به‌ڕێوه‌چوونی وۆركشۆپێك سه‌باره‌ت نهێنی ژماره‌كان له‌ بیركاریدا

Sli

 

ڕۆژی شه‌‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٠٢٠/٥/١٦، کاتژمێر ٤:٣٠ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌كی بەرچاو له‌ مامۆستایانی زانکۆی سۆران و زانكۆکانی تری کوردستان، وۆرکشۆپێک له‌ لایەن بەشی بیرکاری فاکەڵتی په‌روه‌رده‌، بە شێوازی ئۆنڵاین ئەنجامدرا.

ئه‌م وۆركشۆپه‌ كه‌ بە ناونیشانی(The secret of numbers) بوو،بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لە ڕێگای پلاتفۆرمی گوگل میت لە لایەن هەر یەک لە بەڕێزان: "د. سعید مولودزاده‌ ، م.ی. ئارام عبدالحكیم ، م. هایده‌ قادری و م. وریا سلطانیان" پێشکەشکرا.

له‌م وۆرکشۆپەکەدا، باس له‌چه‌ند لایه‌نێكی ژماره‌كان كرا. سه‌ره‌تا  باسی زانستی ژماره‌ و‌ مێژووی درووستبوونی ژماره‌كان كرا. دواتر هێما جیاوازه‌كانی ژماره‌ پیشاندران، كه‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه ‌جیاوازه‌كاندا، به‌كارهێنراون. ژماره‌كان نه‌ك تەنیا له‌ زانستی بیركاریدا، به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی ئایینه‌كان و بیروباوه‌ره‌ كۆنه‌كاندا وه‌ك ئاماژە و نیشانه‌ بۆ چه‌ندین بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ردوونی و ئابووری به‌كارهاتوون.‌

له‌به‌شێكی تردا، لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی ژماره‌ نۆ خرانه‌ ڕوو، كه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی ژیان و ئایینه‌ كۆنه‌كان و ئاسمانییه‌كان به‌كارهاتوون . دواتر پەیوه‌ندی و گرنگی هه‌ردوو ژماره‌كانی فیبوناسی و رێژه‌ی ئاڵتونی خرانه‌ به‌رباس و گفتوگۆ، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره‌ ژمارانه‌ زۆر به‌ ئاشكرا له‌ دیارده‌ گه‌ردوونی و رووكییه‌كان و هه‌روه‌ها جه‌سته‌ی مرۆڤ، دیاره‌.