زانكۆی سۆران دیداری "مه‌سعوود محه‌ممه‌د"ساز ده‌كات

Masoud Mohammad

له‌ دوازده‌هه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی بیرمه‌ندی كورد (مه‌سعوود محه‌ممه‌د)دا و له‌ ژێر درووشمی (شڵه‌قاندنی گۆمی هزر له‌ پێناو ئاسۆیه‌كی روونتر)، به‌شی كوردیی فاكه‌ڵتی ئادابی زانكۆی سۆران، له‌ رێكه‌وتی ١٠-١١/٥/٢٠١٤ دا، دیداری (مه‌سعوود محه‌ممه‌د) سازده‌كات.

هه‌روه‌ك "م. هێمن عومه‌ر" سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری دیدار باسی لێوه‌ كرد: " ئامانج له‌م دیداره‌ تیشكخستنه‌ سه‌ر ئه‌و هزر و فكره‌ فراوان و قوڵه‌یه‌، كه‌ ناوبراو له‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌". له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد، كه‌: " ئه‌نجامدانی ئه‌م دیداره‌ له‌ سه‌ر "مه‌سعوود محه‌مه‌د" بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری رۆشنبیران و لێكۆڵه‌رانی كورد به‌ بیرمه‌ندێكی دیاری كوردی داده‌نێن و پێیان وایه‌ كه‌ نووسینه‌كانی هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی قوڵی فكرین. بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی، پێویسته‌ له‌ سه‌رمان ئه‌و سامانه‌ رۆشنبیری و كولتوورییه‌، بخه‌ینه‌ ژێر تیشكی لێكۆڵینه‌وه‌ و له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی (فیكر، ره‌خنه‌، زمانناسی، مێژوو، سیاسه‌ت،)ه‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی رێساو پێوانه‌كانی زانسته‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌ شڕۆڤه‌ی بكه‌ین، تا بتوانین له‌ گه‌ڵ واقیعی ئیستای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری خۆمان بی گونجێنین و بیكه‌ینه‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ری زۆرێك له‌و كێشه‌ و باسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییانه‌ی كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا هه‌ن".

هه‌ر له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو رۆژه‌دا، نزیك به‌ یازده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن توێژه‌رانی شاره‌زاوه‌، له‌ زانكۆكانی سۆران، به‌غدا و سه‌لاحه‌دین پێشكه‌ش ده‌كرێن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی هاوڕێی "مه‌سعوود محه‌ممه‌د" به‌شدار ده‌بن و تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ژیانی تایبه‌تی و هزری ناوبراو.