د. به‌گیخانی: له‌كوردستان جۆرێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن سه‌باره‌ت به‌ جێنده‌ر له‌ ئارادایه‌

An Interview With Dr Nazand Begixani

دوای سه‌ردانێكی كورتی یه‌ك رۆژه‌ بۆ زانكۆی سۆران و پێشكه‌شكردنی چه‌ند وانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ (جێنده‌ر، "د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی" پسپۆڕی بواری جێنده‌ر، له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی و چه‌ن باسێكی تایبه‌ت به‌ جێنده‌ر كرد.

له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌یدا، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه‌ سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ زانكۆی سۆران زانكۆیه‌كی كراوه‌یه‌و ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی به‌های هه‌یه‌ و پیاده‌ ده‌كرێت و هیوای ئه‌وه‌شی خواست كه‌ له‌ داهاتوودا بتوانێ‌ له‌ گه‌ڵ زانكۆی سۆران چه‌ند كارێكی جدی له‌م پێوه‌ندییه‌دا بكات.

له‌ درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ باسكردن له‌ سه‌ر جێنده‌ر و چه‌ند بابه‌تێكی فێمینیستی، "د. نه‌زه‌ند" ی ده‌رچووی زانكۆكانی بریستۆڵی به‌ریتانی و سۆربۆنی فه‌ره‌نسی ، روانینه‌كانی خۆی له‌وباره‌وه‌ خستنه‌ به‌رچاو.

له‌ ناساندنی جێنده‌ردا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ جێنده‌ر گرنگی به‌و لایه‌نانه‌ ده‌دات كه‌ مه‌سه‌له‌ی ژن بوون و پیاو بوون، بره‌و پێده‌دات. له‌ درێژه‌دا ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رچاو كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ كوردستان جۆرێك تێنه‌گه‌یشتن له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌ و زۆر تایبه‌تییان كردووه‌ به‌ لایه‌نی سێكسییه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، "د. به‌گیخانی" په‌رژایه‌ سه‌ر باس كردنی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌و شێوه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ كوردستاندا كار له‌ سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ نه‌كراوه‌ و له‌ درێژه‌دا ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رچاو كه‌ پێویسته‌ ئاستی كاركردن له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ فراوان بكه‌ین و بیگوازینه‌وه‌ بۆ ئاستی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و زانكۆكان و به‌ گشتی هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا.

هه‌ر له‌ دووتوێی ئه‌م وتوووێژه‌دا و له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی زۆرجار باسكردن له‌ سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌، گوتی: ئه‌وه‌ی كه‌ وای كردووه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ كێشه‌ و وه‌ك كێشه‌ بكه‌وێته‌ به‌رچاو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باس له‌ بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیار ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ویش ژنه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی تردا، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ژێرده‌سته‌ بوونی ژن به‌ درێژایی مێژوو، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ژن له‌ زۆر حاڵه‌تدا هه‌ست به‌ كه‌می بكات و دواجار ئه‌مه‌ش رۆڵی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ باوكسالاری بمێنێته‌وه‌ و ئه‌و روانگه‌یه‌ بێنێته‌ به‌رهه‌م كه‌ پێی وایه‌ ژنان بۆ خۆیان به‌رهه‌مهێنه‌ری پیاوسالارین.

وێنه‌: سۆران محه‌مه‌د

مۆنتاج: كاروان ئۆزكورت