پڕۆگرامی Fulbright Visiting Scholar، كه‌ پڕۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمییە و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا تەمویل دەکرێت، ساڵانه‌  به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی تواناکانی مامۆستایانی زانکۆکانی عێراق، به‌ كێبڕكێ، ژماره‌یه‌ك ئه‌كادیمی  هه‌ڵده‌بژێرێت و، له‌ وڵاتی ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌و بڕگه‌كانی ئه‌و پڕۆگرامه‌، په‌ره‌ به‌ توانا و لێهاتووییه‌كانیان ده‌دات.

به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌كادیمییانی ئه‌مساڵدا، مامۆستای به‌شی كۆمپیوته‌ری زانكۆی سۆران "م. ئاریان فه‌ره‌یدون" به‌شداره‌ و، وا بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا گه‌شت بكات بۆ وڵاتی ئه‌مریكا.

له‌ وته‌یه‌كدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆ، "م. ئاریان فه‌ره‌یدون" گوتی: به‌ خۆشییه‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ وه‌كو یه‌كێك له‌ به‌شدارانی پڕۆگرامه‌كه‌ هه‌ڵبژێراوم، كه‌ بۆ ماوەی ١٠ هەفتە ده‌خایه‌نێت و گشت تێچووەکانی بەشداریکردن لە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکایە.