ئایا كۆتاییه‌ك بۆ حه‌زی مرۆڤ هه‌یه؟ ئایا سه‌ختییه‌كان ده‌توانن چۆك به مرۆڤ دابده‌ن و ده‌سته‌وه‌ستانی بكه‌ن؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارنه په‌یوه‌سته به ئامانجی مرۆڤه‌وه. مرۆڤ چ ئامانجێكی هه‌بێ، حه‌زه‌كانی ده‌ستنیشانده‌كه‌ن و، چه‌نده‌ش پێ‌داگر بێ له‌سه‌ر ئامانج و حه‌زه‌كانی، ئه‌وه‌نده له به‌رامبه‌ر سه‌ختییه‌كاندا، به‌هێزتر ده‌رده‌كه‌وێ.
له ماوه‌ی رابردوودا، به‌هۆی بڵاوبووتهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داخرانی زانكۆ و فه‌رمانگه‌كان و به جۆرێك له جۆره‌كان وه‌ستانی ژیان، ئه‌ندازیار "نزار شاكر" یاریده‌ده‌ری راگری فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری، به شێوه‌ی ئۆنلاین به‌شداری چه‌ندین خولی ئۆنلاین و ده‌كات و چه‌ند بڕوانامه‌یه‌ك به‌ده‌ستدێنێ.
له وتووێژێكی كورت له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی زانكۆ، "مامۆستا نزار" مان دواند و، به‌مشێوه‌یه، وه‌ڵامی داینه‌وه.
مامۆستا نزار له‌سه‌ره‌تادا گوتی، ره‌نگه زۆربه‌مان ئه‌م ماوه‌یه‌ی مانه‌وه‌مان له ماڵ، وه‌كو ده‌رفه‌تی حه‌سانه‌وه و پشوو وه‌رگرتبێ، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ستمكرد كه پشوو ره‌نگه بریتی نه‌بێت له حه‌سانه‌وه، به‌ڵكو ره‌نگه حه‌سانه‌وه‌ی مرۆڤ بریتی بێ له به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتێك و وه‌دواكه‌وتنی ئه‌و حه‌زانه‌ی، كه سه‌ختییه‌كان و رۆتێنهكانی ژیان و بواری پسپۆڕییهكانمان، نهیانهێشتبێ به‌دوایان بكه‌وین.
پاشان دریژه‌ی دایێ و گوتی، من له سه‌ره‌تادا یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كه حه‌زم لێ‌بوو بیخوێنم ئه‌ندازیاری شارستانی بوو، به‌ڵام دواتر له بواری ئه‌ندازیاری كاره‌با وزه‌ی خۆر(كه ئه‌ویش هه‌ر حه‌زی خۆم بوو) توانیم درێژه به خویندن بده‌م. ئیتر ئه‌و حه‌زی ئهندازیارییهم هه‌ر له دڵدا مابووه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی كارووباری زانستی بواره‌كه‌ی خۆم و مهشغوڵییهت به كاره‌كانی زانكۆوه، نه‌متوانی به‌وشێوه‌ی كه پێویسته وه‌دوای بكه‌وم. تا ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ڤایرۆسی كۆرۆنایه هاته پێش و ژیان به‌جۆرێك له جۆره‌كان وه‌ستا، ئیتر بریارم دا بجوڵێم و سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرم.
ئه‌ندازیار نزار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و حه‌زه‌ی، چه‌ند كۆرسێكی ئۆنلاین ده‌كڕێت و دواتر به‌شدارییان تێدا ده‌كات. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: دوای ئه‌وه‌ی كۆرسه‌كانم كڕین، ئه‌گه‌رچی ده‌متوانی له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واویان بكه‌م، به‌ڵام من رۆژانه یه‌ك كاتژمێرم بۆ دانابوون و، كاتی دیكه‌م ته‌رخان ده‌كرد بۆ كاركردنی زیاتر له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌گه‌ڵیان رابێم. تا ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌نجام توانیم چوار بڕوانامه به‌ده‌ستبێنێ. ئه‌مه جگه له چه‌ند كۆرسێكی دیكه‌ی فری له بواره‌كه‌ی خۆم و چه‌ندی تریش.
project management la solar energy u structural design, concrete reinforcement design. دیاره وه‌ك باسیشی كرد، پێشتر هه‌ندێ كۆرسی ئۆنلاینی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زۆرتر له‌سه‌ر فیربوونی هه‌ندێك سوفتوێر، كاری كردووه.
له كۆتاییدا ئه‌ندازیار نزار گوتی، به‌ڕاستی شێوازی ئۆنلاین یه‌كێكه له‌و بوارانه‌ی كه ده‌توانین به باشترین شێوه سوودی لێوه‌رگرین، چونكه دنیایه‌كی به‌رفراوانمان له به‌رده‌مدا ده‌كاته‌وه، كه من بۆخۆم سوودێكی یه‌كجار زۆرم لێوه‌رگرتن و تینوێتی حهزهكهمیان بۆ ئه‌ندازیاری شارستانی تا راده‌یه‌ك شكاند، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه سوودێكی زۆریشم له كۆرسه‌كانی په‌یوه‌ست به پسپۆڕییه‌كه‌ی خۆم وه‌رگرت.
پێویسته بگوترێ كه ئه‌ندازیار "نزار شاكر پیرۆ"، له ساڵی ٢٠١٤ له زانكۆی نیوكاسڵ له به‌ریتانیا، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له ئه‌ندازیاری كاره‌با ـ وزه‌ی خۆر(Solar Energy)، وه‌رگرتووه.