ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ سۆران

MoHE Advisor Dr Amanj Saeed

رێكه‌وتى 11/2/2014 هه‌ر له‌ درێژه‌ى واژۆكردنى سێ‌ رێكه‌وتنى گرنگى زانستى له‌ گه‌ڵ زانكۆى لیسته‌ر، به‌رِێز"د. ئامانج سه‌عید" گه‌وره‌ راوێژكارى وه‌زاره‌تى خوێندنى بالآ و توێژینه‌وه‌ى زانستى، به‌ نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌ت، به‌ دوو زمانى كوردى و ئینگلیزى، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى وته‌كه‌یاندا به‌رِێزیان گوتى: ئه‌م مه‌راسیمه‌ به‌رِاى وه‌زاره‌تى خوێندنى بالآ و توێژینه‌وه‌ى زانستى یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سكه‌وته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌ ئه‌كادیمییه‌كان، نه‌ك ته‌نها بۆ زانكۆى سۆران، به‌ڵكو بۆ ته‌واوى خوێندنى بالآ و گه‌شه‌پێدانى خوێندنى بالآ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.
دواتر باسى له‌ پرِۆسه‌ى ریفۆرم له‌ خوێندنى بالآ كرد و له‌ پێوه‌ندى له‌ گه‌ڵ زانكۆى سۆراندا گوتى: زانكۆى سۆران له‌ پرِۆسه‌ى ریفۆرم له‌ خوێندنى بالآدا پێشه‌نگ بووه‌ و پاڵپشتى هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بووه‌، كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ مه‌سه‌له‌ى ریفۆرم و گه‌شه‌پێدانى خوێندنى بالآ، ناونى.
دواتر له‌ پێوه‌ندى له‌ گه‌ڵ ناوه‌رۆكى رێكه‌وتنه‌كان، به‌رِێزیان گوتى: ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌ورِۆ به‌ شانازییه‌وه‌ ئاماده‌ین تێیدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانكۆى سۆران هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ پاڵ هه‌نگاوه‌كانى دیكه‌ى خوێندنى بالآدا ده‌نێت، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى، گرنگى دان به‌ فێربوونى زمانى دووه‌م له‌ زانكۆكان و هه‌روه‌ها درووستكردنى په‌یوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ نێو نه‌ته‌وه‌یى كردنى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ دام و ده‌زگاكانى خوێندندا.
له‌ دوابه‌شى وته‌كانیدا به‌ زمانى كوردى،  سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندى ئه‌كادیمى نێوان  زانكۆى سۆران و زانكۆى لیسته‌ر، ئه‌و پێوه‌ندیه‌ى به‌رز نرخاند و زۆر به‌ گه‌رمى هه‌وڵ و تێكۆشانى سه‌رۆكى زانكۆ و ده‌سته‌ى ئه‌كادیمى زانكۆى به‌رز نرخاند و ده‌ستخۆشى لێكردن، بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ به‌نرخه‌ و گوتى: سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز و دڵخۆشین به‌ هه‌نگاوه‌كانتان.


وێنه‌: عه‌بدولآ ئه‌حمه‌د