65236217 578010723017491 4495995048470511616 N

شه‌هلا عه‌بدوڵا: جێنده‌ر ده‌ست بۆ شێواندنی سرووشتی هیچكام له‌ ژن و پیاو نابا، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ ئه‌و نایه‌كسانی و ناداده‌په‌روه‌رییه‌ی كه‌ به‌ هۆی جیاكاری ره‌گه‌زی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ لا ببات.

 

ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، له‌ ناو كایه‌ی رۆشنبیری، كولتووری و ئه‌كادیمی كوردیدا، گفتوگۆیه‌كی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێنابێ و كۆمه‌ڵگه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبێ،  بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌ جێنده‌ر و پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان بێ. ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگوترێ له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی جاره‌كان گفتوگۆكان ره‌هه‌ندێكی ئه‌كادیمی به‌خۆیانه‌وه‌ ناگرن و به‌وشێوه‌ی كه‌ پێویسته‌ بابه‌ته‌كه‌ نه‌ك روون ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ بۆ خراپ لێكگه‌یشتنیش.

له‌ چاوپێكه‌وتنیكدا له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران "م. شه‌هلا عه‌بدولا" پسپۆڕی بواری جێنده‌ر و پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌رێوه‌بردن، تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و بابه‌ته‌.

به‌ سه‌رنجدان له‌ ئه‌زموونی خۆت وه‌كو چالاكێكی ئه‌وبواره‌ و وانه‌گوتنه‌وه‌ت له‌ زانكۆ، پێتوایه‌ تا چه‌نده‌ تێگه‌یشتن له‌ جێنده‌ر، زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌ له‌ بونیاده‌ كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌؟

بابه‌تی جێندەر لەناو کولتوورو کۆمەڵگەی کوردیدا نوێیەیە، بۆیه‌ باسکردن و کارکردن لەسەری شتێکی ئەوتۆ ئاسان نییە. بەتایبەت کاتێک دەبینیت کولتوری پیاوسالاری لەگشت سێکتەرەکانەوە رەگی داکوتاوە و بووەتە حەقیقەتێکی چەسپاو و باوەڕپێکراو. خەڵک بەگشتی وا لە جێندەر گەیشتووە، کە بریتیبێت لە یەکسانکردنی ژن و پیاو لە گشت ڕووەکانیەوە. بەمانایەکی تر جێندەر وا لە بیروتێڕوانینیان چەسپاوە، کە دەیەوێت ژن بکات بە پیاو و پیاویش بکات بەژن و مرۆڤ لە سروشتی خۆی دابماڵێت. وا لە بیروهۆشی تاکەکانی کۆمەڵگە گەیەندراوە، کە هەندێک بیرکردنەوە و ئاکار هەن ڕەنگ و دەنگی ژنانەیەو هەندێکی تریش پیاوانەن، کە ناکرێت دەستیان بۆ ببردرێت و گۆڕینیان بەمانای لەکەداری ئەرکی ڕەگەز و لە سروشت لادانیەتی، بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەی سەرەکی و سەرەتای ئاکاروکرداری مرۆڤ، دوور لە دەستتێوەردان و کاریگەری سیستەمی پیاوسالاریەت.

جێندەر تێکشکاندنی نۆڕمی پیاوسالاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای رەگەز. ناهێت دەست بۆ بە ژنکردنی پیاو ببات، داشۆرینی پیاو لەرەفتاری پیاوانە نییە. بەڵکو دەیەوێت ئەو نادادپەروەری و نایەکسانییانەی بەهۆی جیاکاری رەگەزییەوە، کە دوورن لە بنەمای مرۆڤایەتی، بنبڕ بکات. هه‌روه‌ها دەیەوێت رێزو بەها بۆ تاک بگەڕێنێتەوە و سوود لە تواناو بەهرەی هەردوو رەگەز وەربگیردرێت. جێندەر خوڵقاندنی دۆخێکی دادپەروەرو یەکسانە، بەگەڕخستنی ئەزموونی ژنانەشە لەپاڵ پیاوان. هەروەها گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکان و نەهێشتنی جیاکارییەکانە کە بەهۆی رەگەزەوە، بە تایبەت بەرۆکی ژنیان گرتووە. جێندەر ئەوەمان پێدەڵێت ئەو رەگەزەی تۆ بە کەم ئەقڵ و بێتواناو بێسوود دەیبینیت، بە کارکردن لەسەر پێگەیاندنی و پێدانی هەلی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ خۆپێگەیاندن، دەتوانێت زۆر باشتربێت و زیاتر بەرەوپێش بچێت لەوەی کە دەیبینیت.  

راده‌ی وه‌رگرتنی قوتابییان و مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌(جێنده‌ر)، به‌ سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی كولتووری ترادیشناڵه‌وه‌ هاتوون، چۆن لێكده‌ده‌یه‌وه‌؟

بەپێی ئەو ئەزموونەی لەماوەی وانەوتنەوەم لە زانکۆ لەبارەی وانەی سایکۆلۆژیای جێندەرەوە هەمبوو، لە سەرەتادا، ڕادەی وەرگرتن و قبوڵكردنی لای زۆربەی قوتابییەکان کارێکی کەمێک ئەستەم و ئاڵۆز بوو، تەنانەت توشی بەرهەڵستی و رەتکردنەوە دەبووم. ئەمەش شتێکی لای من چاوەڕوانکراوە، جا چ بەهۆی ئەو پەروەردەیەوە بێت کە لێیەوە هاتوون، مەبەستم بوونی کلتووری پیاوسالاری و رەگەزپەرستیە، یانیش بەهۆی ئەو هەڵە تێگەیشتنەوە بێت كه‌  لە کۆمەڵگە و چالاكانی بوارەکەوه‌ سەرچاوەی گرتووە. بەڵام من زانیومە کە گرێ کوێرەکە لە کوێدایەو چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەم، تا بە باشترین شێوە مانا راستەقینەکەیان تێبگەیەنم و بۆیان شیبکەمەوە کە حەقیقەتی بابەتەکە ئەوە نییە کە پێیان گوتراوە. بۆیە قوتابی هەبووە لەسەرەتای دەستپێکی کۆرس گوتوویەتی مامۆستا تۆ ئەتەوێ بەڕەلایی درووستبکەی و ژن بکەیت بە پیاو و لە ژنیەتی خۆی داببڕیت. بەڵام بە تێپەربوونی وانەکان و شیکردنەوەی بابەتەکان لە کۆتایی هەمان کۆرس، هاتۆتە لام و گوتوویەتی مامۆستا من سوپاست دەکەم و، ئێستا دەزانم جێندەر چییەو بۆچی هاتووە و، تێڕوانینی منیشی لە بەرامبەر ماف و توانای ژنان گۆڕیوە.

چۆن ده‌ڕوانییه‌ جۆری مامه‌ڵه‌ی زانكۆی سۆران له‌گه‌ڵ پرسه‌ جێنده‌رییه‌كان؟ چ وه‌كو دامه‌زراوه‌، چ وه‌كو قوتابیی و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران؟

ئەوەی مایەی خۆشحاڵی من بوو، خوێندنی بابەتی سایکۆلۆژیای جێندەر لە بەشی دەرونزانی، دەرەنجامێکی زۆر باشی هەبووە و، بووه‌تە هۆی گۆڕینی روئیا هەڵە و نامرۆییه‌كان و کاڵکردنەوەی دەمارگیری رەگەزی و پیاوزاڵی و خودپەسەندی رەگەزی. هەندێک لە قوتابییەکان پێیان راگەیاندووم، کە لە ماوەی خوێندنی وانەکان، لەگەڵ ژنەکەی و لەگەڵ خوشکەکەی، لە رووی هەڵسوکەت و تێروانینی بۆ رەگەزیان، باش بووە. چونکە پێشووتر پێی وابووە کە کەم ئەقڵن و شایانی ئه‌وه‌ نین، بڕیار لەسەر خۆیان بدەن و توانای خۆپارێزییان نییه‌. هەرچەندە تۆ ناتوانی تێکرا هەموو کۆمەڵگە بەیەک هەنگاو بگۆڕیت. تاکی واش هەیە و بگرە رێژەشی زۆرە کە لێکدانەوەیەکی زانستی و ئەکادیمییانەی نییە بۆ بابەتەکەو پێی وایە کەموکورتی لە ئاکاری کەسێکدا هەیە، کە دەست بۆ بابەتی جێندەر دەبات، بە تایبەت فێمینیستی. وەک چالاكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مامۆستایه‌كی ئەکادیمی ئەم بوارە، زۆربەی کات توشی تانەوتەشەرو قسەی نابەجێ و کرداری ناڕەواش بوومەتەوە، بەهۆی ئەوەی دەستم داوەتە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ بەتایبەت مافی ژنان. دەکرێت ئەوەش بڵێم نەوەک تەنها لەسەر ئاستی قوتابییان بگرە لەسەر ئاستی مامۆستاو فەرمانبەرانیش، هەمان ئەو تێڕوانینە کۆنە چەقبەستووە هەیە، کە کاتێک باسی بابەتێکی جێندەری و فێمینیستی دەکەی و بە بەڵگە شتەکان پشتڕاست دەکەیەوە و دەتەوێ  بە هاوسەنگی ژنان رابگریت، ئەوا گاڵتەیان پێتدێت و تەنانەت بە ئاماژە پیاوسالارییەکانیانەوە بەردێک لەسەر بابەتەكه‌ دادەنێن، یانیش توندڕەوانەو تاکلایەنانە گفتووگۆ دەکەن.

لەهەمبەر جێندەر، چاوه‌ڕوانیەکی گەورەترم لە ستافی مامۆستایان و زانکۆ دەکرد. بەڵام ئەمە راستیەکی تاڵە و بەداخەوە بەراورد بەو کەسانەی باوەڕیان بە بابەتی جێندەر هەیەو خوێندنەوەیان بۆی هەیە،  بەدەمه‌وەچوون و کاکردن لەسەر یەکسانی رەگەزی، کەمە. خودی زانکۆ باوەری بەم کەیسەیەو کاری لەسەر کردووە. هەروەک ئەوەی ئیمە ئێستا لە زانکۆ کارمان لەسەر کاراکردنەوەو چاڵاكکردنی سەنتەری جێندەرکردووە. بەڵام پێویستمان بە ستافێکە کە لێهاتوو بن و لەئاستی متمانەی تێگەیشتن  له‌ بابەتەکە بن. هەروەها نەبوونی بودجەی سەربەخۆ رێگریەکی ترە لەبەردەم کارەکانمان.

پێتان وایه‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له‌ جێنده‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، چین؟

زۆر هۆکار کاریگەرن لەسەر هەڵە تێگەیشتن لە جێندەر. ئەگەر کورتی بکەینەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە، گەیاندنی بابەتەکە بە هەڵە لەلایەن خودی چالاكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چ لەسەر ئاستی تاک و چ رێکخراو. هەروەها رەگداکوتانی سیستەمی پیاوسالاری و شەرعیەتدان بە کردەوە نایەکسان و نادادپەروەرانه‌کان بە پاساوی یاسای سروشت و پارێزگاریکردن لە خودی ژن و واقیعیەتی پێویستی سەردەمی کۆمەڵگەکەمان. هەروەها کەموکورتی لە پلان و کارنامەی حکومەت لەهەمبەر پرسی جیندەری. ئەوەی کە دەشکرێت زۆربەی جار دەرەنجامەکەی تەنها لە سنووری چالاکییەکە تێناپەرێت و ستراتیژێکی کورتمەوداو کەمدەستکەوتە و مەسەلەکە بە جدی نەکراوەتە زەرووره‌تێکی بنەرەتی. وا باشترە زانکۆ لە زۆربەی پسپۆڕییەکان، نەک تەنها بوارە مرۆییه‌كان، بەڵکو بوارە زانستیەکانیش، کۆرسێک یان وانەیەک دابنێت بۆ بابەتی جێندەر و لەلایەن کەسانی شارەزاو پسپۆڕ وانەکە بگوترێتەوە و بەشێوەیەکی تێروتەسەل بە قوتابییەکانی بگەیەنن، چونکە قوتابییەکان بناغەو داینەمۆی گۆڕانکارین لە کۆمەڵگەدا. دەستبردن بۆ نه‌هێشتنی بنه‌ماكانی پیاوسالاریەت، لە رێگەی قوتابییەکانەوە، زۆرترو زووتر جێگای خۆی دەگرێت. هەروەها زانکۆش دەبێت چالاکییەکانی لەسەر بابەتی جێندەر زیاتر بکات، بەتایبەت چالاکییەکان له‌ پێناوی سوودگه‌یاندن و كاریگه‌ری ئه‌نجامبدات، نه‌ك له‌ پێناوی چالاكی و ناوده‌ركردن.

پرۆفایل: شه‌هلا ساڵح عه‌بدوڵا ساڵی ٢٠١٦ ماسته‌ری له‌ فیمینیزمی سیاسی له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین به‌ده‌ستهێناوه‌و، جگه‌ له‌وه‌ی چالاكێكی بواری مافه‌كانی ئافره‌ته‌‌، مامۆستایه‌ فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌رێوه‌بردنه‌ له‌ زانكۆ سۆران و سایكۆلۆژیای جێنده‌ر ده‌ڵێته‌وه‌.