زانکۆی سۆران دەچێتە ناو ڕیزبەندیی QSی نێودەوڵەتییەوە

Qs

 

لە هەنگاوێکی دیکەی بەرەوپێشچوونی زانستی و نێودەوڵەتیدا، زانکۆی سۆران لە پاڵ بەشێک لە زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەچێتە ناو ڕیزبەندیی QSی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکانی جیهان. ئەم دەستکەوتە دەبێتە یەکەم سەرکەوتنی زانکۆی سۆران کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە دەستی هێناوە و لەم ڕووەوە باوەڕپێکراوی و سەنگی زانکۆکەمان دەچێتە قۆناغێکی بەرزترەوە.

دوای هەوڵێکی زۆر، زانکۆی سۆران توانی ئاستی خۆی بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەرەو پێشەوە ببات و لەلایەن دامەزراوەی کیو ئێسەوە وەک زانکۆیەکی جێباوەڕ پەسەند بکرێت و ناوی بخرێتە ناو ڕیزبەندییەکەوە. بە گوێرەی پۆلێنکردنەکەی کیو ئێس، زانکۆی سۆران لە ناو گروپی زانکۆکانی وڵاتە عەرەبییەکاندا جێگەی بۆ کراوەتەوە و بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە نێو ڕیزبەندییەکەدایە.

کیو ئێس (QS) کورتکراوەی (Quacquarelli Symonds)ە کە دامەزراوەیەکی تایبەت بە ڕیزبەندکردنی ساڵانەی زانکۆکانی جیهانە. دامەزراوەکە زانکۆکانی جیهان بە سەر سێ گروپدا پۆلێن دەکات کە ئەوانیش بریتین لە: ڕیزبەندیی جیهانی، ڕیزبەندیی بابەتی و ڕیزبەندکردن بە پێی پێنج هەرێمی جیۆگرافی، لە ناویشیاندا هەرێمی وڵاتانی عەرەبی. کیو ئێس لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٩ بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی تایمز ڕیزبەندیی ساڵانەی زانکۆکانی بڵاو دەکردەوە؛ لەو ساڵە بە دواوە سەربەخۆ و بە هاوکاریی لەگەڵ دامەرزاوەی (Elsevier) ئەم کارە دەکات.

بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سۆرانەوە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستا و توێژەرانەی زانکۆ دەکەین کە لەم سەرکەوتنەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و بە بێ ماندووبوونی ئەوان ئەم دەستکەوتە بەدی نەدەهات؛ هەروەها لێرەدا سوپاسی تیمی تەکنیکی دەکەین کە لەگەڵ دامەزراوەی ناوبراودا بەردەوام لە سەر هێڵ بوون بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە. لە کۆتاییدا بەم بۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سۆران دەکەین.

لێرەدا پێویستە ئەوەش بگوترێت کە ئەمە خاڵی دەستپێکی زانکۆی سۆرانە و پلان و بەرنامەی جیددی بۆ زیاتر بەرزکردنی پێگەی زانکۆی سۆران لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داڕێژراوە کە پشت بە خودا و توانای ستافی زانکۆ جێبەجێ دەکرێت.

لینکی زانکۆی سۆران لەسەر ماڵپەڕی رانکینگیQS:

https://www.topuniversities.com/universities/soran-university

لینکی ریزبەندی زانکۆکان:

https://www.topuniversities.com/university-rankings/arab-region-university-rankings/2022