زانكۆی سۆران رێز له‌ ئیسماعیل بێشكچی ده‌گرێت

Esmail Beshikchy

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٣١/٥/٢٠١٤ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو میوان له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران و له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا، زانكۆی سۆران میوانداری نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری به‌ناوبانگی تورك و داكۆكیكاری مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد"ئیسماعیل بێشكچی "كرد.

له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌دا و دوای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان "د. موسڵح مسته‌فا "سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌ش كرد و به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی بێشكچی كرد و سوپاس و پێزانینی زانكۆی سۆران و گه‌لی كوردی پێ راگه‌یاند له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ نێو زینداندا له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ گه‌لی كوردو ئاشتی خوازیدا بینیونی".

سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا رایگه‌یاند كه‌ "ناسراو نا ناسێندرێت. بێشكچی به‌درێژایی مێژوو به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كردووه‌ ئه‌ویش كورده‌ و شایه‌نی ئه‌و به‌رگرییه‌ بووه‌. بۆیه‌ ئێستا میلله‌تی كورد دكتۆر ئیسماعیل بێشكچی له‌یاد ناكات و ٥٢ ساڵ پشتیوانیكردن له‌ ئازادی و دۆزی كورد به‌رز ده‌نرخێنێت".

پاشان "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" وه‌كو نوێنه‌ری نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی ده‌ڤه‌ری سۆران له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی بێشكچی و سوپاسی زانكۆی سۆرانی كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ و رێز گرتن له‌و كه‌سایه‌تییه‌ مه‌زنه‌. له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" باسی له‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ بێشكچی بناسرێ‌ به‌ هه‌موو چین توێزه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی. چونكه‌ وه‌ك ناوبراو ئاماژه‌ی پێدا بێشكچی داكۆكیكارێكی راسته‌قینه‌ی مافه‌كانی گه‌لی كورد و رۆشنبیرێكی راسته‌قینه‌یه‌ و له‌ هیچ جۆره‌ سزا و به‌ندیخانه‌یه‌ك نه‌ترساوه‌ و هه‌میشه‌ بیر و باوه‌ڕه‌كانی خۆی به‌ روونی ده‌ربڕیون.

   دواتر "د. ئیسماعیل بێشكچی" سیمینارێكی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد و به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا له‌ مێژووی گه‌لی كورد، تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كورد هه‌میشه‌ قوربانی ده‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌ داگیركه‌ر و زلهێزه‌كان، بووه‌.

له‌ درێژه‌و كۆتایی سیمیناره‌كه‌شیدا به‌ سه‌رنجدان له‌و ئاڵ و گۆڕانه‌ی كه‌ ئێستا هاتوونه‌ته‌ دی و ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆره‌ی كه‌ به‌ سه‌ر كورددا سه‌پێنراوه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ داهاتووی كوردستان هه‌رچی زیاتر روونتر ده‌بێ‌.

هه‌ر له‌ میانه‌ی ئه‌م دیداره‌دا دكتۆر بێشكچی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌م دیداره‌ و رێز لێگرتنی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆرانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رچاو كه‌ زانكۆی سۆران به‌ سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌دا لێی بینراوه‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌ و ئه‌گه‌ر بێت و به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، كاری زۆر گه‌وره‌تری لێ چاوه‌ڕێده‌كرێت". گووتیشی سوپاسی ستافی ئه‌كادیمیی زانكۆی سۆران ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پیشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ لێیان كردم.

   له‌ دوا به‌شی به‌رنامه‌كه‌شدا وه‌ك رێزێك به‌رامبه‌ر به‌ كار و قوربانیدانی ئه‌م بیرمه‌ند و رۆشنبیره‌ له‌ پێناو دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد، لۆگۆی زانكۆی سۆرانی له‌ لایه‌ن "د. موسلح مسته‌فا"وه‌، پێشكه‌ش كرا.

پرۆفایل:

- ئیسماعیل بێشكچی له‌ ٧ ی كانوونی دووه‌می ١٩٣٩ له‌ قه‌زای ئه‌سكیلیبی سه‌ر به‌ پارێزگای جورم له‌ توركیا، له‌ دایك بووه‌.

- له‌ ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٤ له‌ ناوچه‌كانی به‌دلیس و هه‌كاری، خزمه‌تی سه‌ربازی كردووه‌.

- سه‌ره‌تا زانسته‌ سیاسییه‌كانی خوێندووه‌ و له‌ ساڵی ١٩٦٧ بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ بواری كۆمه‌ڵناسیدا وه‌رگرتووه‌ و له‌ زانكۆی ئه‌تاتورك له‌ شاری ئه‌رزرووم مامۆستا بووه‌.

- به‌ هۆی نووسین و كتێبه‌كانی له‌ سه‌ر كورد چه‌ندین ساڵ زیندانی كراوه‌و له‌ پیشه‌ی مامۆستایه‌تی دوورخراوه‌ته‌وه‌.

- له‌ كۆی ١٠٠ ساڵ حوكمدان به‌ زیندانیكردن به‌هۆی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌سه‌ر باكووری كوردستان، به‌گشتی ١٧ ساڵی ژیانی له‌ زینداندا به‌سه‌ربردووه‌، كه‌ دادگا هه‌میشه‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ پارچه‌كردنی توركیای داوه‌ته‌ پاڵ .

- بێشكچی پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ده‌كات و خاوه‌نی تێزی " كوردستان كۆڵۆنییه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی) یه‌ .

- بێشیكچی دوای چه‌ند جارێك زیندانیكردن له‌ساڵی ١٩٩٩ دا له‌ زیندان ئازادبوو.

- له‌كۆی ٣٦ په‌رتووك و لێكۆڵینه‌وه‌ی ، سی و دوویان قه‌ده‌غه‌كران له‌ توركیا .

- ئێستا سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی به‌ پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی ، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ توركی چاپده‌كرێنه‌وه‌ و دواتریش ده‌كرێنه‌ كوردی.

- له‌ ساڵی ١٩٨٠ دا پاش ئه‌وه‌ی كه‌ نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی سویسرا و رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی ده‌نووسێ‌ و باسی دۆزیی ره‌وای كورد ده‌كات، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ده‌بڕێته‌وه‌.

- خاوه‌نی زیاتر له‌ ٢٠ كتێبه‌ له‌ باره‌ی سیسته‌می ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان و دۆزی كورد.

- بێشكچی ئێستا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ژی و به‌رده‌وام له‌ هاوكاریدایه‌ له‌گه‌ڵ وه‌قفی ئیسماعیل بێشكچی ، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كوردێكه‌وه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ دروستكراوه‌.

- شایه‌نی باسه‌ بێشكچی دووجار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، كه‌ هه‌ردووجار له‌ لایه‌ن "ده‌زگای خێرخوازی بارزانی" یه‌وه‌، میوانداری كراوه‌.

راپۆرت و وێنه‌: توانا ته‌ها