شاندی چه‌ند زانكۆیه‌كی بیانی سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد

Delegations From Certain Foreign Universities Visit Soran University

رۆژى سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٦/٥/٢٠١٤ به‌مه‌به‌ستی زیاتر یه‌كترناسین و دروستكردنی په‌یوه‌ندی زانستی و ئه‌كادیمیی، شاندێكی باڵا له‌ چه‌ندین زانكۆی وڵاتانی بیانی سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆرانی كرد و له‌ له‌ لایه‌ن"د. روشدی عوسمان" یاریده‌ده‌ری سه‌ركۆی زانكۆ بۆ كارووباری كارگێڕی و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ده‌سته‌ی ئه‌كادیمی زانكۆی سۆران، پێشوازییان لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران رێكخرا، سه‌ره‌تا"د. روشدی عوسمان" به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كرد و له‌ رێگه‌ی پرێزنته‌یشنێكه‌وه‌، زانكۆی سۆرانی به‌ ئاماده‌بووان ناساند. پاشان شاندی میوانیش وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌، چه‌ند پرسیارێكیان ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی ئه‌كادیمی زانكۆی سۆران كرد، كه‌ به‌ تێروته‌سه‌لی وه‌ڵامیان درایه‌وه‌.

"ئاشتی عه‌لائه‌ددین"به‌ڕێوه‌به‌ری (سه‌نته‌ری لانۆ)، كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌م شانده‌ی ده‌كرد له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند :"ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ زانكۆی سۆران له‌ میانه‌ی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی خوێندن و خوێندنی باڵادایه‌، كه‌ بۆجاری حه‌وته‌مه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت:"

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لانۆ، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خزمه‌تگوزاری بۆ گشت قوتابییان به‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر، زیاتر گووتی :"له‌ نزیكه‌وه‌ چاومان به‌ ستافی ئه‌كادیمیی زانكۆی سۆران كه‌وت و ئاگاداری پێداویستییه‌كانیان بووین و به‌شه‌كانیانمان به‌سه‌ر كرده‌وه‌و دوو ورۆكشۆپمان بۆ مامۆستایانی زانكۆكه‌ پێشكه‌شكردو ده‌رفه‌تێكمان ره‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییانی ئاره‌زوومه‌ند بۆ خوێندنی باڵا، له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م شانده‌ ببینن، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ندین زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی، وه‌كو ئه‌مریكی، به‌ریتانی، ئوستڕاڵی، مالیزی."

ئاشتی عه‌لائه‌دین گووتیشی :"سه‌نته‌ره‌كه‌مان خزمه‌تگوزاری بێ‌ به‌رامبه‌ر پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌و قوتابییانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن له‌ وڵاتانی بیانی"

شایه‌نی باسه‌ كه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، شاندی ناوبراو دوو سیمیناری تایبه‌ت به‌"student centered learning" و "teaching evaluation" له‌ هۆڵی سیمیناری فاكه‌ڵتی ئاداب به‌ڕێوه‌ بردن. بۆ دوای نێوه‌ڕۆش سه‌ردانه‌كه‌یان ته‌رخان كردبوو بۆ پێدانی به‌رچاوڕوونی زیاتر به‌ قوتابییانی خوێندنی باڵا له‌ رووی چۆنییه‌تی نووسینی پڕۆپۆزه‌ڵ و چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی ئۆفه‌ر.

راپۆرت: توانا ته‌ها

وێنه‌: سه‌رهه‌نگ نه‌زیر