ده‌قی وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" له‌ دیالۆگی زانكۆی سۆران، سەبارەت بە "پڕۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان"

Dr Muslih Project

 

ئاماده‌بووانی هێژا، خوشك و برایانی خۆشه‌ویست، میوانانی ئه‌م گفتوگۆیه‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌، به‌یانیتان باش.

 دیاره‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ و ئێوه‌ی لێره‌دا كۆكردۆته‌وه‌، بابه‌تێكی هه‌ستیار و چاره‌نووس سازه‌. له‌ كاتێكدا گه‌ل و میلله‌ته‌كه‌مان دووچاری چه‌نده‌ها گرفتی ئابووری و شه‌ڕ و ململانێی ڕامیاری بۆته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆته‌ پرسێكی گفتوگۆ ئامێز.

له‌م سۆنگه‌یه‌ و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و په‌یوه‌ستبوون به‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته‌، زانكۆی سۆران میوانداریتان ده‌كات تا له‌ نزیكه‌وه‌ لایه‌نه‌كانی ئه‌م پرسه‌ شڕۆڤه‌ بكه‌ن و ئه‌نجامێكی یاساییی و دروست به‌ده‌ست بهێنن.

به‌ڕێزانی به‌شداربوو …

 به‌ درێژایی مێژووی خه‌باتی ڕزگاری خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستا بۆمان ڕه‌خساوه‌ هه‌رگیز نه‌ڕخساوه‌ و دووباره‌ش نابێته‌وه‌. ئه‌م وڵاته‌ به‌ خوێن پارێزراوه‌ و قوربانی بۆ دراوه‌. له‌ كاتێكی ئاوا هه‌ستیار و ناسكدا، دوژمنانمان ده‌یانه‌وێت سه‌رله‌به‌ری مێژووه‌مان بشێوێنن و جارێكی دیكه‌ به‌ره‌وه‌ ئاینده‌یه‌كی نادیارمان ببه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌م هێرشانه‌ وه‌ستاوه‌ و ناهێڵێت دیسانه‌وه‌‌ وڵاته‌كه‌مان بكه‌وێته‌ سه‌ر لێواری مه‌رگ، (سه‌ركردایه‌تی كورد)ه‌.

هێژایان …

 له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو بابه‌ته‌ گرنگ و چاره‌نووس سازانه‌ش كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ماندا تێده‌په‌ڕێت، سه‌ركردایه‌تی كورد له‌به‌رده‌م قۆناخێكی لێوان لێو له ئومێدبه‌خشی وه‌ستاوه‌. ئه‌وه‌تا پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆته‌ واقیعێكی چاوه‌ڕوانكراو. ئاخۆ ده‌كرێت له‌ به‌دێهێنانی ئه‌م خه‌ونه‌ له‌ مێژینه‌مان ده‌وری سه‌ركردایه‌تی كورد له‌بیر بكرێت؟ من ده‌پرسم، كێ هه‌یه‌ بتوانێت باوك ئاسا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌ ببێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا به‌رپرسیاریه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت؟ …. بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ دیاره‌، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌توانن زانستیانه‌ و ته‌ندروستبینانه‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی ڕاست و دروست بۆ ئه‌م پرسه‌ بدۆزنه‌وه‌ و گفتۆگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن.

به‌ داخه‌وه‌، هه‌ندێك لایه‌ن و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا، پرسی (ده‌ستووری هه‌رێم)یان قۆزتۆته‌وه‌ و بۆ مه‌رامی سیاسی و تاك لایه‌نانه‌ به‌كاری ده‌هێنن و موزایه‌ده‌ی پێوه‌ ده‌كه‌ن. له‌ ژینگه‌یه‌كی ئاوادا، ئایا ده‌كرێت ئێمه‌ی خاوه‌ن زات و زانینی ئه‌كادیمیی ده‌سته‌وه‌ستان له‌به‌رده‌م سیناریۆكانی ئه‌م پرسه‌ بوه‌ستین؟ ئاخۆ كاری ئێمه‌ نییه‌ ڕه‌هه‌نده‌ یاساییه‌كانی ئه‌م پرسه‌ و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین؟ به‌ڵێ، زانكۆ یه‌كێكه‌ له‌و فه‌زایانه‌ی ده‌توانێت چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو گرفتێكی كۆمه‌ڵگه‌ بدۆزێته‌وه‌. زانكۆ ده‌توانێت بێلایه‌نانه‌ و به‌رپرسانه‌ ڕاوێژكاربێت بۆ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن بڕیارن.

ئازیزانی خاوه‌ن بیرۆكه‌ و زانیاری ئه‌م كۆنفڕانسه‌ … ئامه‌دابووانی خۆشه‌ویست

 ئێوه‌ ئه‌مڕۆ بابه‌تێك ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌متان بۆ گفتوگۆ كردن، وابه‌سته‌ی داهاتووی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌. (زانكۆی سۆرانی)ش، وه‌كو به‌شێك‌ له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، لایه‌نێكی ئه‌كادیمیی گرنگ ده‌بێت بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیبه‌یت له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌رێم و لایه‌نه‌ یاساییه‌كانی ده‌ستوور. به‌گشتی، تاوه‌كو ئێستا ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نیا له‌ په‌ڕله‌مان و باره‌گای پارته‌ سیاسییه‌كان قسه‌ و باسی له‌سه‌ر كراوه‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ، ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه‌ی داهاتووی (كوردستان)ی له‌سه‌ر به‌نده‌، له‌ لایه‌ن ئێوه‌ی ئه‌كادیمییست و زانستخوازه‌وه‌‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانی بدۆزرێته‌وه‌.

به‌ڕێزان …

 له‌ كۆتاییدا، ئومێده‌وارین ئێوه‌ش خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌ ده‌نگتان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ پرسی ده‌ستوور و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبسه‌نگێنن.

 ئیتر سوپاس و پێزانینی خۆمانمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خوازیاری ئه‌وه‌ین گفتوگۆیه‌كانتان سوودبه‌خشبن بۆ كورد و كوردستان.

هه‌ربژین

د. موسڵیح مستەفا - سەرۆكی زانكۆی سۆران