Writing Center

سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ دەستنووسخانەی زانکۆ کۆدەبێتەوە

 

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ۳/٤/۲٠۱۹، بەڕێز "د. موسڵح مستەفا" سەرۆکی زانکۆی سۆران پێشوازی لە بەڕێوەبەر و ئەندامانی لیژنەی ڕاوێژکاری دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز "د.نەهرۆ زاگرۆس" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کارووباری زانستی، باس لە کار و چالاکی و پڕۆژەکانی دەستنووسخانە کراو، ئامادەکارییەکانی یەکەمین کۆنفرانسی عەللامە مەلا عەبدورەحمانی گەورەی  پێنجوێن، قسەیان لەسەرکرا، کە بڕیارە لە ۱٥ و ۱٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە قەزای پێنجوێن بەڕێوەبچێت.

 هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەر و ئەندامانی دەستنووسخانەی زانکۆ، پلان و ستراتیژیی شەش مانگی داهاتووی دەستنووسخانە و ئامادەکاریی دووەمین کۆنفرانسی زانستیی خۆیان خستەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ و سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی پڕۆژەکانی دەستنووسخانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

لای خۆشیەوە سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی ڕاوێژکاریی دەستنووسخانە کرد و کار و چالاکییە مەیدانییەکان و، هەروەها پڕۆژە دەگمەنەکانی دەستنووسخانەی زانکۆی لە کۆکردنەوە و هێنانەوەی دەستنووسی زانایانی کورد تا دەگاتە ساغکردنەوەیان و ئامادەکاریی کۆنفرانسەکان، بەرز نرخاند و پشتگیریی سەرۆکایەتیی زانکۆی بۆ دووپاتکردنەوە.