یاسای پارێزگاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە وۆرك شۆپێکدا تیشكی خرایه‌سه‌ر

Sli

 

لە درێژەی کاروچالاکییەکانیدا، فاکەڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن، رۆژی یەكشەممە ڕێکەوتی ١٠ی٥ی٢٠٢٠ کاتژمێر ٩:٣٠ شەو لە ڕێگای پڕۆگرامی (zoom) و بە ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان " د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، وۆركشۆپێك لە لایەن هەردوو مامۆستای بەشی یاسای فاکەڵتی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان " د. محمد شهاب و د.سۆران علی " پێشكشه‌كرا، كه‌ به‌ ناونیشانی " یاسای پارێزگاکان لە عێراق وهەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بنەماکانی نا ناوەندی کارگێڕی " بوو.

شایەنی باسکردنە لە وۆرك شۆپەکەدا، کە دوو تەوەری لەخۆ گرتبوو، سەرەتا

"د. محمد شهاب" تیشکی خستەسەر گرینگترین ئەو بەندو یاسایانەی کە بە پێی دەستوور باس لە یاسای پارێزگاکان و سیستەمی لامەرکەزی پارێزگاکان دەکه‌ن. هەروەها ئاماژەی دا بە چۆنیەتی بەکارهێنانی صلاحیاتی چەندین دامودەزگای عێراق، بە گوێرەی چەندین ماددەو بەندی دەستووری لە هەر سێ سیستەمی ئیداری لە سەردەمی ئێستاو لە سەردەمی مەلەکی و لە سەردەمی جمهوری، هەروەها جۆرەکانی لامەرکەزی بە وردی بۆ ئامادەبووان شیكرده‌وه‌.

لە بەشێکی تری وۆرك شۆپەکەدا "د.سۆران علی" یاسای پارێزگاکانی لە چوارچێوەی بنەماکانی " نا ناوەندی کارگێڕی " بۆ ئامادەبووان باسکرد و، وتی، نا ناوەندی کارگێڕی کێشەیەکی کۆن و نوێی فەرمانڕەواییە. نموونە بۆ ئەمەش ئەزمونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە " ١٧٨٧_٢٠١٩ " و ئەزمونی بەلجیکا لە ١٨٣٠ لە دامەزراندنییەوە بە قۆناغبه‌ندی بەخشینی دەسەڵات و، هەروەها ئەزموونی سودان و ئیسپانیاو عێراق. نا ناوەندی کارگێڕی بەوە پێناس کرد، کە دابەشکردنی کاروباری کارگێڕییە لە دەوڵەتدا بەپێی یاسا لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و یەکە کارگێڕییە هەرێمییەکان. دواتر ئاماژەی دا بە بنەماکانی نا ناوندی کارگێڕی، کە ئەوانیش بریتین لە " سەربەخۆیی، چاودێری، بەرژەوەندی ناوچەیی، ئەنجومەنی هەڵبژێردراو". پاشان ناوبراو په‌ڕژایە سەر باسکردنی یاسای پارێزگاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وتی، بە گوێرەی دەستووری بەرکار ٢٠٠٥ ماددە ١١٦، سیستەمی فیدراڵی لە عێراق پێکدێت لە " پایتەخت، هەرێمەکان، پارێزگاکان، بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەکان ". هەروەها باسی له‌ ڕێکخستنی پارێزگاکان لە عێراق و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێم، وەك یەکەیەکی سیاسی فیدراڵی و کارگێڕی نا ناوەندی، كرد.

دوای پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كان، ئاماده‌بووان سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان خستنه‌به‌رچاو، كه‌ له‌ لایه‌ن پێشكه‌شكارانه‌وه‌، به‌ ودری وه‌ڵامدرانه‌وه‌.

ڕاپۆرت: زانا طاهر