Kakebra

چەند هەنگاوێک بۆ گرنگیدان بە لایەنی دەروونی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

چاپکردن

 

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هەر ترس و فشارێکی زۆر و زیاد لە پێوسیت کاریگەری لەسەر دەروون و جەستەمان دەبێت. ئەم کاریگەرییە هەندێکجار سیستەمی بەرگریمان لاواز دەکات و وامان لێدەکات ببین بە نێچیرێکی باشی نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان. لەم چەند خاڵەدا هەوڵدەدەین باسی چەند هەنگاوێک بکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێ و فشارەی کە ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە تووشمان بووە:

١ – دڵەڕاوکێ بارێکی ئاساییە و هەمووان لەم کاتەدا دووچاری دەبین، بەڵام مەهێڵە ئەم دڵەڕاوکێیە هەموو کایەکانی ژیانت داگیر بکات. گرنگە لەم کاتانەدا چەند هەنگاوێک بگریتە بەر، لەوانە قسە لەگەڵ هاوڕێ و خزم و کەس و کارەکانت لە رێگای تەلەفۆن و سۆشیاڵ میدیاوە بکە.

٢ –باوەڕ بابەتێکی گرنگە لە دەروونناسیدا، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە. بۆ نموونە باوەڕ بوون بە خودا زۆر گرنگە. لە ڕووی دەرونییەوە پەیوەندیەکی پۆزەتیڤ هەیە لە نێوان باوەڕ بەخودا بوون و تەندرووستی دەروونی. بۆیە لەم کاتەدا گرنگە پەیوەندیت لەگەڵ خودای خۆت توند و تۆڵتر بکەیت و باوەڕت بەوە هەبێت کە خودایەک هەیە تۆی خۆشدەوێت، ئەم باوەڕبوونە لە ڕووی دەروونییەوە ئارامت دەکاتەوە.

٣- هەوڵبدە سەرچاوەی وەرگرتنی هەواڵەکانت پەیجە لاوەکییەکان نەبێت، Unlike  و Unfollow یان بکە، چونکە هەندێک لەم پەیجانە لەلایەن خەڵکی نا پرۆفیشناڵەوە بەڕێوەدەبرێن و هەواڵ و ڕێنماییەکانیان هەڵەن و فشاری زیاترت لەسەر درووستدەکەن. بۆیە گرنگە تەنها پشت بە سەرچاوە زانستی و فەرمییەکان لەوانە وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێم ببەستیت.

٤- گرنگە لە ماڵەوە بمێنیتەوە، ئەگەر بێزار بووی بچۆ حەوشە یان سەربان، یان ماوەیەک خۆت بدە بەر تیشکی خۆر، گەر ئارەزووی سەیران و گەشت دەکەی دەتوانیت هەمان جەو لە سەربان و حەوشەکەی خۆتدا درووست بکەی.

٥- هەوڵ بدە سەیری فیلمی کۆمیدی بکەی، گرنگە لەگەڵ خیزانەکەت بەیەکەوە تەماشای ئەم  فیلمانە بکەن. لەوە دەچێت دەمێک بێت وەکو جاران تەماشای تەلەفیزیۆنت لەگەڵ خێزانەکەت نەکردبێت، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووبارە لێکنزیکبوونەوەی خێزان و دواجار لەبیرکردنی پاڵەپەستۆ دەروونییەکان.

٦- هەوڵبدە وەرزش بکە، ئەگەر لە ژوورەوە بێت یاخود حەوشە و سەربان، تەنانەت ئەگەر وەرزشێکی کەم یان پیاسەکردنیش بێت.

٧- هەوڵبدە خشتەی نووستنت دیار بکەی، کە لە ٨ کاتژمێر کەمتر نەبێت و لە ١٢ کاتژمێر زیاتر نەبێت.

٨- بۆ ئەو کەسانەی خوێندەوارن، گرنگە لەم کاتەدا، کتێبی شیعر، ڕۆمان بخوێننەوە، وێنە بکێشە یاخود پەرە بە بەهرەکانت بدە.

٩- بۆ کەسانی باوەڕدار گرنگە کتێبە پیرۆزەکان بخوێننەوە یاخود گوێیان لێ بگرن.

١٠- تەکنیکی خۆ خاوکردنەوە یاخود یۆگا بەکار بهێنە، دەتوانیت لە YOUTUBE سەیری چەند تەکنیکێک بکەی لەوانە (BODY SCAN) ئەم تەکینیکە (١٥) خولەکی پێویستە و یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانت.

١١- خۆت دوورخەرەوە لە جگەرەکێشانی زۆر، هەروەها خۆ سەرخۆشکردن، چونکە ئەمانە لە قەیرانە دەرونییەکان ڕزگارت ناکەن و کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر جەستەت درووستدەکەن.

زۆربەی ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە باسکراون جەخت لەسەر لایەنی دەرونی دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا گرنگە کە گرنگی بە خواردنی تەندرووست و گەرم  و نوێ بدرێت و خۆت لە خواردنی سارد و دەرەوە و خواردنی لە قتو نراو دوور بخەیتەوە، هەروەها گرنگی بە پاک و خاوێنی و شوشتنی دەستەکانت بە سابون و پاشان وشککردنەوەیان بە کلینس، بدەی.

سەرجەم ئەو خالانەی باس کران، ئەگەر بێت و جێبەجێبکرێن ئەوا یارمەتیدەر دەبن بۆ زیادکردنی سیستەمی بەرگری لەشت. هەندێک لە خاڵەکان یارمەتیدەرن بۆ ڕژاندنی هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی و کەمکردنەوەی فشارەکان.

بە هیوای دەروون و جەستەیەکی تەندرووست بۆ هەموو لایەک.

کاروان کاکەبرا کاکەمەد

مامۆستا لە بەشی دەروونزانی