سه‌ردانی سه‌رۆكی وه‌زیران بۆ سۆران

Prime Minister Vist To Soran University

 به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كار و پڕۆژه‌كانی كه‌مپی نوێ و ده‌ستكه‌وت و چالاكییه‌ ئه‌كادیمیه‌كانی زانكۆی سۆران، ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلوولی 2013، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد و له‌ ‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ستافێكی ئه‌كادیمیی و كارگێڕییه‌وه‌، پێشوازی كرا. له‌ میانه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یه‌كێ له‌ باڵاخانه‌كانی كه‌مپی زانكۆدا، سه‌رۆكی زانكۆ پوخته‌یه‌كی له‌ كار و پڕۆژه‌كانی كه‌مپه‌كه‌ باس كرد و دواتر له‌ ‌یه‌كێك له‌ هۆڵه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانی خوێندن، تیشكی خسته‌ سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هه‌ره‌ گرنگی زانكۆی سۆران كه‌ پڕۆژه‌ی به‌ئه‌لكترۆنیكردنی  كه‌مپی زانكۆی سۆرانه‌. پاشان نموونه‌ی تاقیگه‌یه‌كی زانستی به‌سه‌ركرایه‌وه‌، دواتریش له‌ هۆڵی كۆنفڕانسه‌كان، سه‌رۆكی زانكۆ به‌ كورتی باسی له‌ دیدگه‌ و تێگه‌یشتنی زانكۆی سۆران كرد بۆ خزمه‌تكردن به‌ ‌هه‌رێمی كوردستان و تێكڕای مرۆڤایه‌تی، هه‌روه‌ها باسی له‌ ‌قۆناغه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كانی مێژووی چوار ساڵه‌ی زانكۆی سۆران كرد. لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وته‌یه‌كدا خۆشحاڵی و سه‌رسامیی خۆی نیشان دا بۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ زانكۆی سۆران له‌و ماوه‌ كورته‌ی ته‌مه‌نیدا به‌ده‌ستی هێناون و ئه‌وه‌ی له‌ ‌زانكۆی سۆران كراوه‌، به‌ شتێكی چاوه‌ڕوانه‌كراوی له‌ قه‌ڵه‌م دا.‌ هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا به‌وه‌ی كه‌ زانكۆی سۆران له‌م ماوه‌یه‌دا توانیویه‌تی زۆر په‌رۆشانه‌ كار بۆ كواڵێتی بكات و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و دیدگایه‌ی زانكۆی سۆران بۆ كواڵێتی هه‌یه‌تی، هه‌مان ئه‌و دیدگایه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌ت مه‌به‌ستیه‌تی. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند نهێنیی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی زانكۆی سۆران بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و زانكۆیه‌ به‌ باشترین شێوه‌ سه‌ركردایه‌تی كراوه‌، نه‌ك ته‌نها به‌ڕێوه‌بردن. له‌ كۆتاییشدا ئامادیی هه‌موو هاوكارییه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌رده‌وامیدان و سه‌رخستنی زانكۆی سۆران دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا قۆناغێكی نوێی پشتگیری و هاوكاری له‌ حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ زانكۆی سۆران ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ شایسته‌ی ئه‌و پشتگیریه‌یه‌ و ئه‌ركی حكوومه‌ته‌ پشتگیری لێ بكات