وه‌رگێڕانى به‌هێز، داهێنان به‌رهه‌م دێنێت

Zebar Award

"زێبار عه‌زیز خان"، فه‌رمانبه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى راگه‌یاندنى زانكۆى سۆران به‌ وه‌رگێڕانى 19 كتێب بۆ سه‌ر زمانى كوردى، توانى له‌ ریزى به‌هره‌مه‌ندانى كوردستاندا جێى خۆى بكاته‌وه‌ و خه‌ڵاتى لاوى ساڵ له‌ بوارى وه‌رگێڕاندا، به‌ده‌ست بێنێ


 "زێبار" له‌ وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى ماڵپه‌ڕى "زانكۆى سۆران"دا، تیشكده‌خاته‌ سه‌ر كارى وه‌رگێڕان و پێیوایه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ چه‌ند ساڵى رابردوو، پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕان هه‌نگاوى گه‌وره‌ى ناوه‌و به‌رده‌وام كتێبى وه‌رگێڕدراو چاپده‌كرێت و كیتێبخانه‌ى كوردى زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرێت.
*با له‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین چۆن بوو خۆت له‌گه‌ڵ وه‌رگێران گونجاند، چى واى لێكردیت كارى وه‌رگێران هه‌ڵبژێرى؟
- هه‌وڵدان بوو بۆ ده‌رخستنى مه‌به‌ستى نووسه‌ر و گواستنه‌وه‌ى مه‌به‌ستى ده‌ق به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست بۆ خوێنه‌ر. ئه‌وه‌ش كه‌ وای لیكردم ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ بگرمه‌به‌ر خولیای ئاشناكردنى خۆم و خوێنه‌ر بوو به‌ تێگه‌یشتن و ڕوانین له‌ ده‌لاقه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌وه‌ بۆ ده‌وروبه‌رو جیهان و شاره‌زابوون له‌ دید و ڕه‌وت و كولتووره‌ جیاوازه‌كان.
* تا ئێستا هه‌وڵت نه‌داوه‌ له‌ بواره‌كانى فیكر وه‌ك ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، وه‌رگێران بكه‌یت؟ -
 به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵمداوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى هزرو فیكردا، چونكه‌ كێڵگه‌یه‌كى به‌ پیته‌ بۆ وه‌رگێڕان و كانیاوێكى به‌خوڕه‌ بۆ خوێنه‌ران. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌م كاریش له‌سه‌ر بوارى هونه‌ر، ده‌كه‌م.
*ئێستا ئاست و پێگه‌ى پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕان چۆن ده‌بینیت له‌ كوردستان؟ -
 شه‌پۆڵێكى به‌ هێزى وه‌رگیڕان له‌ ڕێدایه‌، به‌و هیوایه‌ى بتوانێ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك و خاكمان بكات، له‌ ڕووى چه‌ندێتییه‌وه‌ پێم وابێت باشه‌، به‌ڵام له‌ ڕووى چۆنیه‌تى و كواڵێتییه‌وه‌ واى بۆ ده‌چم هێشتا ته‌واو پێگه‌یشتوو نه‌بێ، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ى به‌ره‌و پێگه‌یشتندایه‌. له‌ هه‌مانكاتیشدا ئێـمه‌ هه‌تا پڕۆسه‌یه‌كی به‌هێزى وه‌رگێڕانمان نه‌بێت، داهێناى گه‌وره‌ش كه‌مێك ئه‌سته‌م ده‌بێت
. * ده‌زگاكانى وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ تا چه‌ند له‌ ئاستى پێویست دان له‌ رووى بره‌ودان به‌ پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕان؟
 - له‌ ئاستێكى زۆر باشدان، ئومێدم وایه‌ ئامانجیان له‌مه‌ ته‌نها قازانجى دارایی نه‌بێت، به‌ڵكو خزمه‌ت كردن بێ به‌ بوارى زانستى و ئه‌كادیمیى و.. هتد. * ئێوه‌ ده‌مێكه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كارى وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كى زۆرى كتێبتان وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانى دایك، به‌ڕاى ئێوه‌ چ كایه‌یه‌ك گرنگه‌ بۆ كورد كه‌ پێویستى به‌ وه‌رگێڕان بێت؟ - بواره‌كانى: هزرى، زانستى، ئه‌كادیمی و ئایینى. بۆ ئه‌وه‌ى تاكێكی هۆشمه‌ند دروست بێت و خاوه‌ن زانست و توانست بێت و ئه‌و توانایه‌ى هه‌بێت كه‌ راستییه‌كان لێك جیا بكاته‌وه‌ و هه‌موو شتێكى به‌ نرخى راستى پێ نه‌درێت.
 * هه‌ندێك كه‌س كارى وه‌رگێڕان به‌ تیم ده‌كات، ئایا پڕۆسه‌ى وه‌رگێران به‌ كۆمه‌ڵ ته‌ندروستتره‌ یان له‌ چوارچێوه‌ى تاكه‌كه‌س؟ تۆ چۆن له‌م كاره‌ ده‌ڕوانیت؟
- پێم وایه‌ هه‌ر دوو شێوه‌یان به‌رهه‌مدارن، به‌ڵام چ تاكه‌كه‌س یان ده‌سته‌ بێ، ئه‌وا ده‌بێ شاره‌زایی ته‌واویان هه‌بێ له‌و بواره‌ى وه‌رگێڕانى تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كه‌ به‌ ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵ بێ ئه‌وا ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت یه‌ك شێوازو ڕێباز په‌یڕه‌و بكه‌ن تا فڕه‌ ده‌ستى له‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا ڕه‌نگ نه‌داته‌وه‌.
* وه‌ك خۆشت ده‌زانیت كڕۆكى سه‌ره‌كى كارى وه‌رگیڕان بریتیه‌ له‌ ئه‌مانه‌ت. به‌بڕواى ئێوه‌ وه‌رگێڕان تا چه‌ند ئه‌مانه‌تى له‌ ده‌ستداوه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ت له‌ ده‌ست بدات كارێكى لێڵ نابێت؟ بۆچوونى ئێوه‌ چییه‌؟ -
 به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مانه‌ت، تا ڕادده‌یه‌ك له‌ كارى وه‌رگێڕاندا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌. بۆ نموونه‌ كه‌سی وا هه‌یه‌ به‌بێ مۆڵه‌تى نووسه‌ر ده‌قێك وه‌رده‌گێڕێت، یان له‌ پارچه‌ نووسینێكدا وشه‌ یان ڕسته‌ یاخود بڕگه‌یه‌ك كه‌ لێی تێ ناگات په‌لى ده‌دات بێ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى شرۆڤه‌كردنى بدات، كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكى مه‌ترسیداره‌.
 * ئیستا له‌ بوارى وه‌رگێڕان چیتان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌؟ -
 دوو كتێبم له‌به‌رده‌ستدان، كه‌ ئه‌مانه‌ن: "نوێسازى هه‌ڵوێستى ئیسلامى: دكتۆر محه‌ممه‌د شه‌ریف ئه‌حمه‌د، توێژینه‌وه‌یه‌كى هزرى زۆر به‌ پێزه‌) و (خودا: سه‌عید حه‌وا، توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستییه‌".
* وه‌كو وه‌رگێڕێك چ داواكارییه‌كتان هه‌یه‌؟
- هیوادارم وه‌رگێڕان وه‌ك هه‌ر هونه‌رێكى دیكه‌ بایه‌خى خۆی پێ بدرێت و بنرخێنرێت، چونكه‌ هۆكارى پێشكه‌وتن و تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنى گه‌لانه‌، به‌و ئومێده‌ى ئه‌م دیمانه‌یه‌ ببێته‌ هه‌وێنى زیاتر گرنگى پێدانى زانكۆی سۆران و حكومه‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ كارى وه‌رگێران و وه‌رگێڕه‌كان. ئه‌گه‌ر به‌ مادده‌ش نه‌بێ ئه‌وا هه‌ر نه‌بێ با به‌ نرخاندن و ڕێزو هاندان بێ
. پڕۆفایل: -
ـ زێبار عه‌زیزخان مهاجیر
- ساڵى 1989 له‌ شارى سۆران له‌دایك بووه‌
 ـ كارگێڕى كار په‌یمانگه‌ى سۆرانى ته‌واو كردووه‌
 ـ19 كێبێى له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌، وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانى كوردى
 -  فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سۆران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى راگه‌یاندن
چاوپێكه‌وتن: توانا ته‌ها
وێنه‌: توانا ته‌ها