ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" له‌ چلەی مەتەمینی کەڵە زانای کورد - پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمیی

Dr Muslih Confer

 

ڕێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئامادەبووانی بەڕێز و قەدرگران

میوانانی خۆشەویست، خوشکان ، برایان

 بە ناوی خۆم و لێژنەی ئامادەکاری چلەی ماتەمینی کەڵە زانا و بیرمەندی هزری ئیسلامی نەتەوەکەمان، خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، بەخێرهاتنتان دەکەین.

 بەڕێزان …

 لە دەستدانی مستەفا زەڵمی کۆستێکی گەورە بوو بۆ میللەتەکەمان. ئەو بیرمەندە هۆشیار و پڕ لە زانیارییە، قەڵایەک بوو لە ڕووناکی و سەرتاپا داپۆشراو بوو بە زانست و زانینێک کە لە ڕۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆدا بووبووە ڕێنیشاندەری خۆشەویستی و گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان. مسەفا زەڵمی کەسایەتیەکی نەک هەر کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵکو یەکێک بوو لە مەزنترین بیرمەندەکانی فیقهه و یاسا و هزر لە جیهانی ئیسلامییدا. ئەم مرۆڤە بوێر و قسە نەستەق و ڕۆح سووکە، دونیایەک لە ئامۆژگاری و بنەمای تیۆری و داهێنانی لە هزر و معریفەدا بۆ جێهێشتووین، کە خەزێنەیەکی پڕ لە گەوهەری ڕۆشنبیری تێدایە. بەڵێ، لە ماوەی ژیانیدا، ٧٥ کتێبی نووسیووە، کە هەندێکیان وەک سەرچاوەی بنەڕەتی لە زانکۆکاندا دەخوێندرێن.

خۆشەویستان…

 زەڵمی ئەو پیاوە پێشەنگ و چاو نەترسە بووە، کە هەمیشە داکۆکی لە ڕاستی و دورستی کردووە. بەردەوام دژی ستەم و نادادپەروەری بووە. دژی چەواشەکاری بێبنەما بووە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ناتەندروست تێگەیشتن لە ئاین و شەریعەت.

زەڵمی یەکێک بوو لەو کاسایەتییانەی کە چەندین بیرمەند و ڕۆشنبیری بوێری پێگەیاندووە.

هێژایان …

لە مانگی (٧)ی ساڵی ٢٠٠٧٧ لە کۆڕبەندی هزری ئیسلامی، لە ڕێگای بەڕێز د. محەمەد شەریف، (مستەفا زەڵمی)یمان داوەتکرد بۆ هەولێر بۆ ئەنجامدانی چەندین سیمینار و وۆڕک شۆپ و محازەرە. هەر لە میانی ئەوەدا، پێشنیازی ئەوەمانکرد کە بە یەکجاری لە کوردستان بمێنێتەوە و بۆ زێدی باوک و باپیرانی خۆی بگەڕێتەوە. پاشان، پەیوەندییمان بە ڕێزدار کاک (نێچیرڤان بارزانی)یەوە کرد و ئاگادارمان کردەوە لە گەڕانەوەی مستەفا زەڵمی. لە ماوەی کەمتر لە ١٢ کاتژمێردا دیدار لەنێوان بەڕێزیان و خولێخۆشبوو دروست بوو. دواتر هەرچی پەیوەندی بە ئاسانکاری و ژیان و خۆشگوزەرانی و مانەوەی (مسەفا زەڵمی)یەوە هەبوو بۆی دابین کرا، کە ئەمەش جێگای ئەوپەڕی ڕێز و تەقدیرە نەک هەر لە خوالێخۆشبوو مستەفا زەڵمی، بەڵکو لە هەموو بیرمەندان و زانایانی وڵاتەکەمان.

بەڕێزان…

 هەر لە کاتی گەڕانەوەیدا تاوەکو دوا هەنسک و هەناسەی ژیانی، مستەفا زەڵمی ڕووبارێک بوو لە ئامۆژگاری تازە، کە دەتواندرا بونیادی ئایدیای نەتەوەیەکی مۆدێرنی لەسەر ئاوەدان بکرێت. لە کاتێکدا پێشمەرگە ئازاکانی کوردستان بەرگری لە نیشتیمان دەکەن لە دژی تاریکپەرستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، مستەفا زەڵمی پێشمەرگە ئاسا تێڕوانینە نادروستەکانی بەناو جیهادی ئیسلامی (داعش)ی پوچەڵ دەکردەوە. ئەو سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە ئاین بەگشتی و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە تایبەتی پەناگەی ئارامی و پێکەوە ژیانە نەک شەڕ و ماڵوێرانی. پێیوابوو ئیسلام خۆشەویستییە نەک دووبەرەکی. هەمیشە دووپاتی دەکردەوە کە ئیسلام ئاین میانڕەوییە نەک تووندڕەوی.

ئامادەبووانی هێژا…

 لە بەسەرکردنەوەیەکی شایستەی ئاوادا و بە ئامادەبوونی ئێوەی هێژا، مستەفا زەڵمی هەمیشە زیندووە و هەرگیز نامرێت. بەڵام کۆستی مستەفا زەڵمی کەلێنێکە لەوانەیە هەرگیز بە کەسێکی دیکە پڕ نەکرێتەوە.

 دووبارە، بە ناوی خۆمان و تەواوی ستافی ئامادەکاری چلەی ماتەمینی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، بەخێرهاتنتان دەکەین و هیوادارین ئەم بەسەرکردنەوەیە دەرفەتێک بێت بۆ بیرهێنانەوەی یادگارییەکانی برا و خۆشەویست و باوک و مامۆستا بۆ هەمووان … هەمیشە لەیاد … مستەفا زەڵمی.

 د. موسلیح مستەفا - سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری چلەی خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمیی.