لە میانەی بەردەوامی کارو چالاکییەکان لە فاکەڵتی یاسا و زانسته سیاسییهكان و بهڕێوهبردن، رۆژی یەكشەممە بەرواری ٢٤ی١١ی٢٠١٩، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و سەرۆکی بەشی یاسا و مامۆستایان و قوتابییان، بەشی یاسای فاکەڵتییەکە، وۆركشۆپێكی بۆ هەریەکە لە مامۆستایانی فاکەڵتی، بهڕێزان "د.خالد السلیم ، م.ی.هیمداد فیصل أحمد ، م.ی.محسن شریف صالح " بە ناویشانی "گرێبەستە نەوتییهكانی هەرێمی کوردستان "، رێكخست.
سەرەتا "د. خالد السلیم" تیشکی خستە سەر گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسا و، هەروەها ڕێکارە یاساییەکانی ئەم گرێبەستانەو شێوازو چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ ئامادەبووان باسکرد. دواتر، ڕێگاکانی ئەم گرێبەستە نەوتییانەی بە گوێرەی چەندین بەندی یاسایی ئاماژە پێدا و، بۆ ئەمەش وتی، کەوا هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی واژۆكردووە، بە نموونەی کۆمپانیای " دانا غاز". بەمەش چەندین بەند و بڕگەی یاسایی بۆ ئامادەبووان شیکردنەوە، کە ئایا ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کەوا هەرێمی کوردستان واژۆی كردوون، کامە لە بەند و بڕگە یاساییهكانیان، لە بەرژەوەندی هەرێمن و کامەیان لە بەرژەوەندی هەرێم نین.
لە بەشێکی تری وۆركشۆپەکەدا، "م.ی.هیمداد فیصل" لایەنه داراییەکانی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی خسته بهر لێكدانهوه و، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێزیان باسی لە چەند ڕێگایەك کرد، کە لەو گرێبەستە نەوتییانە شایستە داراییەکان بەدەست دێنین. بۆ ئەمەش ئاماژەی بە شەش ڕێگا دا، لەمانەش بە ڕێگای " تەندەر، شیرینی گرێبەستە نەوتییەکان، چریبە، موڵکانە، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، تەئمینات، هێزی کار"، کە بە وردی هەریەکە لەم ڕێگایانەی بۆ ئامادەبووان شیكردنهوه، كه بە چ شێوەو ڕێگایەك هەرێمی کوردستان دەتوانێ لایەنە داراییەکان بەدەستبێنێ. ئهمهشی به داتا بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
لە کۆتایی وۆركشۆپەکەشدا، "م.ی.محسن شریف" باسی لە میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە گرێبەستە نەوت و گازییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. بۆ ئەمەش بەڕێزیان ئاماژەی دا بە چەند جۆرێكی ئەو ناکۆکییانە، لەمانە " ناکۆکییەکانی دەوڵەت بەرامبەر دەوڵەت، کۆمپانیا بەرامبەر دەوڵەت، کۆمپانیا بەرامبەر کۆمپانیا، تاکەکان بەرامبەر کۆمپانیا ". دواتر بەڕێزیان باسی لە گرنگترین ئەو ڕێگایانە کرد، کە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە گرێبەستە نەوت و گازییەکان، لەمانەش بە ڕێگای بەندەکانی ئەو گرێبەستانە و، هەروەها دۆزینەوەی ڕێگای بەدیل یا دادگا. لە کۆتاییشدا، تیشکی خستەسهر میکانیزم و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە بە پێی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.