SoranUniversityRanking

لە نوێترین ڕیزبەندیدا؛ زانکۆی سۆران یەکەمی هەرێم و حەوتەمی هەموو عێراقە

 

بە گوێرەی نوێترین ڕیزبەندیی کیوئێس بۆ زانکۆکان، زانکۆی سۆران یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە. هاوکات لە سەر ئاستی عێراقیش پێشڤەچوونی گەورەی تۆمار کردووە و گەشتووەتە پلەی حەوتەم. بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا کە لە دوبەی بەڕێوەچوو، خەڵاتی کیوئێس بەخشرایە سەرۆکی زانکۆی سۆران.

کیوئێس دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراوی تایبەت بە ڕیزبەندیی زانکۆکانە. لە ڕاگەیاندنی نوێترین ڕیزبەندیدا، کە لە ڕێوڕەسمێک لە شاری دوبەی لە ئیماراتی عەرەبی بەڕێوەچوو، زانکۆی سۆران توانیویەتی سەرکەوتن و پێشڤەچوونی گەورە تۆمار بکات. بە گوێرەی ئەم ڕیزبەندییە نوێیە کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کراوە، زانکۆی سۆران توانیویەتی، هاوشان لەگەڵ زانکۆیەکی دیکەی کوردستانی، لە سەر ئاستی گشت زانکۆکانی هەرێم ببێتە یەکەم و لە سەر ئاستی عێراقیش، هاوشان لەگەڵ سێ زانکۆی دیکەی عێراقی، ببێتە حەوتەم. ئێستا زانکۆی سۆران لە ناو پلەبەندیی ١٣١-١٥٠دایە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە لە پلەبەندیی ١٥١-١٨٠ بوو، سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە.

لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی نوێترین ڕیزبەندیی کیوئێسدا، کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقا، لە دوبەی بەڕێوەچوو، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وەک میوانی تایبەت بانگهێشت کرا بوو و هاوڕێ لەگەڵ د. مزەفەر سابیر، ڕێکخەری پڕۆگرامی ڕانکینیگی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی سۆران، ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون. هەر لەم بۆنەیەدا، خەڵات و بڕوانامەی تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لەلایەن دامەزراوەی کیوئێسەوە پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی سۆران کرا.

بەم بۆنەیەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران ئەم سەرکەوتنە لە قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی و هەروەها لە تەواوی کۆڕی ئەکادیمییانی کوردستان پیرۆز دەکات. هاوکات سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە ڕۆڵیان هەبووە. زانکۆی سۆران بەڵێنی ئەوەش دەدات پارێزگاریی لەم پێگە زانستییەی بکات و هەوڵی بەرەوپێشبردنی زیاتریشی بدات.

هاوپێچ: پێگەی دامەزراوەی کیوئێسی نێودەوڵەتی بۆ ڕیزبەندیی زانکۆ جیهانییەکان

https://www.topuniversities.com/university-rankings/arab-region-university-rankings/2023