بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپێک لە بواری راهێنانی تۆپی پێ

Sli

 

ڕۆژی چوارشەممە ڕێكه‌وتی ١٣/٥/٢٠٢٠ کاتژمێر ٩:٠٠ ی شەو، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌کی بەرچاو له‌ ڕاگره‌كانی پەروەردەی وەرزشی لە زانكۆ‌كانی عێراق و بەرێوه‌به‌ری وەرزشی لە وه‌زاره‌تی وەرزش و لاوانی عێراق و مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی سۆران، به‌شی وه‌رزشی فاكه‌ڵتی پەروەردە، وۆركشۆپێکی به‌ ناونیشانی ( بنەما زانستییەکانی راهێنانی تۆپی پێ بە شێوازی سەردەمیانە)، بەڕێوەبرد، کە لە لایەن بەڕێز " پ. د. یاسین گە " ڕاگری کۆلێژی نور، بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لە ڕێگای پلاتفۆرمی گۆگڵ میت، ئەنجامدرا.

لە سه‌ره‌تادا  باسی کاریگەری وەرزش لەسەر پێکهاتەکانی جەستەی لەشی وەرزشوان کران. دواتر تیشک خرایەسەر ئەو جۆرە وەرزشانەی گرنگن بۆ راهێنانی یاریزانان، هەروەها ئەوەش کە چۆن بتوانرێت سوود لەو جۆرە راهێنانە سەردەمییانە وەربگیرێت و لە ڕووی جێبەجێکردنی راهێنانەکانەوە، شیکاری تەواو کرا. پاشان باس لەو هۆکارانە کرا کە کاریگەرییان لەسەر راهێنان و بەرەوپێشچوونی یاریزانان هەبووە. جگە لەمانە، باس لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو خواردن و خواردنەوانە کرا، کە لە کاتی راهێناندا یاریزان بەکاریان دەهێنێ.

 لە کۆتاییدا لە لایەن ئامادەبووانی وۆرکشۆپەکەوە تاوتۆیی بابەتەکە کراو و چەند پرسیارێک ئاڕاستەی بەڕێزیان کران، کە بە وردی وەڵامدرانەوە.