لە وۆركشۆپێکدا کاریگەری پەتای کۆڕۆنا لەسەر گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی یاساو فقهی ئیسلامییەوە باسی لێوەکرا

Sli

 

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، ڕۆژی دووشەممە بەرواری ٤ی٥ی٢٠٢٠ کاتژمێر ٩:٣٠ شەو بە بەشداری بەڕێزان " د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی فاکەڵتی، وۆركشۆپێك کە لە لایەن هەردوو مامۆستای بەشی یاسای فاکەڵتییەوە ئامادەکرابوو، پێشکەشکرا.

"د.شاری خالد معروف" بە ناونیشانی " اثر جائحة‌ کرونا علی الالتزامات التعاقدیة فی العقود الدولیة " و "د. بها‌ءالدین فقی ‌‌‌أحمد" بە ناونیشانی" اثر جائحة کرونا علی الالتزامات التعاقدیة‌ فی الفقه الاسلامی "  باسەکانیان پێشکەشکرد.

سەرەتا "د.شاری" کاریگەری و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆرۆنای لەسەر گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامادەبووان باسکردو ئاماژەی بە چەندین رێککەوتننامە و بەند کرد، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێکەوتنیان لەسەر کراوە. بۆ ئەمە بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کەوا گرێبەستی نێودەوڵەتی سیفەتی نێودەوڵەتی وەردەگرێ لە سروشتی ئەو پەیوەندییەی کە حوکمی دەکات، هەروەها بە گوێرەی ڕێککەوتنامەی لاهای ساڵی ١٩٦٨، فرۆشتنی نێودەوڵەتی پەیوەست نییە بە ڕەگەزنامەی لایەنەکان. پێویستە ناوەندی کارکردنەکان جیاوازبێت، هەروەها بازرگانی نێودەوڵەتی ڕۆڵیکی کاریگەرو کارای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕینەوەی بەردەوامی کاڵاکان و وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان و کارگەکان  هەیە. دواتر بەڕێزیان تیشکی خستەسەر جۆرەکانی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان و بونیادنانی بازرگانی نێودەوڵەتی و چارەنووسی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر کاریگەری " قوەی قاهرە " و ڕێککەوتننامەی ڤیەننای ساڵی ١٩٨٠ تایبەت بە فرۆشتنی نێودەوڵەتی لە ماددەی ٧٩. دەرئەنجام بەڕێزیان ئەوەی وت کەوا کاریگەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێتە هۆی ڕاگرتنی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان و دووبارە دانووستاندن لەسەر درووستکردنی هاوسەنگی ئابوری نێوان لایەنەکان .

لە تەوەری دووەمی وۆركشۆپەکەشدا "د. بها‌ءالدین" کاریگەری " جائحه‌ کورونا " لەسەر گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی فقهی ئیسلامییەوە بۆ ئامادەبووان باسکرد و وتی، لەوەیە کێشەی گەورە بێتە پێش و تەشەنە بکات لە ڕووی گرێبەستەکان. بەڕێزیان " جائحه‌ "ی بەوە پێناسە کرد کە بریتییە لە هاتنەپێشی ناخۆشی و بارگرانی و توندی، کە ببێتە مایەی پەکخستنی ژیان. واتە شتێک، کە ناتوانین لەسەر خۆمانی لابدەین. هەروەها بەڕێزیان جۆرەکان و مەرجەکانی " جائحه‌ " ی بۆ ئامادەبووان ئاماژەپێدا، کە یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە چاوەڕواننەکراو (غیر متوقع) بێ و زەرەر بە کەسەکان و فرۆشیار و مشتەری و گرێبەستەکان بکەوێ. هەروەها بەڕێزیان تیشکی خستەسەر کاریگەری جائحه‌ لەسەر گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆتاییشدا مامۆستایانی بەشداربووی وۆركشۆپەکە بە سەرنج و پرسیارو تێبینییەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد .

راپۆرت: زانا طاهر