵاتەکەمانی گرتووە و دوژمنانیش دەیانەوێت نەک هەر ڕوناکی وڵاتەکەمان بکوژێننەوە، بەڵکو برایەتیی نێوانیشمان تێک بدەن. دەیانەوێت ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی ساڵەهای ساڵە باوک و باپیرانمان بۆیان تێکۆشاوە، بشێوێنن و خەونی وڵاتێکی بە خوێن ئاودراو لە گۆڕ بنێن. بۆیە دەبێت ئێوەی نەوەی ئایندە و مامۆستایانی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیرانی هزری دواڕۆژ، هەڵەوبدەن خۆشەویستی و یەکڕیزی نێوانمان بپارێزن. مەهێڵن هەرگیز برایەتیی نێوانمان بکەوێتە ژێر مەترسییەوە. کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەونی لە مێژینەوەی خۆی نزیک دەبێتەوە. چەند ساتێکی کورت ماوە بۆ سەربەخۆی نەتەوەیەکی ستەمدیدە و ماندووی ڕێگای ڕزگاری، بۆیە نابێت درز بکەوێتە نێوانمان. بەرپرسیاریەتی هەموومان لەم ئان و ساتەدا ئەوەیە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگەکەمان بکەین. پاراستنی خوێنی شەهیدان لە ئەستۆی هەمووماندایە. بۆیە لێنەگەڕێن جارێکی دیکە بەرهەمی چەندین ساڵەی خەبات و تێکۆشانمان بکەوێتەوە باوەشی داگیرکەران و هەرێمی کوردستان پارچە پارچە ببێت.

هێژایان …

 لە دوا وەتەماندا، دووپاتی دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ پێگەیاندنی ئێوەی خۆشەویست بووە. ویستومانە نەوەیەک پەروەردە بکەین کە ئایندەی شادومانی نیشتیمانمان بۆ مسۆگەر بکەن. ویستومانە پۆلێک لە کوڕ و کچانی وڵاتەکەمان بە باشترین شێوە بەروە باوەشی کارکردن و خەبات و فێربوون بنێرین. ئێستاش لەوە دڵنیاین، کە ئێوە لەمڕۆوە پەیامی دواڕۆژێکی گەش دەبەخشنە ئاسۆی خاک و نیشتیمان. خۆری دواڕۆژی کوردستان لەسەر دەستی ئێوە لە ئاسمانێکی ڕەنگاوەڕەنگدا دەدرەوشێتەوە. ئیتر شاری سۆران و (زانکۆی سۆران)یش بۆ هەتاهەتایە وەکو سیمبوڵێکی پێشکەوتووی زانستی دەمێنێتەوە و هێلانەیەک دەبێت کە تێیدا چەندین بیرمەند و ڕۆشنبیر و زانستخواز و داهێنەر لە ڕۆژگاری فێربوونیاندا بە ماڵی خۆیانیان زانیوە.

 جارێکی دیکە، بە ناوی خۆمان مامۆستایان و کارمەندان و هاوکارانی زانکۆی سۆران، پیرۆزبایتان لێدەکەین و لە کانگای دڵەوە ئومێدی ئایندەیەکی پڕشنگدارتان بۆ دەخوازین.

سڵاو لە ئێوە،

درود بۆ پێشمەرگە و

 نەمری بۆ شەهیدان.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیماندا

د. موسلیح مستەفا

سەرۆکی زانکۆی سۆران

پایزی  ٢٠١٦