دوای ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ری هه‌ندرێن بۆ زمان و توێژینه‌وه‌ی كه‌لتووری/ زانكۆی سۆران، یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ناونیشانی (ڕواندز و پێگه‌یێكی ژیاری به‌ده‌وڵه‌تبوون له مێژووی كورددا) له ڕێكه‌وتی ١٩-٢٠ی ئایاری ٢٠١٦ له هه‌وارگه‌ی پانكی گه‌شتیاری ڕواندز به‌ڕێوه‌برد، رۆژی پێنج شه‌ممه ڕێكه‌وتی ١٨/٥/٢٠١٧ له‌ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و كۆمه‌ڵێك له مامۆستایانی زانكۆ و ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی ڕواندز، چاپی پڕۆسیدینگی كۆنفڕانسی سه‌نته‌ری هه‌ندرێن ڕاگه‌یاندرا.
شایه‌نی باسه دوای به‌خێرهاتن كردنی میوانان و پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌ك له لایه‌ن به‌ڕێز(د.هه‌ڵمه‌ت بایز) به‌رپرسی سه‌نته‌ری هه‌ندرێن، تیشك خرایه سه‌ر بایه‌خ و ئامانجی كۆنفڕانسه‌كه، كه بووه مایه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنێكی گرنگی بواری مێژوویی و كه‌لتووری ناوچه‌ی ڕواندز. هه‌روه‌ها به‌رپرسی سه‌نته‌ر، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی زانكۆی سۆرانی وه‌ك دیارییه‌ك بۆ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ڕواندزی ١٩/٥/١٩٨٧ وه‌سفكرد و له كۆتایشدا سوپاسی هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان "عیسا محمه‌د خدر" وه‌ك سپۆنسه‌ری كۆنفڕانس و "ئیسماعیل كورده" وه‌ك سپۆنسه‌ری چاپی پڕۆسیدنگهكه كرد و هیواشی خواست له داهاتوودا، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگا، هاوڵاتییانی كوردستان بۆ پڕۆژه جۆراوجۆره زانستییه‌كان، به‌پاڵپشتی دارایی زانكۆكانی كوردستان بن.