وتاری بەڕێز د. موسڵیح مستەفا لە نۆیه‌مین خولی ده‌رچووانى زانکۆی سۆران

46488589 323517064900740 6303393015490674688 N

 

قوتابییانی خۆشه‌ویست، ڕۆله‌ به‌ ئه‌مه‌كه‌كانی گه‌ل و نیشتیمان …

به‌ ناوی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سۆران و ته‌واوی مامۆستا و كارمه‌ندانه‌وه‌، پیرۆزباییتان لێده‌كه‌ین به ‌بۆنه‌ی ده‌رچوونتان له‌ زانكۆ. له‌م ڕۆژه‌ مێژووییه‌ی ته‌مەنتان، كه‌ ڕێوڕەسمی ماڵئاوییتان له‌ زانكۆی سۆران ده‌گێرین و چرای به‌خته‌وه‌ری و ڕووناكیتان هه‌ڵده‌كه‌ین، هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خواین له‌ داهاتووی كار و خه‌بات و ژیان و ژیار و ئه‌ركی زانستی و ئه‌كادیمیتان. ئومێدمان زۆره‌ كه‌ ئێوه‌ی سه‌ركه‌وتووانی زانكۆی سۆران ده‌بنه‌ ڕێگانیشانده‌ری سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان له‌ داهێنان و زانستدا.

قوتابییانی زێده‌ ئازیز …

له‌م ساته‌وه‌ سه‌رەتایه‌كی نوێ له‌ ژیانتان ده‌ستپێده‌كات، كه‌ پێویسته‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌كی ڕه‌نگین بۆ نه‌خشاندی داهاتووتان. چونكه‌ ئێوه‌ نه‌وه‌ی نوێ و سه‌ركرده‌ی داهاتووی ئه‌م نیشتیمانه‌ن، داهاتووتان وابه‌سته‌ی چه‌ندین ئه‌رك و خزمه‌تكردنه‌. پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌  بونیادی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن و زانستخواز بهێته‌ به‌رهه‌م. پێویسته‌ توانا و هێزی ئێوه‌ ببێته‌ هه‌وێنی دروستبوونی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و خۆشگوزه‌رانی له‌ وڵاته‌كه‌ماندا.

قوتابییانی دوێنی و مامۆستا و ئه‌كادیمیست و زانایانی ئه‌مڕۆ و بەیانی…

له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نی خوێندنتان، زانكۆی سۆران مۆمێكی درەوشاوەی خه‌باتی زانستی بووه‌ له‌ كوردستان. ئێمه‌ و ئێوه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ بووین كه‌ شه‌ڕ و قه‌یران و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ماندا هاتن كاریان تێنه‌كردین و هه‌رده‌م به‌ره‌و لوتكه‌ی په‌روه‌رده‌ و زانست هه‌نگاومان ناوه‌. بۆیه‌ پێمانوایه‌ ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئێوه‌ وەرچەرخانێکی گرنگە لە خەباتی ڕۆشنبیری و زانستی لە کوردستاندا.

ئازیزان …

ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕۆژه‌ كۆتایی ته‌مه‌نی خوێندنتانه‌ و به‌ بڕوانامه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ره‌و ژینگه‌یه‌كی پراكتیكی گوزه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام زانكۆی سۆران هه‌میشه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ مایه‌ی شانازییه‌ بۆ هه‌مووتان. وه‌ك چۆن له‌ ڕابردوودا زانکۆی سۆران ویستوویەتی ببێتە لانەیەکی خنجیلانە بۆ هەموو کوڕ و کچانی کوردستان تا بتوانن ئەسپی خەباتی ڕۆشنبیری و زانستیی خۆیان تێیدا تاو بدەن، له‌ داهاتووش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ئێمه‌ و ئێوه‌ش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌مان هه‌بووه‌ كه‌ ببینه‌ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئەزموونێکی پڕشنگدار له‌ گه‌شه‌كردنی زانكۆكه‌مان دروست بكه‌ین، کە ئێستا لەسەر بنەمایەکی بە هێز ساڵ بە ساڵ باڵا دەگرێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات.

هێژایان …

له‌ كۆتاییدا، ئاهەنگی دەرچوونتان پیرۆز ده‌كه‌ین و خوازیارین هەمیشە ئەو بیرتیژ و خامە ڕەنگیانانەبن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵی زانست و ڕۆشنبیری لە کوردستان و جیهان. جارێکی دیکە، بەناوی ئەنجومەنی زانکۆ و تەواوی مامۆستا و کارمەندانی زانکۆی سۆران، پیرۆبایی ئەم ڕۆژە مێژووییەتان لێدەکەین و ئومیدی دواڕۆژێکی هیوابەخشتان بۆ دەخوازین.

ئه‌م ڕێوڕەسمە‌تان پیرۆز و هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتووبن

د. موسلیح مسته‌فا

سه‌رۆكی زانكۆی سۆران

پاییزی ٢٠١٨