بەڕێوەچوونی سیمپۆزیەمێکی نێودەوڵەتی لە فاكه‌ڵتیی په‌روه‌رده‌

Sli

 

‎ڕۆژی یەکشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٦/٤/٢٠٢٠ کاتژمێر٨:٣٠ ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی بەڕێزا "د. شێرزاد سەعید" ڕاگری فاکەڵتیی پەروەردە و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایان ‌و قوتابییانی فاکەڵتیی پەروەردە و زانکۆی سۆران، سیمپۆزیەمێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (جوگرافیای کوردستان لە دیدی ولاتناسان (بوڵدانییەکان)دا) لە لایەن بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی فاکەڵتیی، بە شێوازی ئۆنڵاین ئەنجامدرا.

‎ سیمپۆزیەمەکە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لە ڕێگای پلاتفۆرمی زووم بەڕێوەچوو. لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان ‌و بەشداربووانی سیمپۆزیەمه‌كه‌، لە لایەن بەڕێوەبەری پانێل "م. فرسەت احمد حسێن"، دەرفەت بە پێشکەشکاران درا بابەتەکانیان پێشکەش بکەن. پێشکەشکاران پێکهاتبوون لەم‌ به‌ڕێزانە:

١- پ. ی. د. عوسمان یوسفی- مامۆستا لە زانکۆی مەزاهیبی ئیسلامی - سنە.

٢-  پ. ی. د. ابوبکر دێوانه‌ باڵه‌كی - مامۆستا لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی سۆران.

٣-  د. سەید محمد شێخ ئەحمەدی- ئەندامی دەستەی زانستی کۆمەڵەی مێژووی زانکۆی ئازادی – سنە.

‎ ٤- م. محمد احمد گەڵاڵەیی - مامۆستا لە فاکەڵتیی ئاداب / بەشی مێژوو

جگه‌ له‌ جێبه‌جێکردنی کارێکی زانستی و ئه‌کادیمی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌رکی  ئه‌و به‌شه‌ زانیستییه‌ی له‌ پێناوی دامه‌زراوه‌، ئەنجامدانی ئەم سیمپۆزیەمە هه‌وڵێکی جیدییه‌ بۆ گه‌نگه‌شه‌کردن و خستنه‌ڕووی ئه‌و گاپ و بۆشاییانه‌ی که‌ پێویستییان به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردنه،‌ به‌تایبه‌ت بابه‌تێکی گرنگ و هه‌ستیاری نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک جوگرافیای کوردستان، ئه‌مه‌ش بۆ به‌ زانستیکردنی ئه‌و پرسه‌ و تاوتوێکردنی به‌ شێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌. وێرای پاڵنه‌ر و ئامانج و دیوی شاراوه‌ی وڵاتناسه‌کان له‌ گه‌ڕانیان به‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان، به‌ڵام له‌ بواری جوگرافیای کوردستاندا، زانیاری باش و پڕبایه‌خیان خستۆته‌ڕوو، چونکه‌ خۆیان له‌ شوێنێکه ‌و بۆ شوێنیکی تر گه‌ڕاون و زانیاری ورد و ده‌گمه‌نیان له‌سه‌ر هه‌رێمه‌ کوردنشینه‌کان تۆمارکردووه‌ و چوونه‌ته‌ قوڵایی سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژیانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان.

دواتر بە مەبەستی دەربڕینی دید و پێشنیازەکانیان لە سەر بابەتەکە دەرفەت بە ئامادەبووان درا. دوای گفتوگۆیەکی چڕو ئاڵوگۆڕکردنی کۆمەڵێک زانیاری، لە کۆتاییدا وەڵامی تەواوی پرسیارەکانی ئامادەبووان بەشێوەیەکی پوخت و زانستی درانەوە.