Dr.muhammad

کۆڕۆنا لە نێوان کەشتییەکەی (Diamond Princess) و هەرێمی کوردستان

چاپکردن

 

ئەگەر بەراوردی ئەو داتا فەرمییانەی تووشبووانی فایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩) لە وڵاتان بکەین، دەبینین ڕێژەی مردووان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت. لە هەندێک وڵات بۆ نموونە لە ئەڵمانیا ڕێژەی مردن تەنها (٠،٨٪) و لە وڵاتێکی تر وەکو ئیتاڵیا دەگاتە (٩،٨٪). فاکتەری جۆراوجۆر هەن بۆ ئەو ناڕێکییە لە ڕێژەی مردووان لە تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە.

یەکێک لەو فاکتەرانە، بریتییە لە جیاوازیی وڵاتان لە گرووپەکانی تەمەن، کە بەپێی توێژینەوەکان ڕێژەی مردن زیاترە لەو تووشبووانەی کە تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە و نەخۆشی درێژخایەن و جۆراوجۆریان هەیە، بۆیە ئەم ڕێژەیەی مردن لە ئیتاڵیا زۆر بەرزە. فاکتەرێکی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی تووشبووان لە هەندێک وڵات هێشتا لە بەرزبوونەوەدایە و نەگەیشتۆتە ئەو ژمارەیەی کە داتای مردووان بەتەواوی هەژمار بکرێت. فاکتەرێکی تر بۆ ئەو ناڕێکییە، بریتییە لە کەمیی ژمارەی پشکنینەکان کە دەکرێت، بە واتایەکی تر ڕەنگە حاڵەتی تووشبوون زۆر زیاتر بێت لەوەی کە لە وڵاتان ڕاگەیاندراوە، بەڵام تاکو ئێستا نەزانرابێت خەڵکی تر هەن کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە نەبوونی کەرەستە و ژمارەی ئامێری پێویست بۆ پشکنین و خراپیی سیستەمی تەندروستی و نەبوونی وشیاریی کۆمەڵگا بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکانی حکوومەت بۆ پشکنین و خراپیی پلانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە. فاکتەرێکی گرنکتر بۆ ئەو ناڕێکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە، هیچ نیشانەیەکیان نییە و لەهەمانکاتدا هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەن بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت. ڕەنگە ئەم هۆکارە وابکات کە ئامارەکان لە زۆربەی وڵاتان ڕاست و دروست نەبن.

بۆ ئەوەی زیاتر لەم پەتایە بگەین، لە هەواڵێکی سایتی دامەزراوەی (Nature) کە ئاماژە بە داتاکانی چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەکات دەربارەی تووشبووانی کەشتیەکەی (Diamond Princess). بەپێی ئەو داتایانە؛ ئەو کەشتییە ٣٧١١ کەسی هەڵگرتبوو، هەڵگری گرووپەکانی تەمەنی جۆراوجۆری تێدا بوو، هەر لە منداڵ تاکو تەمەنی ٨٩ ساڵی، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە سەرووی ٧٠ ساڵی بوون لە ناو کەشتییەکە، بریتی بوو لە (٣٣٪). ئەم کەشتییە بۆ ماوەیەکی درێژ کەرەنتین کراو و پشکنین بۆ هەموو ئەو کەسانە کران کە لەناو ئەو کەشتییە دابوون. کەیسی ئەو کەشتییە، دەرفەتێکی باشی بەخشییە توێژەران بۆ ئەوەی بە باشی لەم پەتایە تێبگەن لە ڕووی ڕادەی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و رێژەی چاکبوونەوە و مردنی تووشبووان بەم پەتایە. داتاکانی ئەم کەشتییە وەکو تاقیکردنەوەیەکی نموونەیی لەسەر گروپێکی داخراو لە دانیشتوان پیشان دەدات. بەپێی داتاکان، لە کۆی ٣٧١١ کەس، ٧١٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید ١٩) بوون و تەنها ١٠ کەس مردوون، واتە ڕێژەی مردن (١،٤٪)ه. بۆ ئەوەی داتاکان زیاتر پەیوەندیدار بێت بە داتا فەرمییەکانی وڵاتان و پەیوەستکردنیان بە ژمارەیەکی زیاتر لە دانیشتوانی وڵاتان، گرووپێک لە توێژەران چەند فاکتەرێکی ئاسایی کارییان لەسەر ژمارەی تووشبووان و ڕێژەی مردن و چاکبوونەوەی وڵاتی چین ئەنجام دا. لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە، دەرکەوت کە ڕێژەی مردووان بە پەتای کۆڕۆنا بریتیە لە (١،١٪). ئەو ڕێژەی مردنە زۆر کەمترە لەو ڕێژەیەی کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی خەملێندرابوو، کە (٣،٨٪) ە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تەنها بە دابەشکردنی ژمارەی گشتیی مردووان بەسەر ژمارەی گشتیی تووشبووان ئەو ئەنجامەی دەرهێناوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو کەسانەی کە تاکو ئێستاش پشکنینیان بۆ نەکراوە.

پشت بەستن بەو توێژینەوەیە کە ڕێژەی مردن تەنها (١.١٪)ە، ئەگەر بەراوردیان بکەین لەگەڵ دوایین داتاکانی هەرێمی کوردستان، دەکرێت چەند شتێکمان بۆ ڕوون بێتەوە. لەم بەراوردکارییە، دەکرێت ڕێژەی مردن وەربگرین بۆ زانینی ڕێژەی ڕاستی تووشبوانی هەرێمی کوردستان، چونکە لەوانەیە داتای تووشبووان بەو پەتایە ڕاست و دروست نەبن لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، هەروەها داتای مردووانی هەرێمی کوردستان زانراوە و پەسەندکراوە. لەدوایین ئاماردا (تاکو ٢٩/٣/٢٠٢٠ کاتژمێر ٣ی بەیانی)، کۆی گشتی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، ١٢٥ کەسن و لەنێویاندا ٥٣ حاڵەتی چاکبوونەوە و ٢ حاڵەتی مردن هەیە. ئەگەر تەنها ئەو دوو حاڵەتەی مردن ڕاست و دروست بن و زیاتر نەبێت، بەپێی لێکدانەوەیەکی ماتماتیکی چەند کەیسێکی تری تووشبووان لە هەرێمی کوردستان هەن کە نزیکەی ٥٦ تووشبووی دیکەن. ئەو تووشبووانە تاکو ئێستا یان نەدۆزراونەتەوە یاخود پشکنینیان بۆ نەکراوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایە، پێویستە ژمارەی پشکنینەکان بۆ گومانلێکراوانی ئەو پەتایە زیادبکرێن و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە کەرەنتین و پشکنینی کەرەنتینکراوان و بەردەوامیی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕێکارەکانی خۆپاراستن بۆ کاتێکی زیاتر.



سەرچاوەکان:

https://www.worldometers.info/coronavirus
https://www.nature.com/articles/d41586-020-00885-w
https://gov.krd/coronavirus/situation-update
https://www.medrxiv.org/content/10.1101/2020.03.05.20031773v2

 د. محەمەد عەلی حسێن

مامۆستا لە زانکۆی سۆران