رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٢٠ی٩ی٢٠١٩، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی منداڵان، لە فاکەڵتی یاساو زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، بەشی یاسای فاکەڵتییەکە، وۆركشۆپێك بۆ هەریەکە لە مامۆستایانی فاکەڵتی بەڕێزان "د.صدقی حمدامین عیسی ، م.ی.ئارام نبی محمد ، م.ی.تەها حسن رەسوڵ" لەژێر ناونیشانی " مافی منداڵ لە شەریعەتی ئیسلام و یاسادا "، رێکخرا.
لە تەوەری یەکەمی وۆركشۆپەکە "د.صدقی حمدامین" گوتی، منداڵی بریتییە لەو قۆناغەی کە مرۆڤ تیایدا دەژی، بەوەی کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە و، ئەو ناوەی هەر لەسەر دەمێنی تا گەورە دەبێ و دەبێتە کەسێکی باڵغ و پێگەیشتوو.
دواتر لە درێژەی بابەتەکەیدا گوتی، منداڵ لەنێو هەموو کۆمەڵگایەك، وەك هەر بوونەوەرێکی تر دووچاری ئازار و ناڕەحەتی دەبێتەوەو مافی پێشێل دەکرێ. منداڵ ناتوانێ وەكو کەسانی گەورە بەرگری لەخۆی بکات و مافی خۆی بەدەستبێنێ. هەر بەم هۆیەش بەڕێزیان وتی، کەوا شەریعەتی ئیسلام گرینگییەکی زۆری بە منداڵ داوە هەر لە کاتی لەدایكبوونەوە تا تەمەنی باڵغبوون. شەریعەتی ئیسلام، گرینگییەکی زۆری داوە بە ماف و داخوازییەکانی منداڵ، پێش لەدایكبوونی و دوای لەدایكبوونیشی. لەمانەش( سەلامەتی منداڵ لەو کاتەی لەناو سکی دایکییەتی، دڵخۆشکردنی منداڵ، مافی ژیانێکی شایستە، مافی ناوو ڕەگەزنامە، مافی شیرپێدان، مافی سەرپەرشتیکردنی لەلایەن دایك و باوکی، مافی لایەنی تەندرووستی، مافی پەروەردەکردنێکی ڕاست و تەندرووست و .....هتد ".
تەوەری دووەمی وۆركشۆپەکە لە لایەن " م.ی.ئارام نبی " بەڕێوەبرا، کە تایبەت بوو بە باسکردنی ململانێی چەکداری و پاراستنی مافی منداڵ بەپێی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی. بۆ ئەمەش بەپێی داتایەك کە بەڕێزیان خستییەڕوو لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ٢ ملیۆن منداڵ کوژراون و ١ ملیۆن هەتیو کەوتوون و ٦ ملیۆنیش پەککەوتە بوون، هەروەها ١٠ ملیۆن منداڵیش توشی ناڕەحەتی و هەراسانی بوون. ئەمە جگە لەوەی کە ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار منداڵ کراونەتە چەکدار. دواتر جۆرەکانی ململانێی چەکداری بۆ ئامادەبووان باسکرد، کە ململانێی چەکداری نێودەوڵەتی و دەوڵەتی هەن. لە هەردوو جۆرەکەدا، یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەسەردا جێبەجێدەبێت. هەروەها باسی لەو پێشێلکاریانەش کرد، کە لە لایەنی چەکداری و گرووپەکان بەرامبەر منداڵ دەکرێن.
دواتر بەڕێزیان تیشکی خستەسەر بە چەکدارکردن و بەشداری منداڵ لە جەنگدا، کە ئەمەش دوو حاڵەتی هەیە. بە شێوازی ناڕاستەوخۆ ببێ بە بەردە یاخود کۆیلەی سێکسی، یان بە ڕاستەوخۆ بەشداری لە شەڕدا بکات، کە لە هەردوو بوارەکەدا قەدەغەیە و هەمووی دژی رێککەوتنی نێودەوڵەتییە، چونکە بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، نابێ تەمەنی منداڵ لە ١٥ ساڵ کەمتر بێ. هەروەها اغتصاب کردن و بەکارهێنانی وەك کۆیلەی سێکسی و داوێن پیسی بە زۆر، ئەمانەش هەمووی دەچنە قاڵبی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و، هەم لە ئاینی ئیسلام و هەم لە رێککەوتنە نێودەڵەتییەکان ڕێگەپێنەدراوە .
لە کۆتایی وۆركشۆپەکەشدا "م.ی.گە حسن " لە لایەنی سایکۆلۆژی و لایەنی یاساییەوە، تیشکی خستە سەر منداڵ و توندوتیژی کردن بەرامبەر بە منداڵ لەناو کۆمەڵکا. بۆ ئەمەش بەڕێزیان وتی کە توندوتیژی دژی منداڵ، هەموو ئەو هەڵسوکەوتە توندانەیە کە بەرامبەر بە منداڵ دەکرێن، چ لە ماڵ یاخود لەو شوێنەی کە لێیەتی و ببێتە هۆی ئازاردانی لە لایەنی جەستەیی و دەروونی. بەمەش کاریگەری خراپ لەسەر منداڵەکە جێدێڵی. دواتر هاتە سەر باسکردنی جۆرەکانی توندوتیژی دژی منداڵ و گرینگرترین هۆکارەکانی ئەم توندوتیژیانە و، هەروەها نیشانەکانی ئەو توندوتیژیانەی دەکرێن بەرامبەر بە منداڵ لەگەڵ چارەسەرییەکانی، بە وردی بۆ ئامادەبووان باسکردن.