لە میانەی بەڕێوەچوونی وانەکانی خولی شیاندنی سەرکردایەتی، کە فاکەڵتی یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان رێکیخستووە، رۆژی سێ شەممە ٩ی تەمموزی ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی بەڕێزان " د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، وانەی دووەمی خولەکە، لە لایەن بەڕێز "م.سەروان حەسەن" بە ناونیشانی ڕێکخستنی کات " Time Management " پێشکەشکرا .
سەرەتا مامۆستا " سەروان حسن " باسی بنیاتنان و خاسیەتەکانی کەسی سەرکردەی کرد و، گوتی: یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە پێویستە لە کەسی سەرکردەدا هەبێ " Time Management " ە . دواتر ئاماژەی بەوە کرد، کە کات چەندە گرینگە بۆ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و ئەوەی روونکردەوە، پێویستە هەموو کەسێک کارووباری ڕۆژانەی خۆی بەپێی کات ڕێكبخات.
لە درێژەی وانەکەدا، بەڕێزیان ڕێکخستنی کاتی بەوە پێناسە کرد، کە پڕۆسەیەکە بۆ پلاندانان و دۆزینەوەی باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی کاتەکان و ڕێکخستنی ئەو کارانەی کە هەمانن.
پاشان گوتی، بۆ ڕێکخستنی کات پێویستە باڵانسێك بدۆزینەوە بۆ ژیانی ئەکادیمی و ژیانی ڕۆژانەی خۆمان. " Time Management " ئامانجەکەی باڵانس دیاریکردنە.
ئامانج لەم وانەکەی بەڕێزیان بریتی بوو لەوەی، کە چۆن بتوانین پلانەکانمان دابڕێژین و ڕێکخستنێکی تۆکمە بۆ کات بکەین، هەروەها چۆن بتوانین چالاکی و کارەکانی ڕۆژانەمان بە کات ڕێکبخەین، کە هەموو ئەمانەش ئەبنە هۆی ئەوەی کەسێکی سەرکەوتوو و سەرکردەمان لێ دەربچێ.
هەر لە نێو وانەکەیدا، بەڕێزیان چەندین نموونەی گرینگی تایبەت بە ڕێکخستنی کاتەکانی ڕۆژانەو هەفتانە و مانگانەی لە لایەنی کردارییەوە، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، کە ئامادەبووان بەشێك بوون لە جێبەجێ کردنی ئەم نموونە کردارییە.