وه‌ك هه‌نگاوێك له راستای جێبه‌جێ كردنی به‌نده‌كانی رێكه‌وتنی نێوانیان ڕۆژی ١٠/٦/٢٠١٤ وه‌فدێکی زانکۆی سۆران و زانكۆی لێسته‌ری به‌ریتانی سه‌ردانی چۆمانی کرد. مه‌به‌ست له‌م سه‌ردانه بریتی بوو له بینینی ناشناڵ پارکی چۆمان و چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێش چوونی كاره‌كانی.
سه‌ره‌تا وه‌فده‌که سه‌ردانی نووسینگه‌ی ناشناڵ پارکیان کرد له ناو بینای قایمقامیه‌ت و به گه‌رمی له‌لایه‌ن قایمقامی "چۆمان"ه‌وه به‌ڕێز (عه‌بدولره‌حمان گوانی) پێشوازی لێ کرا. دواتر وه‌فده‌که له‌گه‌ڵ قایمقام کۆبوونه‌وه. له کۆبوونه‌وه‌که‌دا قایمقامی چۆمان باسی پرۆژه‌ی ناشناڵ پارکی چۆمانی کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که پێویستیان به یارمه‌تی كه‌سانی پسپۆڕ هه‌یه.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه، وه‌فده‌که‌ی زانکۆی سۆران و زانكۆی لیسته‌ر ئاماده‌یی زانکۆكانیان نیشاندا بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆژه گه‌وره‌یه. دواتر وهفدهمكه به یاوه‌ری قایمقام سه‌ردانی شوێنی پرۆژه‌که‌یان کرد له ناوچه‌ی سه‌کران له چۆمان. به پێی رێککه‌وتنی هه‌ردوولا کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وا م ده‌بن و ئه‌مه دوا سه‌ردانیان نابێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه، كه زانكۆی سۆران له رێگه‌ی ئه‌و به‌شه زانستییانه‌وه كه هه‌یه‌تی و په‌یوه‌ستن به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناشناڵ پاركه‌وه، رێنوێنی و به‌رچاوروونی پێویست ده‌دات به به‌ڕێوه‌به‌رانی پڕۆژه‌كه و هاوكات له گه‌ڵ ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ هاوبه‌شه ستراتیجییهكانیدا وه‌كو (زانكۆی لێسته‌ر) ئه‌ركی دابین كردنی پسپۆڕ و شاره‌زای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بینی، تا له‌م رێگه‌یه‌وه ئه‌م پڕۆژه‌یه ببێته پڕۆژه‌یه‌كی ستانداردی جیهانی و گونجاو له گه‌ڵ پێوانه‌و رێوشوێنه ستاندارده‌كانی ناشناڵ پارك. به‌مجۆره زانكۆی سۆران ده‌بێته یه‌كێك له رۆڵ گێڕه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه.
شایه‌نی باسه ناشناڵ پارکی چۆمان به یه‌کێک له پرۆژه هه‌ره گه‌وره‌کان داده‌نرێت که ئامانج لێی درووست‌کردنی ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیارییه له چۆمان.
راپۆرت: کاروان ئۆزکورت
وێنه: رۆژهات مه‌هدی