ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" له‌ یەكەمین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تی سه‌نته‌ری هه‌ندرێن - زانكۆی سۆران. له‌ ژێر ناونیشانی "ڕواندز و پێگه‌یێكی ژیاری به‌ده‌وڵه‌تبوون له‌ مێژووی كورددا"

Dr Muslih Confe

 

خوشك و برایانی خۆشەویست، ئامادەبوونی ھێژا، بەخێربێن بۆ زانكۆی سۆران، بەخێربێن بۆ ڕواندز، شاری بەرخودان و كولتوور و ھونەر.

بەڕێزان ...

٢٩ ساڵ بەر لەئەمڕۆ لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵكی ئەم شارە ڕژێمی بەعسیان لە كوچە و كۆڵانەكانیان پاككردەوە. ئەودەمەی كە ڕژێمی ڕوخاوی عێراق لەوپەڕی ھێز و توانایدا بوو، لەھەمبەر دار و بەردی ئەم خاكە و لەبەردەم دەست و بازووی پیاو و ژنی ئەم شارە چۆكیان دادا. ھەر لەم ڕۆژە مێژوویەدا و لە ھەوارگەیەكی پڕ لە گوڵزاری وەكو ئێرەوە، لە بناری كۆڕەك و ھەندرێن و لە بەرزاییەكانی خەرەندەوە، لە شاری پاشای گەورە و وەستا ڕەجەب و چەندان جوامێری دیكەوە، بەیەك دەگەین بۆ كۆنفڕانسێكی ناوازە لەسەر كولتوور و شارستانی ڕواندز.

خۆشەویستان ...

 ئەم شارە بە درێژایی مێژوو بەشێكی زیندوو بووە لە جەستەی كوردستان. لێرەوە چەندین چالاكیی ھونەری سەری ھەڵداوە، یەكەمین چاپخانەی لە باشووری كوردستان دامەزراوە. زمان و ئەدەبی كوردی لەم شارەدا ھەردەم گەشاوە بووە. بۆیە خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كۆنفڕانسێك سازبكەین كە ببێتە میمبەرێك بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و گفتوگۆی ئەكادیمی و زانستی لەسەر كولتووری ڕواندز. بەم چالاكییە، زانكۆی سۆران لاپەڕەیەك نەك لەسەر مێژوو و شارستانی شارێك واڵا دەكات، بەڵكو ئەم شارە وەكو پارچەیەكی زیندوو لە جەستەی خاك و وڵات وێنا دەكات.

ئامادەبووانی ھێژا ...

 بەدرێژایی ھەموو ئەو كۆنفڕانسە زانستییانەی لە تەمەنی زانكۆكەمان بەستووە، ھەمیشە و ھەمیشە ویستوومانە لایەنە زیندووەكانی كولتووری كوردستان بكەینە ھەوێنی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە. بەردەوامیش ویستوومانە لەگەڵ دامودەزگا مەدەنی و حكومیەكانی ئەم دەڤەرە كار بكەین و ببین بە بەشێك لە كۆمەڵگەی سۆران و دەوروبەری. لەم گۆشە نیگایەشەوە، دەمانەوێت لە داھاتووێكی نزیكدا ھەر لە سۆران و ڕواندز نەوەستین، بەڵكو كۆڕبەند و دیدارە ئەكادیمییەكانمان ببەینە ھەموو سەنتەرەكانی ئەم دەڤەرە و چالاكیی زانستیی ئەنجام بدەین.

توێژەرانی بەڕێز ...

 ئومێدەوارین لەم دوو ڕۆژەدا گفتوگۆیەكی پڕ لە زانست و زانیاری دروست بێت و دواتریش توێژینەوەكان لە پەرتووكێكی قەشەنگدا بخرێنە بەر دیدی خوێنەران.

 جارێكی دیكە، بەناوی خۆمان و تەواوی ستافی ئەكادیمی و كارمەندانی زانكۆی سۆران، بەخێرھاتنتان دەكەین بۆ كۆنفڕانسی "ڕواندز پێگەیێكی ژیاری بە دەوڵەتبوون لە مێژووی كورددا".

 ھەر شادبن

19-5-2016